بەرگری شارستانی و گەشتو گوزاری سۆران ڕێنمایی بە هاووڵاتییان دەدەن
ڕاپۆرت-زاری كرمانجی
بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و بوونی چەندین ڕووبار و ناوچەی گەشتیاری ڕۆژانە هاووڵاتییان و گەشتیارێكی زۆری ناوەخۆیی و بیانی ڕوودەكەنە هەوینە هەوار و ناوچە شاخاوییەكانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، گەشت و گوزار و بەرگری شارستانی سۆرانیش ڕێنمایی بە هاووڵاتییان دەدەن.
وەك چالاكوانانی ژینگە پارێزی سنووری ئیدارەی سۆران، بۆ زاری كرمانجی باسی لێوەدەكەن: ” لە سنووری شارو شارۆچكەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، چەندین ڕووبار و سەرچاوەی ئاوی و شوێنی گەشتیاری لێییە، ئەوەش وایكردووە ڕۆژانە هەزاران كەس بۆ خۆ فێنكردنەوە و مەلەكەكردن و بەسەر بردنی كاتێكی خۆش لەناو سروشتی ناوچەكە ڕوو بكەنە دەڤەرەكە، بەتایبەتیش ڕۆژانی هەینی و پشوو ڕێژەی هاتنی گەشتیاران و هاووڵاتییان بە شێوەیەكی بەرچاو ڕوو لە بەرزبوونەوە دەكات، داواكاریشن لەو كەسانەی بۆ گەشتكردن ڕوو لە دەڤەرەكە دەكەن، ژینگە ناوچەكە بپارێزن و پاشماوەی خۆراك و خواردنەوە لە دوای خۆیان كۆبكەنەوە، لە پێناو گەشتێكی خۆش بۆ هەموو لایەك”.
لای خۆیەوە د. فەیسەل سادق، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: “لە سنوورەكەمان سەدان شوێنی گەشتیاری هەن، لەگەڵ ئەوەشدا ناوچەیەكی شاخاوییەو ئاو و هەوایەكی سارد و فێنكی هەیە، ئەوەش وایكردووە، گەشتیاران لە هەرچوار وەرزەكانی ساڵ ڕوو لە دەڤەرەكەمان بكەن، بەتایبەتیش لەم وەرزەی گەرما هاتنی گەشتیاران بەشێوەیەكی بەرچاوتر ڕوو لە ناوچەكە دەكەن، فەراهەمكردنی ژینگەیەكی ئارام و بوونی ئەمن و ئاسایش و پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییان بووەتە هۆكاری ئەوەی تەنانەت بەشێك لە گەشتیاران شەوانەش لە ژێر كەپر و سەیرانگەو هۆتێل و مۆتێل و خانووە گەشتیارییەكان بمێننەوە”.
بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران، خوازیاریشە لە گەشتیاران و ئەو كەسانەش كە بۆ گەشت و سەیران ڕوو لە دەڤەرەكە دەكەن، ژینگەی ئەو ناوچانە بپارێزن و پاشماوەی خۆراك و خواردنەوە فڕێنەدەنە سەر زەووی بەڵكوو بیخەنە ناو كیسەی زبڵ و لە شوێنێكی گونجاو دای بنین، بۆ ئەوەی تیمەكانی پاككەرەوە هەڵی بگرنەوە، لەپێناو ژینگەیەكی تەندروست.
عەقید كاروان میر ئاودەلی، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران، بە زاری كرمانجی گووت: “لە سنووری شار و شارۆچكەكانی ئیدارەی سۆران، چەندین ڕووبار و سەرچاوەی ئاوی هەن، ئەوەش وایكردووە بەتایبەت لە وەرزی گەرمادا كەسانێكی زۆر ڕووی تێبكەن بۆ مەلە كردن و خۆ فێنكردنەوەیان، هەروەها كەسانێكیش بۆ مەبەستی ڕاوەماسی ڕوو لەو ڕوبارانە دەكەن، بەمەش پێویستە هاووڵاتییان هۆشیاربن و ڕوو لەو ڕووبار و شوێنانە نەكەن كە جێگەی مەترسین، هەروەك لەبەشێكی زۆری ئەم شوێنانە تابلۆی هۆشیار كردنەوە بەرگری شارستانی دانراون”.
بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران، ئاشكراشی دەكات: “ئەمساڵ چوار ڕووداوی خنكان لە سنوورەكەمان تۆمار كراون، هەروەها 16 كەسیش لە خنكان ڕزگار كراون، چونكە تیمەكانمان بەردەوام چاودێری ڕووبار و ئەو شوێنانە دەكەن، لە پێناو زوو گەیشتن بە ڕووداوەكان”.
عەقید كاروان میر ئاودەلی، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران، ئاماژەی بەوەشدا: ” داواكارین لە گەشتیاران و ئەو هاووڵاتییانەی بۆ گەشت و سەیران ڕوو لە سنووری ئیدارەی سۆران دەكەن، ئاگر لەو شوێنانە هەڵنەكەن كە پوش و پەلاشی لێییەو مەترسی سووتانی هەیە، هەروەها جگەرە فڕێنەدەنە ناو پۆش و پەڵاش و دارستان، چونكە بە كەوتنەوەی ئاگر زیانی زۆر بەدوای خۆیەوە دەهێنێت، زۆرجاریش بەهۆی بوونی ناوچەی شاخاویی و سەختی ناوچەكە كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكان بۆ تیمەكانمان ئاستەم دەبێت.

































































