بابەتی دووەم: گەشتوگوزار، لە خەونێكی هاوینەوە بۆ ڕاستییەكی بەردەوام
كامەران ئیبراهیم شێروانی
كاتێك ناوی “سۆران” دێتە سەر زمان، وێنەیەك هەیە كە وەك ئەفسانەیەكی شیرین، خۆی لە مێشكی هەموواندا دەچەسپێنێت: هاژەی تاڤگەی گەلیی عەلی بەگ و فێنكایی بێخاڵ و دیمەنە دڵڕفێنەكانی دەڤەری باڵەكایەتی و سروشت ئاسكە كێویەكانی ناوچەی بارزان. ئەم وێنەیە، هەرچەندە تاجی شانازیی ئێمەیە، بەڵام هاوكات شیرینترین ژەهر و جوانترین بەندیخانەشە. بەندیخانەیەك كە جوانیی سۆرانی تەنیا لە سێ مانگی هاویندا زیندانی كردووە. ئێمە وا چیرۆكی ئەم خاكە دەگێڕینەوە وەك ئەوەی خودا تەنیا وەرزی هاوینی بە ئێمە دابێت.
ئەم تێڕوانینە، گەشتوگوزاری كردووە بە “خەونێكی وەرزی” كە لەگەڵ یەكەم شنەی ساردی پاییزدا دەمرێت. گەنجی خاوەن پرۆژە، هەموو هیوا و وزەی خۆی لە جانتایەكی هاوینەدا هەڵدەگرێت و نۆ مانگی ساڵ، لەسەر كورسیی بێدەنگی و چاوەڕوانی دادەنیشێت. ئەمە ستراتیژی مانەوە نییە، بەڵكوو مردنێكی هێواشی هیواكانە. كێشەكە، كەمیی جوانی نییە، بەڵكوو كەمیی گێڕەڕەوەیە.
چارەسەر، شكاندنی ئەم قەفەسەیە. كلیلی ئەم دەرگایە لە گیرفانماندا نییە، بەڵكوو لە خەیاڵماندایە. پێویست ناكات كۆشكی نوێ دروست بكەین، بەڵكوو پێویستە چیرۆكی نوێ بۆ وەرزە نووستووەكان بنووسینەوە. چۆن وا لەو گەشتیارە بكەین كە هاتووە تا لەبەر هەتاو پشوو بدات، بەڵام بە خەونی باوەشكردن بە بەفرەوە بگەڕێتەوە؟
با چیاكانی ئەلپ لە ئیتاڵیا مامۆستامان بن. ئەوان “وەرز” نافرۆشن، بەڵكوو “ئەزموونێكی ڕۆحی” پێشكەش دەكەن. ئەزموونێك كە لە چێژی بینینی تاڤگەیەكی هاوینەوە درێژ دەبێتەوە بۆ ئارامیی خواردنەوەی كووپێك شۆكۆلاتەی گەرم لەناو كۆخێكی داریندا، كاتێك لە دەرەوە، بەفر سەمای بێدەنگیی خۆی دەكات.
كەواتە، چۆن ئەم ڕۆحە بكەین بە بەری سۆراندا؟چۆن هەر چوار وەرزی ساڵ وەك سەرچاوەیەكی داهات بەكار بهێنین ؟
پاییز: بانگێك بۆ سەمای ڕەنگەكان.
كاتێك سروشت دەبێتە تابلۆی خودا و گەڵاكان وەك نامەی ماڵئاوایی لە هاوین دەوەرن، با ئەمە كۆتایی نەبێت. با ببێتە بانگهێشتێك بۆ “سیمفۆنیای ڕەنگەكان”. با گەنجانی خاوەن كامێرا ببنە “ڕاوچییانی جوانی” و ڕێبەری ئەو ڕۆحانە بن كە بەدوای تابلۆ سیحراوییەكانی پاییزدا وێڵن. با كافتریاكان چیرۆكەكە تەواو بكەن؛ با بۆنی قاوە و دارچینی تێكەڵ بە بۆنی گەڵای تەڕی باران لێدراو بێت و ئەزموونێك بخولقێنن كە لە یادەوەریدا وەك شیعرێك بمێنێتەوە.
زستان: چیرۆكی ئاگر لە دڵی بەفردا.
كاتێك كڵاوی سپی شكۆ دەخاتە سەر چیاكان و بێدەنگییەكی پیرۆز باڵ بەسەر دۆڵەكاندا دەكێشێت، با ئێمە چیرۆكی گەرمییەك لەناو ئەم ساردییەدا بگێڕینەوە. با قاقای پێكەنینی منداڵێك لە كاتی خلیسكێنەدا، ئەو بێدەنگییە بشكێنێت. با گەنجێك بە چەند خلیسكێنەیەكی سادە، بناری چیایەك بكاتە “شانۆی دڵخۆشی”. با كێبڕكێی دروستكردنی “پیاوەبەفرینە” ببێتە هۆی “نەخشاندنی گەرمییەك لەناو یادەوەریی ساردی زستاندا”؛ یادگارییەك كە گەشتیار ساڵی داهاتوو لەگەڵ خۆشەویستانی دەهێنێتەوە.
بەهار: سرودی ژیانەوەی خاك.
لە كاتی هاتنی بەهاردا، كاتێك زەوی هەناسە دەدات و یەكەم چرۆی ژیان سەر دەردەهێنێتەوە، با چیرۆكەكە بگاتە لووتكە. با گەشتیار تەنیا بۆ سەیران نەیەت، بەڵكوو بێت تا گوێ لە “نەغمەی ژیانەوە” بگرێت. با گەنجانی شارەزا ببنە “وەرگێڕی زمانی خاك”، نهێنیی گیا و گوڵە كێوییەكانیان بۆ باس بكەن. با نەورۆز ببێتە “باوەشێكی كراوە”؛ پێشكەشكردنی خوانێكی كوردیی ڕەسەن لەگەڵ گەرمیی ئاگری نەورۆزدا، ئەمە دەبێتە بانگهێشتێك كە ناتوانرێت ڕەت بكرێتەوە.
لە كۆتاییدا گۆڕینی چارەنووسی گەشتوگوزاری سۆران، لە گۆڕینی بیركردنەوەی ئێمەوە دەست پێ دەكات. دەبێت لەبری ئەوەی بڵێین: “هاوین هات، كار دەستی پێكرد”، بڵێین: “پاییز هات، چیرۆكی ڕەنگەكان دەستی پێكرد”. داهاتووی سۆران لە چاوەڕوانیدا نییە، بەڵكوو لەو چیرۆكانەدایە كە هێشتا نەمانگێڕاونەتەوە.
بەڵام گەنجینەكانی سۆران تەنیا لە دیمەنەكانیدا نین. گەنجینەی دیكەش هەن كە لەژێر پێی ئێمە و لەناو دڵی خاكەكەیدا شاردراونەتەوە. تامی میوەكانی، بەرەكەتی بەرهەمەكانی، و دەستڕەنگینیی دانیشتووانەكەی، چیرۆكێكی دیكەن كە پێویستیان بە گێڕانەوەیە. لە بابەتی داهاتوودا، گەشت دەكەینە نێو كێڵگە و باخەكانی سۆران، بۆ دۆزینەوەی ئەو گەنجینە لە بیركراوانەی كە دەتوانن ببنە سەرچاوەیەكی بەردەوامی كار و داهێنان: “لە جوانیی سروشتەوە بۆ بەرەكەتی خاك”.
































































