محەممەد مەحموود- سۆران :
بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان تێیدا
ڕێکارەکانی تۆمارکردن و وەرگرتنی منداڵان و قوتابییان
لە دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان روونکراوەتەوە و تێیدا هاتووە ” بۆ بەرژەوەندی گشتی و لە پێناو ئاسانکردنی شێوازی تۆمارکردن و وەرگرتنی منداڵان و قوتابییان لەدامەزراوە پەروەردەییەکان بڕیارماندا بە:
یەکەم: باخچەی منداڵان:
١- وەرگرتنی منداڵان لە باخچەی منداڵانی حکومی بە پلەی یەکەم لە سەر بنەمای شوێنی جوگرافی دەبێت.
٢- ئەگەر پاش وەرگرتنی منداڵان لەسەر بنەمای شوێنی جوگرافی، باخچە جیگەی زیادەی مابوەوە، وەرگرتن بە تیروپشک بۆ گشت منداڵانی دیکە دەکرێت، بە گوێرەی توانای خودی باخچەکە.
٣- ئەگەر ژمارەی منداڵانی شوێنی جوگرافی کە داوای وەرگرتن لە باخچەیەکی منداڵانی حکومی دەکەن زیاتر بوون لەجێگەکانی باخچەکە، وەرگرتنی منداڵان لەسەر بنەمای تیروپشک دەبێت.
٤- قۆناغی یەکەمی باخچە، ئەو منداڵانە وەردەگیرێن کە چوار ساڵن بەو مەرجەی ڕۆژی لەدایک بوونیان لە نێوان (٢٠٢١/١/١) تا (٢٠٢١/١٢/٣١) بێت. هەروەها قۆناغی دووەمی باخچە منداڵانی پێنج ساڵی وەردەگیرێت بەو مەرجەی ڕۆژی لەدایک
بوونیان لە نێوان (٢٠٢٠/١/١) تا (٢٠٢٠/١٢/٣١) بێت (تۆمارکردن بە گوێرەی توانای باخچەکە دەبێت).
دووەم: قوتابخانە و خوێندنگە و کۆمەڵگە پەروەردەییەکان:
١- قۆناغی یەکەمی بنەڕەتی قوتابیانی لەدایک بووی ساڵی (٢٠١٩/١/١) تا (٢٠١٩/١٢/٣١) وەردەگیرێن.
٢- وەرگرتنی قوتابیان و خوێندکارانی نوێ لە گشت قۆناغەکانی خوێندن لە قوتابخانە و خوێندنگە و کۆمەڵگە پەروەردەییە
حکومییەکان، جگە لە سیستمی ئینگلیزی.
أ- قوتابخانە و خوێندنگە بە پلەی یەکەم لەسەر بنەمای ناوچەی جوگرافی دەبێت، بەو مانایەی قوتابخانە و خوێندنگە
دەبێت پێش هەموو کەسێک ئەو قوتابی و خوێندکارانە وەربگرن کە ماڵیان لەو گەڕەک و شوێنەیە کە قوتابخانە و
خوێندنگەکەی لێیە، و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە وەکو سنووری وەرگرتن بۆی دیاری کردوون.
ب- کۆمەڵگە پەروەردەییە حکومییەکان (سیستمی خوێندنی کوردی): وەرگرتنی قوتابیان و پێوەرەکان لە لایەن
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دیاری دەکرێت.
٣- ئەگەر پاش وەرگرتنی قوتابیان و خوێندکارانی شوێنی جوگرافی خۆیان، هێشتا جیگەی خوێندن لە قوتابخانە
و خوێندنگە و کۆمەڵگە کە مابوەوە، دابەشکردنی کورسییەکانی خوێندن بە تیروپشک دابەش دەکرێن، داواکار دانیشتووی هەموو شوێنێکی ئەو پارێزگایە بێت.
٤- بەڕێوەبەر بەرپرسە لەوەی نابێت ژمارەی ئەو قوتابی و خوێندکارانەی وەردەگیرێن زیاتر بێت لە قەبارەی جیگەکانی قوتابخانە و خوێندنگە و کۆمەڵگە پەروەردەییەکان.
