ڕێبوار حەمەلاو شوانی
44 ساڵی ڕابردوو هەنگاوەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران چ لە سەر ئاستی نێو خۆیی وڵات و بەرامبەر گەلانی وڵاتەکەی و چ بەرامبەر دراوسێکانی و وڵاتانی ناوچەکە و جیهان سیاسەتێکی زۆر خۆسەپێنەرانە ، بەو مانایەی کە هەموو ئامرازێکی لە ڕووی دارایی، هەواڵگری و تیرۆر و چەک و جبەخانە بۆ فراوانکردنی هەژموونی خۆی بە شێوەی ئیمپراتۆرییەکی مەزهەبگەرایی شیعە گرتووەتە بەر، ئەوەش وایکرد کە ساڵ بە ساڵ بە هۆی ئەو سیاسەتە هەڵانە ڕژێمی ئێران زیاتر گۆشەگیر بکرێت ، هەروەها جیاتی ئەوەی بە خۆدا چوونەوە بکات هەڵە و هەموو ئەو ستەم و تاوانکارییانەی خۆیدا بکات ، ئەوا زیاتر هەنگاوەکانی بە ئاراستەی تیرۆر و داگیرکاری و دەستوەردان لە کاروباری وڵاتان و کاری تێکدەرانی تری کردووە .
بەتایبەت سەروەرت و سامانی وڵاتەکەی لە پێناو دروستکردنی چەکی کۆمەڵکوژ و فڕۆکەی خۆکوژی و مووشەکی کیشوەرپێو بەکارهێناوە ، ئەوەش وایکردوووە کە ئەو ڕژێمەی ئێستای ئێران ببێتە کۆسپ و هەڕەشە و مەترسی گەورە لە سەر ئاسایشی ناوخۆیی و ناوچەکە و هەموو جیهان
لە لایەکی دیکەوە گەر وردبینانە بڕوانین لێی، ئاستەمە ڕژێمی ئێران بەو شێوازی ئێستای بمێنێتەوە، لە ئەگەری مانەوەشی زۆر بەرە لاوازی دەڕوات و دوورە لە پێشبینی سیاسییەوە. چەند هۆکارێک هەن کە ڕژێمی کۆتایی بە حکوومرانیی 44 ساڵەی بێت ، بۆ نموونە: هەناردەکردنی چەک و مووشەک و درۆن بۆ ڕووسیا ، ئینجا هێرش و پەلاماردانی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە ناوچەکە و کوشتن و بەکارهێنانی هێز لە دژی خۆپیشاندەران و پشوودرێژیی ئەمریکا و ئەورووپا و هاوپەیمان بەرامبەر هەموو دەستدرێژییەکانی ڕژێمی ئێران وایان کرد کە
یەکەم ، سەرۆکێکی ئەمریکی بە ڕوون و ڕاشکاوی بڵێت ئێران ئازاد دەکەین، ئەم قسەیە هەروا سادە نییە، بەڵکوو گۆڕانکارییەکی نەوعییە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا.
دووەم: هەروەها لێدوانی بەرپرسانی باڵا وڵاتان و کاردانەوەی نەرێنی تاران ئاماژەن بەوەی و دەبینین کە باس لەوە دەکەن ناگەڕێنەوە بۆ ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران، ئەمەش بۆ ئێران کاریگەریی نەرێنی دەبێت.
سێیەم: هەروەها بڕیاردانی دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی وڵاتانی G7 ڕاگەیاند لووتکەکەیان بڕیاریان داوە سزای نوێ و قورستر بەسەر ئێراندا بسەپێنن، ئەوەش گورزێکی دیکەی ئابووریی کوشندە دەبێت بۆ سەر ئێران.
چوارەم: بەهۆی بەخشین و فرۆشتنی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بە ڕووسیا بۆ شەڕکردن لە دژی ئۆکراینا، کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتی دروستبووە بۆ زیاتر گۆشەگیرکردنی ئێران.
پێنجەم: سەرکەوتنی بنیامین ناتانیاهۆ و بوونەوەی بە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دیسانەوە پێشهاتێکی خراپە بۆ ئێران، چونکە یەکێکە لە سیاسییە هەر توندەکانی جووڵەکە بەرامبەر ئێران و هەڕەشەی وەشاندنی گورزی سەربازیی لە کورە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکات.
شەشەم: هۆکاری سەرەکی دارمانی ئێران دەرەنجامی ستەمی دەسەڵات و نەبوونی ئازادییەکان و خراپیی دۆخی ئابووری و بێزاربوونی خەڵکە لەو جۆرە فەرمانڕەوایە، بۆیە لە هەموو ئەگەرەکاندا ئێران بەو شێوەیەی پێش کوشتنی ژیان ئەمینی و خۆپیشاندانەکان نامێنێتەوە.
حەوتەم : : بە سەرکەوتنی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولدا، گوشارەکان لەسەر بایدن بەسەر ئێراندا زیاتر دەبن و ئەوەش زیاتر ڕژێمی تاران دەخاتە ژێر فشارەوە .
هەشتەم : سەرەڕای ئەوەی خۆپیشاندانەکانی ئێستای خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و فراوانبوونی، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، کوشتنی خەڵکی مەدەنی و خۆپیشاندەران، چەوساندنەوەی ئافرەتان و نەبوونی ئازادیی سیاسی و ڕۆژنامەوانی وای کردووە جیهان وردە وردە باس لە ئێرانێکی نوێ بکەن، ئیتر ئێرانێکی بە تەواوەتی نوێ بێت و سیستم و دەسەڵاتی ئێستای ئێران کۆتایی پێ بێت و ڕژێمێکی نوێ جێگەی بگرێتەوە.