د. ئازا كامەران – زاری كرمانجی:
دامەزراندنی یانەیەكی تایبەت لە یاری شەتڕەنج لە دەڤەری بارزان پێداویستییەكی گرنگە، چونكە ئەم هەوڵە وەك ڕێزێك بۆ ڕابەری سیاسی و سەركردەی نەتەوەیی كورد “مەلا مستەفا بارزانی” دەبینرێت كە ناوی بارزان لە مێژووی كوردا جێگایەكی تایبەت و پڕ لە گەورەیی هەیە، بۆیە ئەم یانەیە دەبێتە نیشانەیەك و سیمبولێك بۆ ڕێزگرتن لە میراتی نەتەوەیی و بەردەوامی شوناسی دەڤەری بارزان و كوردستان.
لە ئێستادا لە بارزان لە ڕووی واقعەوە، ژمارەیەكی زۆر لە لاوانی دەڤەرەكە حەز بەم یارییە دەكەن و بەردەوام لەم سنوورە پاڵەوانیەتی لەم یارییە ئەنجام دەدەن، واتا بە مانای ئەوە دێت ڕۆژ لە دوای ڕۆژ یاریزانی زیاتر ڕوو لەم یارییە دەكات و خولیای لاوان بۆ شەتڕەنج لە هەڵكشانە، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا پێویستە بە تایبەتتر لە بارزان بە شێوەیەكی فەرمی بۆ لەمەبەدوا لاوەكان لە چوارچێوەی یانەیەكی فەرمی لە یاری شەتڕەنج بتوانن بە خزمەتگوزاری باش و ڕاهێنانی پێشكەوتوو بەشداری لە پاڵەوانیەتییەكان بكەن، و ئەم یانەیە بە ئامرازی مۆدێرن و ژینگەیەكی گونجاو دەتوانێت لاوەكانی لە ئاستێكی باڵا بۆ ئەم یارییە ئامادە و پەروەردە بكات.
جگە لەمە دەتوانرێت دەڤەری بارزان وەك شوێنێك بۆ ڕێكخستنی پاڵەوانیەتییەكانی ئاستی كوردستان و عێڕاق و تەنانەت جیهانی لە یاری شەتڕەنج خزمەت بە بواری وەرزشی بكات، كە ئەمەش دەرفەتێكی دیكە دەخاتە ڕوو بۆ ناساندنی زیاتری ناوی بارزان و كوردستان لە ئاستێكی نێودەوڵەتیدا و هاتنی میوان و یاریزانانی جیهانی بۆ ئەم ناوچەیە، بێگومان ڕێكخستنی ئەم جۆرە ئیڤێنت و پاڵەوانیەتییە وەرزشییانە دەتوانێت كاریگەری ئەرێنی لەسەر گەشتیاری و ناساندنی فەرهەنگی كوردستانیان دروست بكات.
لە لایەكی دیكەوە یاری شەتڕەنج لە هەرێمی كوردستان مێژووێكی كۆنی هەیە سەدان ساڵە هاتۆتە نێو كۆمەڵگای كوردییوە، ئەم یارییە بە شێوەیەكی گشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یارییەكی بەناوبانگ و باوە و لە شارستانیەتەكانی ئەم ناوچەیە كاریگەری هەبووە.
ڕوونە لە هەرێمی كوردستان یاری شەتڕەنج لەگەشە سەندنە، ئێستا لە شارەكانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك و سۆران یانە و شوێنی تایبەت بە یاری شەتڕەنج هەن كە پاڵەوانیەتی وەرزشی ڕێكدەخەن و لاوان ڕادەهێنن بۆ ئەم یارییە.
پێویستە باسبكرێت كە شەتڕەنج یارییەكی زۆر گرنگە بۆ پەروەردەی مێشكی لاوان ئەم یارییە توانای بیركردنەوە و پلاندانانی منداڵان و لاوان و هەموو مرۆڤێك چاكتر دەكات و ڕای دەهێنێت چۆن بیر لە چەند هەنگاوی داهاتوو بكەنەوە، هەروەها لە ڕووی زانستییەوە شەتڕەنج یارمەتیدەرە بۆ مرۆڤ لە بابەتەكانی بیركاری و ماتماتیك باشتر بن، و تەركیزكردن و بیرەوەری بەهێز دەكات، جگە لەمەش لە ڕووی كەسایەتییەوە، ئەم یارییە فێری بەرگەگرتن لە بەرامبەر شكست و متمانە بە خۆبوونی لاوان بەهێز دەكات كاتێك لەگەڵ كەسانی دیكە یاری دەكەن و ڕادێن لە ڕێزگرتن و هەڵسوكەوتكردن بە شێوەیەكی تەندروست.
لاوان لە دەڤەری بارزان و سنووری ئیدارەی سۆران دەتوانن سوود لەم یارییە ببینن و كاتی بەتاڵی خۆیان لەم یارییە بەسەرببەن و كەڵكی لێ وەربگرن، هەروەها بارزان ببێت بە قوتابخانەیەك بۆ دروستكردنی یاریزانی بەهرەمەند و لێهاتوو لە داهاتوو بە ناوی دەڤەرەكە بەشداری لە پاڵەوانیەتییە ناوخۆیی و جیهانییەكان بكەن.


































































