
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، دانی بەوەدانا کە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دوای هێرشەکانی ئەمریکا لەناوچوون و نیازی وڵاتەكەی بۆ ئاوەدانکردنەوەی بینا و کەرەستەی وێرانبووەکانی ڕاگەیاند.
عێراقچی لە وتووێژێکدا لەگەڵ بێرت بار، دانی بەوەدانا کە هەرچەندە دامەزراوە ئەتۆمییەکان “بە تووندی وێران بوون”، بەڵام کۆماری ئیسلامی هێشتا هێزی مرۆیی و زانستی هەیە بۆ درێژەدان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی و دەتوانرێت بینا و دامەزراوە وێرانبووەکان “ئاوەدان بکرێنەوە و بگۆڕدرێن”.
دوای بڵاوکردنەوەی چاوپێکەوتنەکەی عێراقچی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “ڕاستی کۆمەڵایەتی”، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە لەناوبردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران نووسیویەتی: بێگومان (لەناوچوون)، وەک وتم و ئەگەر پێویست بکات، دووبارە (لەناویان دەبەین).
































































