سەردار حەمەدەمین : عێراق بە شێوەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراو كار لەسەر لاوازكردنی هەرێمی كوردستان دەكات
ڕەسول حەمەد : ئەوەی ئێستا حكومەتی عێراق دەیكات، دژی تەواوی خاكی كوردستان و كوردە
كاروان مستەفا : پێشكەوتنی شارەكانی هەرێم، بەرپرسە عێراقییەكانی نیگەران كردووە
كرێكار عەلی : كارەساتە سیاسی و ڕۆژنامەنووسی كورد، خۆزگە بە لەناوچوونی دەسەڵاتی كوردی بخوازێت
زاری كرمانجی – سۆران :
گەنجانی ئیدارەی سۆران نیگەرانن لە شێوازی هەڵسوكەوتكردنی حكومەتی عێراق بەرامبەر حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەڵێن”كاتی ئەوە هاتووە سنوورێك بۆ ئەم بێڕێزی حكومەتی عێراق دابنرێت.”
بەشێك لە گەنجانی ئیدارەی سۆران، پێیان وایە بڕیارەكانی بەغدا تەنیا بڕیارێكی یاسایی نین، بەڵكوو لە پاڵ ئەوەدا ئامانجی سیاسی هەیە و پێیان وایە كورد و ئەزموونی هەرێمی كوردستان لە مەترسی دایە، بۆیە نیگەرانن و داوا لە حكومەتی هەرێم و پارت و لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان و هاونیشتمانییان دەكەن دژ بەو بڕیارەكانی بەغدا هەڵوێست وەربگرن و كۆتایی بەو بێ ڕێزەیە بهێنن.
سەردار حەمەدەمین پێی وایە عێراق بە شێوەیەكی بەرنامە داڕێژراو كار لەسەر لاوازكردنی هەرێمی كوردستان دەكات و دەڵێ”مێژووی عەرەبی عێراقی پڕە لە دژایەتی كردن و نكۆڵی كردن لە نەتەوەی كورد، ئەوان ئەگەر لە دەسەڵات بن هەمیشە هەوڵی سەركوتكردن و قڕكردنی كوردییان داوە، لە كاتی كەوتن و بێ دەسەڵاتیشدا خۆیان وا نیشان داوە كە دۆستی نزیكی كوردن، خۆش باوەڕی و سادەیی سەركردایەتی سیاسی كوردیش، وای كردووە گەلەكەی بە درێژایی مێژوو قوربانی بووبێت، بۆیە ئیدی نامانەوێت لەوە زیاتر تەسلیم بە داخوازییەكانی عەرەبی عێراقی ببین، ئەوان هیچ ژیانكردن و دەستكەوتێك بە ئێمە ڕەوا نابینن و حەز و چێژ لە ئازاردان و چەوساندنەوەی كورد دەبینن، بۆیە سەركردایەتی كورد، پێویستە چاونەترسانە ڕووبەڕووی هەموو ئەو هەوڵە نەزۆكانە ببێتەوە كە ئامانجیان قڕكردن و لە نێو بردن و سڕینەوەی كوردە، بەتایبەت لە هەمبەر دوا بڕیارەكانی عێراق و بە هیچ شێوەیەك ئامادە نەبن دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان ڕادەستی بەغدا بكەن، چونكە كورد تەنیا ئەو كارتەی لە دەست ماوە، ئەگەر ئەویشمان لە دەست بچێت، هیچ شتێكمان نامێنێت شانازی پێوە بكەین و هۆكارێك بێت بۆ دروستكردنی بناغەی دەوڵەت بوون.”
كاروان مستەفا باس لەوە دەكات كە حكومەتی عێراق وەك پێویست نەیتوانیوە خزمەت بە هاووڵاتییانی خۆی بكات و پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ شارەكانی دابین بكات، بۆیە هاووڵاتییانی گلەیی و ڕەخنەی توندیان لێ دەگرن و بە پێشكەوتنەكانی كوردستان دەیانشكێننە، دەڵێ”ئەو گەشتیارانەی ڕوو لە كوردستان و هاوینەهەوارەكانی دەكەن و بە چاوی خۆیان پێشكەوتنی ئێرە دەبینن و شارەكانی خۆشیان دەزانن لە چ ئاست و بارودۆخێك دایە، بۆیە لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و دابەزاندنی ڤیدیۆكانی پێشكەوتن و جوانی شارەكانی كوردستان، گلەیی و گازندە لە حكومەت و سەركردەكانی خۆیان دەكەن و لە پەیامەكانیاندا پێیان دەڵێن ئێرە ئەورووپا نییە ئێرە كوردستانە، چیتان لەوان كەمترە بۆ ئەوان شارەكانی خۆیان بەو شێوەیە پێشخستووە و جوان كردووە، ئەی ئێوە چی، بۆ نایكەن ؟”
ئەوەی كامەڕان عەزیز ی نیگەران كردووە هەڵوێستی بەشێك لەو كوردانەیە كە دڵخۆشن بە بڕیارەكانی بەغدا و دەڵێ”چ شەرمێكە هاو زمان و هاو نەتەوەی خۆت بە بڕیارێك دڵخۆشە، كە زیان لە خۆی و نەتەوە و نیشتمانەكەی دەدات، دەزانم بارودۆخی ئابووری كوردستان خراپە و گەندەڵی هەیە و وەكوو پێویست نەتوانراوە خزمەت بە خەڵك بكرێت، بەڵام تاوانێكی گەورە و پڕ لە شەرمەزارییە، كە پێت خۆش بێت نەوەكانی ئەو جەللادانەی دەستیان بە خوێنی هەزاران ڕۆڵەی كورد سوور كردەوە و سەردەمانێك ئازاری نەتەوەی كوردییان داوە و كۆمەڵكوژی منداڵ و ژن و پیر و پەككەوتەیان كردووە، جارێكی تر دەست بە سەر ئەو خاك و نیشتمانە دابگرنەوە و دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان لەناو بچن.”
