زاری كرمانجی-سۆران
ئەم پەرتووكە لە ئامادەكردن و نووسینی ڕەسول شێخ ڕەسول ناسراو بە (مەلا ڕەسول) گەزنەیی، بەرپرسی لقی سۆرانی یەكێتی زانایانی ئایینی كوردستانە، دوای چاپكردن و بڵاوكردنەوەی لە ڕێوڕسمێكدا لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری سۆران ناسێندرا.
مەلا ڕەسول گەزنەیی، نووسەر و ئامادەكاری پەرتووكی ” گەزنە و گەزنەییەكان بناسە ” ئاماژەی بەوەدا: ” ئەم پەرتووكەم بەرهەمی ماندووبوونی چەند ساڵەیە، تا توانیم بەشی زۆری زانیارییەكان لەسەر گوندی گەزنە كۆبكەمەوە، دەستخۆشانەش لەو كەسانە دەكەم كە هاوكارم بوونە.
دەشڵێت: ناوەڕۆكی ئەم پەرتووكەم بە گشتی كردووە بە دووبەش. بەشی یەكەم: بریتییە لە پێناسەی گوندی گەزنە، بۆنموونە ناوەكەی لەچییەوە هاتووە، میژوو هەڵكەوتەی جوگرافیاو بەروبوومەكانی، شوێنەوار و كەلتوور و پێكەوە ژیان لە گوندەكە، هەروەها تیشكمان خستۆتەسەر ئەو بنەماڵانەی لە گوندەكەدا نیشتەجێبوونە، لە سەرەتاوە ژمارەیان لە پەنجەكانی دەست تێپەڕی نەدەكرد، بەڵام لە ئێستادا خۆی لە سەدان خێزان دەبینێتەوە، كە جگەلەوانەی لە گوندەكە نیشتەجێنە، لە زۆربەی شار و شارۆچكەكانی كوردستان و دەروەی وڵاتیش ژیان بەڕێ دەكەن”.
بەشی دووەمی پەرتووكەكەم بە ڕەچەڵەكی نەوەكانی باپیرە گەورەم مام سۆفی دەستپێدەكات، دواتر تیشك خستنەسەر كەسایەتییە ناسراوەكانی گوندەكە بەتایبەت بە تەمەنەكان، ئایا لە كۆنەوە چۆن ژیانیان بەڕێ كردووە، شێوەی ئاخاوتنی زمان كە لە دەربڕینی هندێ وشە كورتكردنەوەیەك هەبووە، لایەكی دیكەوە گوندی گەزنەو دانیشتوانەكەی قوربانی زۆریان داوە لە پێناو شۆڕش و كوردایەتی، چەندین ساڵ پەناگەیەك بووە بۆ پێشمەرگە و خەڵكی ئەو گوند و شارو شارۆچكانەی لە بەر شەڕ و جەنگەكانی ڕژێمی بەعس دووچاری بەرگری كردن لە خاك و دەربەدەری بوونەتەوە.


































































