زاری كرمانجی – سۆران:
ئەكادیمیای یانەی وەرزشی ئافرەتانی سۆران بە كۆكردنەوەی چەندین یاریزانی ئەو دەڤەرە دەستی كردووە بە ڕاهێنان بە سەرپەرشتی كەسانی ئەكادیمی شارەزا لە پێناو كۆكردنەوەی بەهرەمەندەكان و دروستكردنی چەندین یاریزانی ئاست بەرز بۆ داهاتوو بە تایبەت لە یاری تۆپی پێ.
ئەكادیمیای وەرزشی گرنگییەكی زۆری هەیە لە گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی و كلتووری یاریزانەكانی سنووری ئیدارەی سۆران، ئەم فێرگانە نەك تەنها وەك ناوەندێك بۆ فێربوونی وەرزش، بەڵكو هۆكارێك دەبن بۆ بەرەوپێشچوونی ئافرەتان لە كۆمەڵگادا بە شێوەیەكی گشتی، و یەكێك لە گرنگترین لایەنەكانی ئەم فێرگانە بریتییە لە بەدەرخستنی توانای ئافرەتان بۆ بەشداریكردن لە چالاكییە وەرزشییەكان لە هەرێمی كوردستان و دەرفەت و هەلی گونجاو دەڕەخسێنن لەبەردەم ئافرەتان تا بتوانن پەرە بە توانای خۆیان بدەن و بەهرەكانی خۆیان پیشان بدەن، جگە لەمەش ئەم ئەكادیمیا وەرزشییانە كاریگەرییەكی ئەرێنی لەسەر تەندروستی جەستەیی و دەروونی ئافرەتان بە شێوەیەكی بەرچاو دروست دەكەن.
لە ئێستادا ئەكادیمیای یانەی وەرزشی ئافرەتانی سۆران بە چڕی دەستی بە مەشق كردووە ژمارەی یاریزانەكانیان نزیكەی ٢٠ یاریزانە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ یاریزانی زیاتر ڕوو لەم ئەكادیمیایە دەكات كە ئەمەش ئامەژەیەكی ئەرێنییە بۆ پێشكەوتنی بواری وەرزش لە ئیدارەی سۆران بە تایبەت بۆ ئافرەتان.
یانەی وەرزشی ئافرەتانی سۆران خاوەن تیپێكی تۆپی پێی بەهێزە هەموو وەرزێك لە خول و پاڵەوانیەتییە وەرزشییەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر نازناوەكان جەنگاوە و هەمیشە ئەو یانەیە ماڵێك بووە بۆ كۆبوونەوەی ئافرەتان و كار دەكات بۆ دۆزینەوەی بەهرەكانی ئافرەتان لەم دەڤەرە و گرنگییان پێ دەدات بۆ ئەوەی لە یارییە وەرزشییەكان سەركەوتوو بن.

































































