د. دانەر عەبدولغەفار، مامۆستای زانكۆ
وا هەست ناکەن چیرۆکێکی سەیرمان بۆ دەگێڕنەوە؟ چیرۆکێک کە ئەقڵ نایبڕێت و هیچ لۆژیکێک هەزمی ناکات.
وەک ئەوە وایە جوتیارێک بانگ بکەیت و پێی بڵێیت: “وەرە زەوییەکەم بۆ بکێڵە، کرێیەکەی باشت دەدەمێ،” بەڵام شەوانە بە دزییەوە بچیت و بێل و خاکەنازەکەی بشکێنیت، پاشان بەیانی گلەیی لێ بکەیت و بڵێیت: بۆچی کار ناکەیت؟ ئەی پارەت ناوێت؟ ئەمە بە دیاریكراوی ئەو یارییەیە کە بەغدا لەگەڵ ئێمەدا دەیکات. یارییەکی دووسەرەی مەترسیدار.
لەلایەکەوە، شاندی دیپلۆماسی و پیاوانی پۆشتە دەنێرنە سەر مێزی گفتوگۆ، باسی دەستوور و یاسا و “برایەتی” دەکەن. داوا دەکەن نەوت ڕادەست بکەین بۆ ئەوەی ئەوانیش مووچە و قوتی منداڵەکانمان بنێرن. ئەمە ڕووی یەکەمی دراوەکەیە؛ ڕووێکی ساف و جوانکراو کە دەیانەوێت بە دنیا و بە خەڵکی خۆشمانی بفرۆشنەوە، زۆرێك لە ئێمەش فریوی ئەم تەڵەیان خواردووە. بەڵام لە پشت پەردەوە و لە تاریکی شەودا، دەستێکی تریان، دەستە نهێنی و تێکدەرەکانیان، کارێکی تر دەکات. فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەنێرن تا ئەو بیرە نەوتانە بتەقێننەوە کە بڕیارە بژێوی ژیانمانی لێوە دابین بکرێت.
ژێرخانی ئابووریمان وێران دەکەن، ئەو سەرچاوەیە وشک دەکەن کە خۆیان داوای دەکەن. پاشان بە ڕوویەکی بێشەرمانەوە دەگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و دەڵێن: “ئەی کوانێ نەوتەکەتان؟ بۆ پابەند نین؟” ئەمە سیاسەت نییە، ئەمە گاڵتەکردنە بە هەستی ئەم میللەتە. ئامانجەکە نەوت و دۆلار نییە، چونکە ئەگەر بیانویستایە، ڕێگەیان خۆش دەکرد، نەک ژێرخانمان بۆردومان بکەن. ئامانجەکە زۆر لەوە قووڵترە؛ ئامانجەکە شکاندنی کەرامەت و ئیرادەی خەڵکی کوردستانە.
دەیانەوێت بەم شێوازە بیسەلمێنن کە هەرێمی کوردستان دامەزراوەیەکی شکستخواردووە و ناتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت، لە کاتێکدا خۆیان قاچەکانی دەشکێنن. ئەمە شەڕێکی ڕانەگەیەندراوە لە دژی خوانی ماڵەکانمان، لە دژی مامۆستا و فەرمانبەر و پێشمەرگە و خانەنشین.
ئەمە سزادانێکی بەکۆمەڵە بۆ میللەتێک کە تەنها داوای مافی ڕەوای خۆی دەکات. ئەوان نایانەوێت کێشەکان چارەسەر ببن، بەڵکو دەیانەوێت کێشەکە بە زیندوویی بهێڵنەوە تا بیکەنە کارتی فشار و چەکێک بۆ برسیکردنی خەڵک و ناچارکردنیان بە ملکەچی. بەڵام پێویستە باش بزانن؛ ئەم خاکە بە خوێن ئاو دراوە، نەک بە دۆلار.
ئەم میللەتە لە مێژووی خۆیدا گەمارۆی سەختتر و ڕۆژگاری تاڵتری بینیوە، بەڵام هەرگیز ئاڵای سپی بۆ دوژمنانی هەڵنەکردووە. لەوانەیە بتوانن بۆ ماوەیەک مووچە ببڕن، بەڵام ناتوانن ئیرادە ببڕن. لەوانەیە بیرە نەوتێک بتەقێننەوە، بەڵام ناتوانن کەرامەتی تاک بە تاکی ئەم نیشتمانە بڕوخێنن.

































