٥- ئەگەر لە گەڕەكێك قوتابخانەیان خوێندنگە دروست نەکرا یان تەواو نەکرابوو، ئەركی بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزایە، قوتابیان و خوێندکارانی ئەو گەڕەكە لە نزیکترین یان گونجاوترین قوتابخانە و خوێندنگەی ئەو گەڕەكە وەربگرێت.
٦- وەرگرتنی قوتابیان لە قوتابخانەی حکومی (سیستمی ئینگلیزی):
أ- وەرگرتنی قوتابیانی پۆلی (١) یەکی بنەڕەتی لە قوتابخانە حکومییەکانی سیستمی ئینگلیزی لەسەر بنەمای تیروپشک دەبێت، هیچ مەرجێک داناندرێت.
ب- وەرگرتنی قوتابیان و خوێندکارانی نوێ لە پۆلەکانی (٢) دوو تا (١٢) دوازدە لە قوتابخانە و خوێندنگە و کۆمەڵگە پەروەردەییە حکومییەکانی سیستمی ئینگلیزی لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندن بۆ زمانی ئینگلیزی دەبێت (بەو مەرجەی قوتابخانە جێگەی هەبێت).
ج- ئەرکی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەیە لیژنەیەكی هەڵسەنگاندنی شارەزا لە زمانی ئینگلیزی بۆ سنووری هەر یەك لەو دامەزراوانە دروست بکات کە لە بڕگەی (أ) باسکراون، بە شێوەیەك كۆتا بڕیاری بەڕێوەبەری گشتیی بۆ وەرگرتنی قوتابیان و خوێندکاران لەسەر پێشنیاری لیژنەی هەڵسەنگاندن دەبێت.
د- ئەگەر قوتابی و خوێندکارێک ویستی گواستنەوە بکات لە نێوان دوو قوتابخانە یان خوێندنگە یان کۆمەڵگەی پەروەردەیی حکومی سیستمی ئینگلیزی، ئەوا گواستنەوەی بۆ ئەنجام دەدرێت بەو مەرجەی ئەو قوتابخانە و خوێندنگەیەی بۆی دەچێت جێگەی هەبێت.
هـ – قوتابی گەڕاوەکان بۆ هەرێمی کوردستان لە دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکانی سیستمی ئینگلیزی وەردەگیرێن، بە شێوەیەك ئەگەر لە کاتی تۆمارکردنیان گەڕانەوە هەرێمی کوردستان و پۆلی یەکەمی بنەڕەتی بوون، ئەوا بە شێوەی تیروپشک وەردەگیرێن، ئەگەر لە پۆلەکانی دیکەش بوون، ئەوا پێویستە لە ڕێگەی لیژنەی هەڵسەنگاندنی زمانەوانییەوە بێت.
٧- أ- تۆمارکردنی قوتابیان لە پۆلی (١) ی بنەڕەتی لە ڕۆژی چوارشەممە (٢٠٢٥/٧/٢٣) دەستپێدەکات و تا ڕۆژی چوارشەممە (٢٠٢٥/٨/٢٠) بەردەوام دەبێت، تۆمارکردن ڕۆژانی یەکشەممان و چوارشەممان دەبێت، کە ڕۆژانی دەوامی کارگیری ناوەندەکانی خوێندنن، پێویستە تا کۆتایی دەوامی ڕۆژانی ئاسایی کارگیری ناوەندەکانی خوێندن لە یەکشەممە و چوارشەممە لە دەوام بمێننەوە.
ب- ئەو قوتابخانانەی کە بنەڕەتین و تەنها بازنەی یەکەم و دووەمیان هەیە واتە تا پۆلی شەش پێویستە لە هەمان ڕێکەوتی (٢٠٢٥/٧/٢٣) تا (٢٠٢٥/٨/٢٠) کارەکە ئەنجام بدەن، ئەگەر قوتابخانەیەك پۆلی ٧ی بنەڕەتی نەبوو یان نەکراوە، پێویستە بگوازرێنەوە بۆ ئەو قوتابخانانەی کە پەروەردەی قەزا بۆیان دیاری دەکات.

































































