زاری كرمانجی- سۆران :
تائێستا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەست بەدابەشكردنی زەوی نەكراوەو فەرمانبەرانیش لە چاوەڕوانی وەرگرتنی زەوییەكانیانن، نەبوونی زەوی پێویستیش هۆكارێكە بۆ دەست پێ نەكردنی ئەو پڕۆسەیە لەم سنوورە.
خەسرۆ ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی شاراوەنییەكانی ئیدارەی سۆران بە زاری كرمانجی راگەیاند” دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەستی پێنەكردووە، تا ئێستا ناوی 26 هەزار كەس گەڕاوەتەوە و 8 هەزار پارچە زەویش ئامادەیە بۆ دابەشكردن، بەڵام بەهۆی زۆری ژمارەی ئەو كەسانەی دابەشكردنی زەوی دەیان گرێتەوەو كەمی زەوی بەردەست پڕۆسەكە دەستی پێنەكردو.
ئاماژەی بەوەشدا ” لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافی كە ناوچەیەكی شاخاوییە زەوی پێویست زۆر كەمە بۆ دابەشكردن، زەوییەكانیش دەبێت خزمەتگوزاریان بۆ بچێت و بەردەوامیشین لە وردبینی كردنی ناوی فەرمانبەران، بۆئەمەش دوای تەواو بوونی وردبینی بە ڕاپۆرتێك دەدرێتە وەزارەت زەوی پێویست و ژمارەی ئەو كەسانەی سوودمەند دەبن لەوەرگرتنی زەوی، بۆئەوەی چارەسەرێكی گونجاو بدۆزرێتەوەو دەست بەدابەشكردنی زەوی بكەین لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
رۆژی سێشەممە، ١٥-٧-٢٠٢٥ ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە گرفتەكان و چارەسەرییەكان، پڕۆسەی دابەشكردنی زەوی گوتی” لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، هەندێك كێشەی موڵكداریەتی زەوی و تەكنیكی لەبەردەم پرۆسەكە دروستبوون، بەڵام هەفتەی ڕابردوودا بە سەرپەرشتیی سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیرە پەیوەندارەكان ئەو كێشە و گرفتانە لە كۆبوونەوەیەكی تایبەتدا خرانەڕوو و چارەسەری پێویست لە ڕووی یاسایی و هونەریان بۆ دۆزرایەوە، واتە لە هەر شوێنێك ئەگەر ئەو پرۆسەیە بە باشی نەچووبێتە پێشەوە، لەمەودوا بە باشی بەڕێوە دەچێت.


































































