زاری كرمانجی – یەکێک لە هەنگاوە جدی و گرنگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چاودێریکردنی بازاڕ و ڕێگەنەدانە بە بەرزبوونەوەی نرخ و ساخکردنەوەی کەلوپەلی ماوە بەسەرچوو لە لایەن فرۆشیار و بازرگانانەوە بەسەر هاووڵاتیانی کوردستان.
بۆ ئەم مەبەستە بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری و بازرگانی بە بەردەوامی لە ڕێگەی لیژنە تایبەتییەکانییەوە چاودێریی بازاڕ دەکات و بە کۆنترۆڵکردنی نرخ و دەست بەسەرداگرتنی کەلوپەلی ماوە بەسەرچوو، ماف و تەندروستیی هاووڵاتیانی پاراستووە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بە ماڵپەری حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند: لیژنەکانی چاودێری ڕۆژانە بە پێی پلانەکانیان سەردانی ناوچە ڕێگەپێدراوەکان دەکەن و لە ڕووی کواڵیتی و بەسەرچوون و کەرستەی بەرهەمهێنانی کاڵاکانەوە چاودێریی بازاڕ و مارکێت و دووکانەکان دەکەن، و ئەگەر مادە و کەرەستەیەکی ماوە بەسەرچوو بدۆزرێنەوە، ڕاستەوخۆ دەستی بەسەردا دەگرن و پسوولەی ماوەبەسەرچوون دەدرێتە خاوەنەکانیان و کەلوپەلەکەشیان دەبرێتە بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی تا دواتر لە ڕێگەی لیژنەی تایبەتەوە کە لە نوێنەری قایمقامییەت و بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری و ئاسایش پێک دێت، لە شوێنی تایبەت و دیاریکراو بسووتێنرێت یا بکرێتە ژێر خۆڵەوە.
ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی لە هەر سێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و سۆران هەیە.
بە پێی ڕێنماییەکان، سزای بوونی مادە و کەرەستەی ماوەبەسەرچوو لە ٥٠ هەزار دینارەوە بۆ ٥ ملیۆن دینار دەست پێ دەکات. بەڕێوەبەرایەتییەکان دەسەڵاتی سزادانی تا ٣ ملیۆن دینار و داخستنی دووکان و مارکێتەکانیان بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ هەیە. بەڵام سزای لە ٣ ملیۆنەوە بۆ ٥ ملیۆن و داخستنی بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ لە دەسەڵاتی بەڕێوەبەری گشتییە و لەوە زیاتر لە دەسەڵاتی وەزیر دایە، یا ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.
پشکنەرانی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی لە ٦ مانگی یەكەمی ساڵی ٢٠٢٢، لە هەر سێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆک و ئیدارەی گەرمیان ٣٨هەزار و ١٠٩ جار سەردانی شوێنە بازرگانییەکان کردووە و ١هەزار و ٦٥٠ حاڵەتی سەرپێچییان تۆمار کردووە و دەستیان بەسەر ١ ملیۆن و ٨٤ هەزار و ٧٦٤ تۆن کەرەستەی ماوەبەسەرچوودا گرتووە.
ئاماری سەردانی مەیدانی پشکێنەرانی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی لەسەر ئاستی پارێزگاکان بەم شێوەیەیە:
ـ پارێزگاری هەولێر:
لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ ٩ هەزار و ٧٢٣ جار سەردانی شوێنە بازرگانییەکان کراوە، ٥٠٧ حاڵەتی سەرپێچی تۆمار کراون و دەست بەسەر ١٦٦ هەزار و ٢٢٩ تۆن کەلوپەلی ئێکسپایەر گیراوە.
ـ پارێزگاری سلێمانی:
لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ ١١هەزار و ٥٢٠ جار سەردانی شوێنە بازرگانییەکان کراوە و٨٥٠ سەرپێچی تۆمار کراون و دەست بەسەر ٨٠٤هەزار و ٩٥ تۆن کەلوپەلی ئێکسپایەر گیراوە.
پارێزگاری دهۆك:
لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ ٩هەزار و ٦١٥ سەردانی شوێنە بازرگانییەکان کراوە و ١٥٢ سەرپێچی تۆمار کراون و دەست بەسەر ٨٨ هەزار و ٨ تۆن کەلوپەلی ئێکسپایەر گیراوە.
ـ ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان:
لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ ٧ هەزار و ٢٥١ سەردانی شوێنە بازرگانییەکان کراوە و ١٤١ سەرپێچی تۆمار کراون و دەست بەسەر ٢٦ هەزار و ٤٣٢ تۆن کەلوپەلی ئێکسپایەر گیراوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢ ی ئەیلولی ٢٠٢٢
02 ئەیلوول 2022