زاری كرمانجی-ڕواندز:
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ڕواندز، دەڵێت: بوونی ناوچەی گەشتیاری و سەیرانگەی سەرەنج ڕاكێشس لە سنوورەكەمان بوونەتە هۆی ئەوەی گەشتیارانی بیانی بەتایبەت شارو شارۆچكەكانی عێراق بەو پێشكەوتنانەی هەرێمی كوردستان سەرسام بن.
پارێز یوسف بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ڕواندز، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: حكوومەتی هەرێمی كوردستان بایەخی زۆری بە كەرتی گەشتوگوزار داوە، ئەوەش وایكردووە بوژانەوە بەخۆیەوە ببینێت، هەروەك چەند پڕۆژەیەكی گرنگی گەشتیاری لە پلان و بەرنامەی داهاتوودان، بوونی ناوچەی گەشتیاری و سەیرانگەی سەرەنج ڕاكێشس لە سنوورەكەمان بوونەتە هۆی ئەوەی گەشتیارانی بیانی بەتایبەت شارو شارۆچكەكانی عێراق بەو پێشكەوتنانەی هەرێمی كوردستان سەرسام بن و زیاتر خواستی سەردانی كردنی ئەو شوێنانەیان هەبێت، بەتایبەتیش لەكاتی بۆنەو پشووەكاندا گەشتیارێكی زۆر ڕوو لە دەڤەرەكەمان دەكەن.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ڕواندز، هێمای بۆ ئەوەش كرد: “بوونی سەیرانگەو ناوچەی گەشتیاری لە سنورەكەمان هەلی كاری بۆ چەندان گەنج و هاووڵاتی سنوورەكەمان ڕەخساندووە، هەروەها چەندین كەس وەك خاوەن پڕۆژەو سەیرانگەو شوێنی گەشتیارین، توانیویانە لەم ڕێگەیەوە بژێوی ژیانیان دابین بكەن، ئێمەش وەك گەشتوگوزار و لایەنی پەیوەندیدارەكانی سنوورەكە چاودێرین بەسەر ئەو سەیرانگەو ناوچە گەشتیارییەكان، بە پێدانی ڕێنمایی و نوێكردنەوەی مۆڵەت و پابەندكردنیان بەو ڕێكارانەی تایبەتن بە گەشتوگوزار.






























































