محەممەد مەحموود- سۆران:

بەپێی گشتاندنێکی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجەی شەهید، گەرمیان، زاخۆ، ڕاپەڕین، سۆران) و بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی کوردی لە کەرکوک ناردووە تێیدا ئاماژە ، ڕێکارەکانی پێدانی مۆڵەتی بێمووچە بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٥ – ٢٠٢٦) ی مامۆستایان دەکات و تێیدا هاتووە ” ئاماژە بە فەرمانی وەزاری ژمارە (٥١٢٠) لە ٢٠٢٥/٢/١٨ تایبەت بە دەسەڵاتەکانی پێدانی مۆڵەتی بێمووچە بۆ مامۆستایان لە دەسەڵاتی وەزارەتە بەپێی قۆناغ بەندی مامۆستایان لە هەردوو قۆناغی (باخچەی منداڵان و فێرکردنی بنەڕەتی) و (ئامادەیی و پیشەیی و پەیمانگاکان)، بەپێی ئەو خاڵ و ڕێکارانەی ئاماژەی بۆ کراوە.
١- مامۆستا مافی پێشکەش کردنی داواکاری هەیە بۆ مۆڵەتی بێمووچە، لە ڕێکەوتی گشتاندنمان تاوەکو (٢٠٢٥/٨/٢٥) بەپێی فۆرمی ژمارە (١)، بەمەرجێک بەپێی ڕێنماییەکان مافی مۆڵەتی بێمووچەی هەبێت.
٢- بەپێی فۆرمی ژمارە (١) لایەنە پەیوەندیدارەکان دەبێت بە ڕوونی ئاماژە بە ڕای خۆیان بدەن، کە کاریگەری لەسەر میلاک نیە و بەرژەوەندی گشتیی لەبەرچاو بگیرێت.
٣- درێژکردنەوەی مۆڵەتی بێمووچە تەنها ئەو مامۆستایانە دەگرێتەوە کە لە دەرەوەی وڵاتن و لە کاتی مۆڵەتی بێمووچە سەفەریان کردووە، بەو مەرجەی مافی مۆڵەتی بێمووچەیان مابێت، لە ڕێگەی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێم لە دەرەوە داواکاری پێشکەش دەکرێت و لە ڕێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە نێراستەی وەزارەتمان دەکرێت، دوای دلنیابوونەوە لە هەبوونی مافی پێدانی مۆڵەتی بێمووچە بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان لە لایەن وەزارەتەوە کاری پیویست ئەنجام دەدرێت.
٤- دەست لە کار هەڵگرتن لە دوای پێدانی مۆڵەتی بێمووچە دەبێت پیویستە کەمتر لە ماوەی (١٠) ڕۆژدا دەست لە کار هەڵگرتن بگرێت، بە پێچەوانەوە ڕێکاری یاسایی و کارگیری بەرامبەر لایەنی کەمتەرخەم ئەنجام دەدرێت.
٥- مامۆستایانی (ژن و نافرەت) لە دوای مۆڵەتی دایکایەتی و دەست بەکاربوونەوە، دەتوانن لە ماوەی (١٠) ڕۆژدا داواکاری پێشکەش بکەن بەپێی فۆرمی ژمارە (١)، بەمەرجێک بەپێی ڕێنماییە کارپێکراوەکان مافی مۆڵەتی بێمووچەی مابێت.
٦- داواکاری بۆ هەڵوەشانەوە و بڕینی مۆڵەتی بێمووچە بەپێی فۆرمی ژمارە (٢) دەبێت، بە مەرجی پڕکردنەوەی تەواوی خالەکان ڕەچاو بکرێت:- أ- هەڵوەشانەوەی مۆڵەتی بێمووچە لە کاتێکدا دەکرێت کە لە دوای فەرمانی پێدانی مۆڵەتی بێمووچە لە ماوەی (١٠) ڕۆژ کە بۆ دەست لە کار هەڵگرتن دیاریکراوە فۆرمی ژمارە (٢) پڕبکاتەوە. ب- بڕینی مۆڵەتی بێمووچە دوای دەست لە کار هەڵگرتن بەپێی فۆرمی ژمارە (٢) دەبێت بە مەرجێک بەر لە ڕێکەوتی (٢٠٢٥/١٢/٣١) بێت.

































































