زاری كرمانجی – سۆران :
بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەكانی چەند میدیایەكی عێراقی، لە سەردانێكی كورتدا بۆ بەغدای پایتەختی عێراق كە تەنیا نزیكەی 10 سەعاتی خایاندووە، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، چاوی بە ژمارەیەك لە دیارترین سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كەوتووە، بەبێ ئەوەی لەگەڵ سەرۆك وەزیران، محەمەد شیاع سوودانی كۆ ببێتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار كە بۆ ئاژانسی (شەفەق نیوز) قسەیان كردووە، قائانی كۆبوونەوەی جیاجیای لەگەڵ هەریەك لە نووری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، عەممار حەكیم، ڕێبەری ڕەوتی حیكمە، هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح و هومام حەموودی، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق، كردووە.
بە گوێرەی سەرچاوەكان، گفتوگۆكان جەختیان لەسەر پێشهاتەكانی دۆخی هەرێمی كردووەتەوە، لەگەڵ تاوتوێكردنی بارودۆخی سیاسیی عێراق، بەتایبەتی پرسی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو و ڕێڕەوی هاوپەیمانییەكان لەناو چوارچێوەی هەماهەنگییدا.
پێش ئەو سەردانە، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران، لە (28ـى حوزەیرانی 2025) سەردانی بەغدای پایتەختی كرد.

































































