مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزارەتی بەرگریی كەمبۆدیا لە ڕاگەیاندراوێكی دا ئاشكرای دەكات كە فڕۆكەیەكی جۆری ئێف 16ی سەر بە هێزی ئاسمانیی تایلەند، پێگەیەكی سەربازیی كەمبۆدیای بۆردوومانكردووە.
لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی بەرگریی كەمبۆدیا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ـى تەممووزی 2025 بڵاوی كردووەتەوە و ڕایدەگەیەنێت “فڕۆكەیەكی ئێف 16ی تایلاندی، پێگەیەكی سەربازی وڵاتەكەمانی بۆردوومان كردووە،”
دەشڵێت “دەستدرێژیی سەربازیی تایلەند، بۆ سەر سەروەری و یەكێتیی خاكی وڵاتەكەمان، بە توندی سەركۆنە دەكەین.”
تایلەند، كەمبۆدیا بەوە تۆمەتبار دەكات كە لە ناوچە جێ ناكۆكانی سەر سنووردا مینی چاندووە و بە دوو سەربازی ئەواندا تەقیونەتەوە، هەر بۆیە دوێنێ چوارشەممە، باڵیۆزی خۆی لە كەمبۆدیا كشاندەوە، دوای ئەوە گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، دووبارە سەریان هەڵدایەوە .

































































