شاندی ئیمراڵی دەم پارتی كە رۆژی هەیینی 26ی تەمووزی 2025 سەردانی ئیمراڵی-یان كرد، پەیامێكی نوێی عەبدوڵا ئۆجەلان-ی رێبەری زیندانیكراوی پەكەكەیان بۆ رای گشتی بڵاوكردەوە.
وەك لەراگەیەندراوەكەی شاندی ئیمراڵی دەم پارتی-دا هاتووە، لەبارەی پرۆسەی لەناوبردنی چەك لەلایەن ژمارەیەك گەریلا، ئۆجەلان ئاماژەی بەوەكردووە:” شێوازی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەكە و ئەو ئیرادە و باوەڕ و سووربوونە لەسەر ئاشتی كە نیشاندراون، بە زۆر بەبایەخ دەزانێت.”
دەقی راگەیەندراوەكەی شاندی دەم پارتی:
بۆ راگەیاندنەكان و رای گشتی
وەك شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، رۆژی 25ـی تەممووزی 2025 لە گرتووخانەی ئیمراڵی، دیدارێكی سێ كاتژمێر و نیویمان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجامدا.
بیروبۆچوونمان لەبارەی ئەو دیدارانەوە ئاڵوگۆڕكرد كە لە رۆژانی رابردوودا وەك شاند لەگەڵ بەڕێزان سەرۆككۆمار، وەزیری داد و سەركردەی پارتە سیاسییەكان ئەنجامماندابوو.
زانیاری لەبارەی سەرنج و كاردانەوەكانی رێوڕەسمی لەناوبردنی چەكەكانەوە خرایەڕوو، كە رۆژی 11ـی تەممووز بەڕێوەچووبوو. بەڕێز ئۆجەلانیش رایگەیاند، شێوازی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەكە و ئەو ئیرادە و باوەڕ و سووربوونە لەسەر ئاشتی كە نیشاندراون، بە زۆر بەبایەخ دەزانێت.
جەختیشی لەوە كردەوە كە چاوەڕوانە، كاری ئەو كۆمیسیۆنەی لە بەرنامەی كاری پەرلەمانی توركیادایە، بە رێبازێكی گشتگیر و هەمەلایەنە، لەپێناو ئاشتی و دیموكراسیدا بەشداریی گرنگی هەبێت.
گەرمترین سڵاو و هیوای باشی خۆی ئاراستەی گەل و هەموو چین و توێژە كۆمەڵایەتییەكان كرد.
لەگەڵ سڵاو و رێزدا.
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی
26ـی تەممووزی 2025

































































