لاس مقسوود اسماعیل, قوتابی کۆلێژی پزیشکی ددان :
لەم رۆژگارەی ئەمرۆدا نەخۆشیەکانی دڵ و مێشک زۆر بوون ، زۆربەی نەخۆشەکانیش نەخۆشی کوشندەن کە بەهۆی هەڵئاوسان یان هەوکردنێکی بچوک دەستیان پێکردووە و بەهۆی بە بایەخ نەدانیان یاخود گرینگینەدان بەو هەوکردنەی لەشیان توشی ئەم نەخۆشیە کوشندانە دەبن بهتایبهتی ههوكردنی دهم.
دەم ئەندامێکە کە بەردەوام کراوەیەو بەرکەوتنی زۆری لەگەڵ هەوکردن و بەکتریا و ڤایرۆس و تەشەنەکردنی هەڵئاوسان هەیە ، لە کۆمەڵگای ئێمەدا زۆر بە بێبایەخی گرینگی دەدرێ بە پاکڕاگرتنی دەم و ددان . لێردا باس لهوه دهكهین کەوا چۆن لەرێگەی هەوکردنی دەم و ددان و پوکەوە، توشی نەخۆشی کوشندەی دڵ و مێشک دەبین.
چۆن هەوکردن لە رێگەی ددان و پوکەوە دەگوازرێتەوە بۆ دڵ؟
لەسەر روکاری ددانەکانمان چینێک بەکتریا کەوا زۆرجار گەر بە نینۆک یان بە دەستەکانمان دەستی لێ بدەین هەستی پێدەکەین ، ئەم چینە بەکتریایە سودبەخشە کەوا ناهێڵێ مادە زیانبەخشەکان بگەن بە روکاری خودی ددانەکە ، بەڵام بەهۆی نەشۆرین یان گرینگی نەدان بەم ددانانە ئەوا ئەم چینە پارێزەرە دەبێتە چینێکی زیانبەخش کەوا ژمارەیەکی زۆر بەکتریای زیانبەخشی تیدا کۆدەبێتەوەو بەمەش دەبێتە هۆی هەلئاوسان و هەوکردنی ددان و پوک ، ئەم هەوکردنە دواتر دەچێتە ناو بۆری خوێن لەڕێکەی ئەو لولە بچوکانەی نزیک ددان و پوکەوە ، کە دەگەنە ناو خوێن هەندێکیان بە بۆری خوێن وەدەنوسێن و دەبنە هۆی تەسکرنەوەی بۆریەکە هەندێکی تریشیان لەگەڵ خوێنەکە دەگوازرێنەوە ناو دڵ و بە دیواری دڵەوە دەنوسێن ، کە ئەمەش دەبێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشیەکانی دڵ .هەروەک چۆن نەخۆشیەکە دەگوازرێتەوە دڵ بەهەمان شێوەش دەگوازرێتەوە مێشک ، ئەمەش زۆر نەخۆشی تری مێشک بەدوای خۆی دادەهێنێ. ئەگەر باسی نەخۆشیەکان و رێگای توشبون بکەین بێگومان دەبێ باسی چۆنیەتی رێگرتن و پاراستن لەو جۆرە نەخۆشیانەش بکرێ تا خەلک هۆشیار بن و زیاتر ئاگاداری سەلامەتی خۆیان بن .
– پێویستە بە لانی کەم ٦-٧ مانگ جارێ سەردانی پزیشکی ددان بکرێ بۆ دڵنیا بوون لە سەلامتی ددان و پووک .
– شوشتنی ددانەکان بە رێگایەکی دروست تا زیاتر بەکتریاکان تەشەنە نەکەن بۆ ناو لولەکانی خوێن.
– زیاتر گرنگی بدرێ بە خواردنی سەوزەو میوە ، نامەوێ بڵێم کەوا خۆراکی دیاریکراو بخۆن چونکە مرۆڤ پێویستی بە هەموو جۆرە خۆراکێکە ، بەڵام زیاد لە سنووری خۆی نەبێ ، نمونە مرۆڤ بە پارچە کێکێک تێربێ پێویست ناکا پارچەیەکی تریش بخوا ، واتا زیاد لە سنووری خۆی خۆراک مەخۆن بەتایبەتی ئەو خۆراکانەی کە شیرینن ، و پێویستیشە دوای خواردن ددانەکانت بشۆری
– پێویستە دوربکەوینەوە لە بەکارهێنانی جگەرو نێرگەلە
ئەمانەی باسمانکردن بەهۆی گرینگی نەدان بە هەوکردنە بچوکەکان وەک دەم و ددان ، دەبنە هۆی نەخۆشی گران، بۆیە هەمیشە ئێمە پێویستە ئاگاداری خۆمان بین و پارێزگاری لە لەشی خۆمان بکەین چونکە هیچ شتێک هێندەی جەستەی مرۆڤ پیرۆزتر و بە قەدرتر نیە .

































































