مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
هەفتەی ڕابردوو بە هۆی ئاگركەوتنەوە لە هایپەرماركێتێكی پێنج نهۆمی لە شاری كوت 61 كەس گیانیان لە دەستدا .
ڕۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت لە ڕاپۆرتێكدا حزبە سیاسییەكانی عێراق بە هۆكاری ئاگركەوتنەوەكەی ئەو باڵەخانە بازرگانییە ناو دەبات و نووسیویەتی “دەستەی نافەرمیی سەر بە حزبە سیاسییەكان جێبەجێكەری ئەم پرۆژەیە بوون،”
دەشڵێت “زۆر جار ئەو دەستەیە تۆمەتبار دەكرێن بەوەی خەریكی پارە سپیكردنەوەن و لەپشت جێبەجێكردنی ئەو پرۆژانەوەن كە مەرجی سەلامەتییان تێدا نییە.”
پێشتریش دەستەی وەبەرهێنانی واست ئاشكرای كردبوو كە ئەو بنكە بازرگانییەی ئاگرەكەی لێكەوتووەتەوە، مۆڵەتی وەبەرهێنانی نەبووە و هیچ پەیوەندییەكی بە بنكەكەی ئەوانەوە نییە.
هاوكات لیژنەی لێكۆڵینەوە لە ڕووداوی ئاگرەكەی ‘هایپەر ماركێتی’ شاری كوت ئەمڕۆ شەممە 19ـی تەممووزی 2025 ڕایگەیاند “بە هۆی كەمتەرخەمییەوە، لیژنەكە بڕیاری داوە بە ڕاگرتنی 17 بەرپرسی حكومی و ڕاگرتنی سێ ئەفسەر .”
لە لایەكی دیكەشەوە كەسوكاری قوربانییەكان، تۆمەتیان خستە پاڵ بەرپرسانی وڵاتەكەیان كە چاودێری ئەو شوێنە گشتییانە ناكەن و بە ” گەندەڵ” ناویان بردن .
دەشڵێن “بەهۆی نەبوونی كەلوپەلی پێویستی ئاگركوژاندنەوە لە باڵەخانەكەدا، ئەم كارەساتە ڕوویداوە.”

































































