” ساڵی ڕابردوو بە گوژمەی ملیارێك و 300 ملیۆن دینار چەندین پڕۆژە لە سنووری شارەوانی مەزنێ ئەنجام دراون “
مستەفا دۆلەمەری- زاری كرمانجی:
سەرۆكی شارەوانی مەزنێ، لە سنووری قەزای مێرگەسۆر، لە دیدارێكی زاری كرمانجیدا، تیشكدەخاتە سەر كار و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانیان و بەرنامەو پلانی داهاتوویان، دەشڵێت:” بۆ ئەمساڵ زیاتر لە ملیارێك دینار، رەزامەندیمان وەرگرتووە بۆ ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەك، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی بۆ ماوەیەكی كاتی راگیراون.
ئەندازیار مەنسوڕ محەممەد میرخان دۆلەمەری،سەررۆكی شارەوانی مەزنێ، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: لە ساڵی ڕابردوو چەندین پڕۆژەی گرینگ لە سنووری شارەوانیمان ئەنجام دراون بە گوژمەی ملیارێك و ٣٠٠ ملیۆن دینار، زیاتریش لە رووی رێگاوبان و ئاو ئاوەڕۆ بوونە، بۆ ئەمساڵیش ڕەزامەندیمان وەرگرتووە گوژمەی زیاتر لە ملیارێك دینار تەرخان بكرێت بۆ پڕۆژەخزمەتگوزارییەكانمان، بەڵام بەهۆی ئەو قەیرانەی دارای كە ئێستا دەست بەكارەكانیان نەكراوە.
دەشڵێت: بۆ داهاتوو پلانی باشمان هەیە، وەك دروستكردنی دووسایدی ڕێگای سەرەكی سۆران و مێرگەسۆر، دیزاینی دروستكراوە و لە پلاندایە بۆ داهاتوو بچێتە بواری جێبەجێكردن، هەروەها لە پلانمانە ئەگەر بارودۆخی دارایی باش بێت پاركێكی گشتیی دروست بكەین، هەروەها پێویستمان بە هۆڵێكی كۆبوونەوە و بۆنەكان هەیە، ئەوانەو چەند پڕۆژەیەكی دیكەی خزمەتگوزاری بە ئامانجی خزمەتكردنی زیاتر بە دانیشتووانی ناحیەی مەزنێ.
ئاشكراشی كرد: بەهەموو شێوەیەك كار لەسەر رێگاو بانەكان دەكەین، بۆ ئەوەی باشتر بكرێن بخرێنە خزمەت هاووڵاتییان، چونكە ڕێگاوبانەكانی سنووری ناحیەی مەزنێ بەگشتی هەم رێگای گوندەكان و رێگا سەرەكییەكان زۆر كەموو كۆڕیان هەیە، پێویستیان بە چاككردنەوەو قیڕتاوكردن هەیە و خۆشبەختانە بە هەماهەنگی ناحییەی مەزنێ و بە پاڵپشتی مەلا مستەفا بارزانی، پلانمان هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەو پڕۆژە خزمەتگوزاریانە.
سەررۆكی شارەوان مەزنێ، نیگەرانی خۆشی دەربڕی لەوەی كە تائێستا ماستەر پلانەك نییە بۆ شارەوانی مەزنێ و لەبەر ئەو هۆكارەش زەوی نییە بۆ دابەشكردن بۆ ئەو فەرمانبەرانەی كە ناویان گەڕاوەتەوە كە ژمارەیان زیاتر لە ٨٠٠ كەس دەبێت، بۆ ئەو مەبەستە پێویستە رێگایەكی دیكە بدۆزینەوە، بەربەستی سەرەكی لەبەردەم كارەكانمان ئەوەیە كە نەخشەو ماستەر پلانێكی باش لە سنووری شارەوانی مەزنێ نییە و هەرچەندە لێپێچینەوەی زۆر تووند گیراوەتەبەر بەرامبەر ئەو كەسانەی كە زێدەڕەووی دەكەن، واتە هەموو شتێك دەبێت بەپێی ڕەزامەندی شارەوانی بكرێت.

































































