زاری كرمانجی – سۆران :
ڕێكخراوی ‘هیومان ڕایتس وۆچ’ ڕایگەیاند، هێرشی درۆنی لەلایەن گرووپە میلیشیا لەیاسا دەرچووەكان بۆ سەر پێنج كێڵگەی نەوتی هەرێمی كوردستان و بەبارمتەگرتنی مووچەی مووچەخۆران، زیانی زۆری بە بەرهەمهێنانی وزە و فەرمانبەرانی هەرێم گەیاندووە .
ڕێكخراوی ‘هیومان ڕایتس وۆچ’ ئەمرۆ سێشەممە، 29ـی تەممووزی 2025، ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو ڕایدەگەیەنێت”هێرشی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان، ناكۆكیەكانی نێوان بەغدا و هەولێر درێژتر دەكاتەوە،” دەشڵێت “لە چوارچێوەی ئەم ناكۆكیەدا، بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی ڕاگرتووە، دەبێت دەسەڵاتدارانی فیدراڵی عێراق و هەرێمی كوردستان بەدواداچوون بۆ هێرشە درۆنییەكان بكەن و ڕێگری لە هێرشی زیاتر بكەن بۆ سەر ژێرخانی وزە و دڵنیابن لە پێدانی مووچەی مووچەخۆران بەتەواوی و لە كاتی خۆیدا.”
رێكخراوی ناوبراو لە راگەیاندراوەكەی جەختی لەوە كردووەتەوە كە ڕاگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە، ڕاستەوخۆ كاریگەریی لەسەر دابینكردنی خزمەتگوزارییە گشتییە گرنگەكان هەبووە، لەوانەش چاودێری تەندروستی و پەروەردە.
باسی لەوەش كردووە “هێرشەكانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان مەترسی لەسەر ژێرخانی وزە لە هەرێمی كوردستانی عێراق دروستدەكات و ڕاستەوخۆ كاریگەریی لەسەر كارەبا دەبێت.”































































