”پێویستە دیمەشق دەرگا بە ڕووی کورددا بکاتەوە و داواکارییەکانی کوردی سووریا جێبەجێ بکات.“

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نیگەرانیی خۆی لە بارەی بەکارھێنانی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی ھەرێمی کوردستان دەربڕی کە کراوەتە کارتێکی سیاسیی لە ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و ھەولێر. دەشڵێت، بەپێی یاسا و دەستووری عێراق، مووچەخۆران مافی خۆیانە بەبێ دواکەوتن مووچەکانیان وەربگرن.
رۆژی شەممە، ٢٦ـی تەممووزی ٢٠٢٥، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (الشرق نیوز) کە پوختەیەکی لێ بڵاوکراوەتەوە، جەختی لەوە کردەوە، مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بەپێی یاسا و دەستووری عێراق مافی خۆیانە مووچەکانیان لە کاتی خۆیدا بەبێ ھیچ دواکەوتن و کێشەیەک وەربگرن.
مەسرور بارزانی، ھاوکات نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی پرسی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان کراوەتە کارتێکی سیاسی. دەشڵێت: ئەمە کارێکی قەبووڵکراو نییە، چونکە تەنانەت دادگای فیدراڵی بڕیاری لە بارەی مووچە داوە و جەختی کردووەتەوە لەوەی کە نابێت ببێتە بەشێک لە ململانێکانی نێوان بەغدا و ھەولێر.
سەرۆکی حکوومەت جەختیش دەکاتەوە، سەرەڕای ئەوەی یاسا، دەستوور و دادگای فیدراڵیش پشتیوانیی لە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دەکەن، بەڵام مووچەی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان ماوەی سێ مانگ دواکەوت و چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، تەنیا مووچەی مانگی ئایار لە لایەن بەغداوە خەرج کرا.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی دارایی فیدراڵ ھاتووەتە ناو وردەکارییەکانی مووچە و بوودجەی ھەرێمی کوردستان، ئەمەش پێشێلکردنی دەستووری عێراق و مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستانە.
مەسروور بارزانی جەختیشی لەوە کردووەتەوە، چارەسەری دەستوورییانەی ئەم پرسە، بریتییە لە ڕێککەوتن لە نێوان بەغدا و ھەولێر لەسەر بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی گشتیی داھاتووی فیدراڵی. ھەروەھا گوتیشی: ”ئامادەین لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بکەین سەبارەت بە یاسای نوێی نەوت.“ تیشکی خستە سەر ئەوەش، ھەولێرھەوڵ دەدات لەگەڵ بەغدا ھاوکار و ھەماھەنگ بێت بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی ھێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان گوتی: ”حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و دەزگا ئەمنییەکانی دەزانن چ لایەنێک لە پشت ئەو ھێرشانەوەیە، بەڵام بە باشی دەزانن چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەن.“ ھەروەھا باسی لەوەشکرد، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە دڵنیاییەوە لەم بارەوە لەگەڵ ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و حکوومەتی فیدرالی لە ھەماھەنگیدایە.
لەبارەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەش، مەسروور بارزانی دووپاتی کردەوە، ھەر ئاڵۆزییەکی ئەمنی لە ناوچەکە، کاریگەری و لێکەوتەی نەرێنی لەسەر ھەموان دەبێت.
سەرۆکی حکوومەت سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و سعوودیە و ئێران ڕایگەیاند، پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕیاز زۆر باشن و مێژوویین، ھاوکات ھەولێر ڕێز لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران و وڵاتانی دراوسێی دەگرێت و نایەوێت ببێتە ھەڕەشە بۆ سەر ھیچ یەکێک لە وڵاتانی دراوسێی و ھاوکات بەشێکیش نەبووە لە کێشەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل.
لە بارەی سووریاشەوە، گوتی: ”پێویستە دیمەشق دەرگا بە ڕووی کورددا بکاتەوە و داواکارییەکانی کوردی سووریا جێبەجێ بکات.“
































































