زاری كرمانجی-سۆران
بە چاودێری مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ماستەرپلانی گەشتیاری بە شێوەیەكی پێشكەوتوو سەردەمیانە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێبەجێ دەكرێت.
د. فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ڕایگەیاند: دوو ساڵ پێش ئێستا تیمێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و نووسینگەی سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیان كرد بە مەبەستی ئامادەكردنی ماستەرپلانێك بۆ پەرەپێدانی شوێنە گەشتیارییەكانی ناوچەكە. دواتر ماستەر پلانەكە لە ژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی سەرۆكی حكوومەت و لایەن تیمێكی پسپۆڕی نێودەوڵەوتییەوە، بە ستانداردێكی جیهانی و مۆدێرن، ئامادە و دیزاینی بۆ كرا.
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئاشكراشی كرد: لە ڕۆژی 24ـی تەممووزی 2025، لە هاوینەهەواری گەلی عەلی بەگ، وەكوو هەنگاوی یەكەم دەستمان بە جێبەجێكردنی ماستەرپلانەكە كردووە، چەند ڕۆژێكە ئەو شوێنە گەشتیارییە داخراوە و كاری نۆژەنكردنەوەی بۆ دەكرێت، كە یەكێكە لە ناوچە گەشتیارییە سەرنجڕاكێشەكانی هەرێمی كوردستان و وەك ناسنامەیەكە بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
د. فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئاماژەی بەوەشدا: ماوەی ئەو ماستەرپلانەی ئامادە كراوە، نزیكەی پێنج ساڵە و دوای تەواوبوونی كارەكانی نۆژەنكردنەوەی گەلی عەلی بەگ، ناوچە گەشتیارییەكانی بێخاڵ، باڵەكایەتی، سیدەكان، ڕواندز و شوێنەكانی دیكەش نۆژەن دەكرێنەوە، بەشێوازێكی سەردەمیانەو پێشكەوتوو.
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەشڵێت: سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی لە نزیكەوە چاودێریی جێبەجێكردنی ماستەرپلانەكە دەكات، ئەمەش وایكردووە كارەكان خێراتر و باشتر بەڕێوەبچن، هەروەك ئامانجی سەرۆكی حكوومەت ئەوەیە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە قاڵبە لۆكاڵییەكەی بێتە دەرەوە و بچێتە نێو قۆناغێكی پێشكەوتووتر و بتوانێت زیاتر سەرنجی گەشتیارانی بیانی بۆ خۆی ڕابكێشێت.
ئەوەش دەخاتەڕوو: ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كۆڵەكەی ژینگەیی و مێژوویی لەبارەی هەیە، بۆ ئەوەی دوای جێبەجێكردنی ماستەرپلانەكە، ناوچە گەشتیارییەكانی بە نێودەوڵەتی بكرێن و ژمارەیەكی زیاتری گەشتیاران سەردانی بكەن، تەنانەت لە داهاتوودا ببێتە پایتەختی گەشتیاری كوردستانیش كە خەون و ئامانجی سەرەكیی ئێمەیە.
بەگوێرەی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سۆران، ساڵانە سەدان هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەكەن، بە جێبەجێكردنی ماستەرپلانی گەشتیاری ڕێژەی هاتنی گەشتیارانی بیانی و ناوخۆیی بەشێوەیەكی زیاتر ڕوو لە زیادبوون دەكات و هەلی كاریش بۆ چەندان كەس دەڕخسێت.

































































