مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ماوەی چەند ڕۆژێكە ئاگرێكی گەورە لە بەرزایییەكانی چیای ئاویەر لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كەوتووەتەوە و بە دەییان لە ژینگەپارێزان و خەڵكی ناوچەكە هەوڵی كوژاندنەوەی ئاگرەكە دەدەن، بەڵام تا ئێستا سەرەڕای سووتان و برینداربوونی چەندین هاونیشتمانی و گیان لەدەستدانی سێ ژینگەپارێزی كورد، ئاگرەكە كۆنترۆڵ نەكراوە و بەردەوامی هەیە .
حەمید مورادی ژینگەپارێز، یەكەم قوربانی ئەمساڵی ئاگرە لە ناوچەكە و دوای ئەویش هەر یەك لە چیاكۆ یووسفی نژاد و خەبات ئەمینی، گیانی خۆیان لە پێناو كۆنترۆڵكردنی ئاگری بەرزایییەكانی چیای ئاویەر بەخت كرد.
بەپێی سەرچاوە هەواڵییەكانی ناوچەكە، تا ئێستا چەندین كەس لە ژینگەپارێزان و خەڵكی ناوچەكە بە هۆی ئاگرەكەوە بە سەختی بریندار بوون و گواستراونەتەوە نەخۆشخانە .
هاونیشتمانییانی سنە لە كاتی ئەسپاردەكردنی تەرمی قوربانیانی ئاگر، دروشمی “شەهید نامرێ”یان گوتووە .

































