كامەڕان ئەوەش دەڵێ”بەغدا زۆر دەمێكە كار بۆ ئەوە دەكات ئەو دەستكەوتانە لە ناو ببەن كە ڕێگە خۆشكەرن بۆ گەیشتنی كورد بە ئامانجی لە مێژینەیی خۆی كە دەوڵەتی كوردستانە، بۆیە ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت درێژكراوی هەمان سیاسەتی داگیركەران و دوژمنانە.”
كرێكار عەلی ملنەدانی هەرێم بۆ دەستهەڵگرتن لە مافە سروشتییەكانی خۆی سەنگی كوردی لە هاوكێشەی سیاسیی عێراقیدا بەهێزتر دەكات و دەڵێ”لەڕووی سیاسییەوە ملنەدانی هەرێم بە مەرجە (شۆڤێنییەكانی) بەغدا بۆ دەست هەڵگرتن لە مافە سروشتییەكانی خۆی، سەنگی كوردی لە هاوكێشەی سیاسیی عێراقیدا بەهێزتر دەكات و، لەڕووی دیپلۆماسی و نێودەوڵەتییەوە دەبێتە فاكتەرێك بۆ بەهێزبوونی پێگەی هەرێمی كوردستان لە هاوكێشەی نێودەوڵەتیدا و بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی كە هەرێم تا ئاستێك خاوەنی ئابوورییەكی بەهێزە و دەتوانێت پارێزگاری لە مافە سروشتییەكانی خۆی بكات”،
كرێكار نیگەرانە لەبەرامبەر هەڵوێستی هەندێك لە سیاسی و ڕۆژنامەنووسی باشووری كوردستان، كە دەورێكی زۆر خراپ دەگێڕن لە ناشیرین كردنی كارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەڵێ”كارەساتە كۆمەڵێك سیاسی و ڕۆژنامەنووسی كوردستان، وەك دوژمنێك لە بەرامبەر حكومەتی هەرێمی كوردستان وەستاونەتەوە و دەورێكی زۆر خراپ دەگێڕن لە هاندانی خەڵك دژ بە حكومەت و ناشیرین كردنی جوانییەكانی نیشتمان و ڕاست و چەپ هێنان بە سەر تەواوی دەستكەوتەكانی حكومەت، بەداخەوە كاتێ قسە دەكەن هەر وەكوو عەرەبێكی شۆڤێنی قسە دەكەن و بیر دەكەنەوە و بە ناوی ئازادی ڕادەربڕین هەموو سنوورەكانی ئازادییان پێشێل كردووە”،
كرێكار هیوادارە ئەو برادەرانە بە هۆش خۆیان دابێنەوە و پێیان دەڵێ”بێ ئەوەی ئاگادار بن، خزمەت بە ئامانج و بەرنامەی داگیركەران دەكەن، پشتی نەتەوەكەی خۆتان بگرن و واز لەو دوو ڕووی یە بهێنن، چونكە لەو كارەدا تەنیا شەرمەزاریتان بۆ دەمێنێتەوە و مێژووش ڕۆحم بە كەس ناكات.”
ڕەسول حەمەد بارودۆخی هەرێم و قەیران و نەبوونی مووچە نیگەرانی كردووە و دەڵێ”ئەوەی ئێستا حكومەتی عێراق دەیكات، دژی تەواوی خاكی كوردستان و كوردە، بۆیە هەر كاتێك مەترسی لە سەر قەوارەی هەرێمی كوردستان دروست بوو، بە دڵنیایەوە هەموومان تێدا زەرەرمەند دەبین، ناكرێت بە هۆی تووڕە بوون لە خراپ بەڕێوەبردنی دەسەڵات و حوكمڕانی و نەبوونی مووچە و كارەبا و ئاو، هەموو شتێكی ئەم نیشتمانە و دەستكەوتەكانی بكەینە قوربانی و پشتی تێ بكەین، ئێمە ڕووبارێك خوێنمان ڕشتووە تا ئەو هەرێمە دروست بووە و چەند دەستكەوتێكی گرنگمان بەدەستهێناوە، بە لە دەستچوونی ئەو دەستكەوتانە ئەو ئەزموونەشمان لە دەست دەچێت و مەحاڵە جارێكی تر بتوانین سەر لە نوێ دروستی بكەینەوە.”

































































