مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕاگەیاند دەسەڵاتدارانی دیمەشق لە هەڵمەتێكی چاوەڕواننەكراودا نزیكەی 200 دادوەریان لە پارێزگا جیاوازەكانی سووریا لە كارەكانیان دوورخستووەتەوە، كە بەشێكی زۆرییان عەلەوین .
ڕوانگەی سووری بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەكەوە ڕاگەیاند “لە دۆسیەی بەشێك لەو دادوەرانەدا نووسراوە عەلەوی، كە ئەوەش ئاماژەیەكی ڕوونە كە هۆكاری تائیفیی لەپشت دوورخستنەوەیانە.”
ڕوانگەكە ئاماژەی بەوەش كردووە “وەك هەوڵێكی حكومەت بۆ خۆدزینەوە لە لێپرسینەوەی نێودەوڵەتی، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو ژمارەیەك دادوەر لە ژێر فشار و هەڕەشەدا ناچاربوون دەستلەكاربكێشنەوە،”
ڕوانگەی سووری لە ڕاگەیاندراوەكەی دا، داوا لە لایەنە نێودەوڵەتییەكان دەكات لێكۆڵینەوە لەو ڕێوشوێنانە بكەن كە بەرامبەر دادوەرەكان گیراوەتەبەر.

































































