زاری كرمانجی-سۆران
مامۆستایەكی زانكۆ: كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكاتی مەسرور بارزانی، ئەمڕۆ دەست كەوتەكان و ئامانج و پلانە ستراتیژیەكانی ڕوونتر دیارن كە لە چ ئاستێكدا كاریگەریان لەسەر بەهێزكردنی حكوومەت و حكومڕانی هەرێم هەبووە.
د. تاڵیب شێروانی، مامۆستای زانكۆ، بە زاری كرمانجی گووت: سەرباری قەیرانە سروشتی و دەستكردەكانی یەك لەدوای یەك و دوای 6 ساڵ لە پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكاتی مەسرور بارزانی، ئەمڕۆ دەست كەوتەكان و ئامانج و پلانە ستراتیژیەكانی ڕوونتر دیارن كە لە چ ئاستێكدا كاریگەریان لەسەر بەهێزكردنی حكوومەت و حكومڕانی هەرێم هەبووە لە هەمبەر هەموو سەختییەكان، شاهێدی ئەوە بووین كە لەسەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەكەی، ڕووبەڕووی چەندین تەحەدیات بووەوە، جا لە پیلانی نەیاران بگرە تا مووشەك بارانكردنی هەرێم وەك فشار، هەروەها پیلانی ناوخۆ لە بایكۆت و چەواشەكاری و دەست تێكەڵكردن لەگەڵ نەیاران و ناخەزان، بۆ بێ هیواكردنی خەڵك و نەمانی متمانە بە حكوومەتی خۆیان، لە لایەكی تر ڕووداوەكانی ناوچەكە و دابەزینی نرخی نەوت كە تاكە سەرچاوەی داهات بوو، هەروەها ڕووداوە سرووشتییەكان وەك لافاو و كەم بوونی سەرچاوەكانی ئاو و هاتنی پەتای كۆرۆنا، هەموو ئەمانە لە یەكەم ساتی دەست بەكاربوونی، یەك بە دوای یەك بوونە تەحەدیات لە پێش خۆڕاگری بەرێزیان، بەڵام بە كردار سەلماندی لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەكان بەردەوام دەبێت.
گووتیشی: لە كابینەی نۆیەم بە هەزاران كیلۆمەتر ڕێگای دووساید دروستكراون و نۆژەنكراونەتەوە، سەدان پڕۆژەی نیشتەجێبوون دروستكراون، لە كەرتی گەشتیاری ژێرخانێكی بەهێزی پەرەپێدا لە رێگەی دروستكردن و نوێكردنەوەی سەدان هاوینەوار و جێگەی گەشتیاری و دروستكردنی كۆڕنیش و هۆتێل و مۆتێل، گرینگی دان بە بۆنە نەتەوەییەكان تا لە هزر و بیر خەڵكی و گەشتیاران بمێنن بۆ نموونە نەورۆز، بە هۆیەوە ئێستا لە هەرچوار پارچەی كوردستان و وڵاتانی دراوسێ و جیهان دێن بۆ پایتەختی نەورۆز (ئاكرێ)، لە كەرتی تەندروستی، لە سەردەمی كۆرۆنا، دەیان ملیار دینار تەرخانكران بۆ بەهێزكردنی نەخۆشخانە و تاقیگەكان، كردنەوەی نەخۆشخانە و تاقیگەی نوێ لە پێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان، ئێمە بینیمان كە كوردستان لەو ڕووەوە لە زۆرێك لە وڵاتانی پێشكەوتوو باشتربوو، لە كەرتی كارەبا، لەسەرەتای دەستبەكاربوونی بەرێزیان تێروانینیان هەبوو كە ساڵانێكە كارەبا كێشەكی سەرەكییە بۆیە بە لێزانانە توانی ئەو خەونە بەدی بهێنێت كە لە هەرێمی كوردستان كارەبای ٢٤ كاتژمێر هەبێت ئەویش لەرێگەی پڕۆژەی ڕووناكی هاتەدی”.
ئەو مامۆستای زانكۆ، دەشڵێت: لەلایەكی دیكەوە لە كابینەی نۆیەم كاری جددی كرا لە بواری بە دیجیتاڵكردنی دامودەزگاكانی هەرێم، لەپێناو نەهێشتنی گەندەڵی و ڕۆتین، دەستكرا بە سیستەمكردنی تەواوی كاروبارەكانی هەرێم و بەوەش كار ئاسانی زۆری بۆ هاووڵاتییان دروستكرد، لەوانەش پڕۆژەی هەژماری من كە یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیژیەكان كە نەیارانی پێ قەلس كردوون، هەروەها لە بواری خوێندنی باڵا و كەرتی تایبەت و هێنانە كایەی بۆردی متمانە بەخشین بۆ پرۆگرامەكان و سەربەخۆیی كردنی زانكۆكان لە بواری زانستی و كارگێری و پاڵپشتیكردنی قوتابییان و دەیان و سەدان پڕۆژەی تر كە هەموویان خزمەت بە گشتی دەكەن.

































































