سەرۆك بارزانی هەموو كات بانگەشە بۆ یەكڕیزی دەكات و هەوڵدەدات لایەنە كوردستانییەكان لە ناوخۆ و دەرەوەی كوردستان یەك بن
ڕائیب جادر
هیچ كاتێك وەكو ئەمڕۆ كورد پەرتەوازە نەبووە، دەبێت هەرچی زووە ئەو پەرتەوازەیە نەمێنێت و نێو ماڵی خۆی ڕێكبخاتەوە، چونكە جگە لە یەك هەڵوێستی و یەكڕیزی هیچ شتێكی دیكە لە بەردەم كورددا نەماوە، بۆ ئەوەی بتوانن كۆی ئەو ماددە دەستوورییانە كە لە بەرژەوەندی گەلی كوردە جێبەجێ بكەن و كورد بە مافە ڕەواكانی خۆی بگات. كۆدەنگی لایەنەكان خزمەت بە ئامانجە نەتەوایەتییەكانی گەلی كورد دەكات، بۆ گەڕاندنەوەی مافە دەستوورییەكانی هەرێم.
یەكڕیزی و كاری هاوبەش زامنی بەهێزی و مسۆگەركردنی مافەكانی كوردە لە بەغدا، پێویستە لایەنە كوردستانییەكان ناكۆكییەكانیان وەلاوە بنێن و كار بۆ یەكگرتووی كورد لە بەغدا بكەن، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە دەستكەوتەكان بكەن و بتوانن دەستكەوتی زیاتریش بۆ گەلی كورد بە دەست بهێنن، پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكان بە دەنگ بانگەوازی سەرۆك بارزانی بێن، كە هەموو كات بانگەشە بۆ یەكڕیزی دەكات و هەوڵدەدات لایەنە كوردستانییەكان لە ناوخۆ و دەرەوەی كوردستان یەك بن، وەكو بینییمان پێش چەند ڕۆژێك مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی بە سەرۆكایەتی سەرۆك بارزانی كۆبوونەوە و لە چەند ڕۆژێكی كەمدا ئەو كۆبوونەوەیە دەستكەوتیشی هەبوو، بۆیە دەبێت ناڕەزاییەكان وەلاوە بنێن و نێوماڵی خۆیان یەكبخەن، نابێت هەر لایەنێك بە دوای بەرژەوەندییەكانی خۆی بكەوێت و پشت لە خەڵكی كوردستان بكات.
تا ئێستا زۆر بابەت لە نێوان هەولێر و بەغدا ماون و چارە نەكراون، بۆ نموونە بابەتی ماددەی 140، پێشمەرگە و چەندین بابەتی دیكە، مووچە كە سەرەتاترین مافی خەڵكی كوردستانە، لایەنە عێراقییەكان بەردەوام كێشە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم دروست دەكەن، بۆیە ئەگەر لایەنە كوردستانییەكان یەك نەبن، بەغداش ناهێتە پێشەوە و وەكو ئێمە مامەڵە لەگەڵ ئێمە دەكات، لەو نێوەندەشدا خەڵكی كوردستان زەرەرمەندی یەكەم دەبێت.
عێراق لەسەر بنەمای تەوافق، تەوازن و شەڕاكەت دامەزراوە، بەڵام بەداخەوە ئێستا ئەو هەر سێ بنەمایە لە عێراق نەماون، لایەنە عێراقییەكان پێگری بەو بنەمایانە ناكەن، هەر ئەوەش بوو وای كرد كە كورد ڕیفراندۆم بكات، بۆیە ئەگەر حكوومەتی عێراق ماف و داخوازییەكانی گەلی كورد لەبەرچاو نەگرێت و كورد لە حوكمڕانی شەریكی ڕاستەقینە نەبێت، پێویست بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق نەكات و كار بە ئەنجامی ڕیفراندۆم بكات.
لە خولەكانی ڕابردوو هاوپەیمانی كوردستانی هەبوو، لەو خولەدا هەر یەكە و بۆ خۆیان كار دەكەن، ئەگەر بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانیان دەوێت، دەبێت كورد لە بەغدا خۆی كۆبكاتەوە، ئەگەر كورد بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق كرد، دەبێت دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن هاوپەیمانی كوردستانی دروست بكەنەوە، یەكدەنگ و یەك هەڵوێست بن، ئاگاداری هەموو حەرەكەیەكی سیاسی بن، كۆنتاكتی ڕاستەوخۆیان هەبێت بە حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە و خۆیان ئامادە بكەن بۆ هەر ئەگەرێك.
لە كۆتاییدا تەنیا ئەوە دەڵێم، هیچ كات هێندەی ئێستا كورد پێویستی بە یەك دەنگ و یەكڕیزی نییە، هەر لایەنێك خۆی لە كاروانی یەكگرتووی كوردستانیان جیابكاتەوە، تا ئەبەد بە جێ دەمێنێت و جێگای نابێتەوە.































































