
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەسەر بابەتی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و مەترسی هەژموونی گرووپە چەکدارەکان لەسەر سەروەری عێراق گفتوگۆی لەگەڵ سوودانی کردووە.
ئەمڕۆ،چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، گفتوگۆیان لەسەر سێ پرسی گرنگ کردووە، لە نێویاندا پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی بۆری عێراق – تورکیا و کەمکردنەوەی کاریگەریی هەژموونی ئێران لەسەر عێراق کرد.
مارکۆ ڕوبیۆ، جەختی کردووەتەوە کە دەبێت لێپرسینەوە لەو هێرشکەرانە بکرێت کە دەستیان هەبووە لە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر ژێرخانی وزەی عێراق و بە سوودانی وتووە” دەبێت ڕێکاری توند بگیرێتەبەر بۆ ڕێگری لە دووبارە نەبوونەوەی هێرشی دیکە لە داهاتوودا”.
هەروەها باسی لە گرنگی پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم کردووە لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا.
ڕوبیۆ جددی بوونی نیگەرانیی وڵاتەکەی لە بارەی پرۆژە یاسای پەیوەست بە حەشدی شەعبی بە سوودانی ڕاگەیاندووە، هەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا بە سەرۆک وەزیرانی عێراقی ڕاگەیاندووە، تێپەڕاندنی ئەو پرۆژە یاسایەی حەشدی شەعبی کە لە پەرلەمانە، دەبێتە مایەی زیادبوونی هەژموونی ئێران و گرووپە چەکدارەکان لەسەر سەروەریی عێراق مەترسی جددی ئەمریکای لەبارەی ئەو پڕۆژە یاسایە دوپاتکردووەتەوە.

































































