هیڤی عومەر- زاری كرمانجی:
تەكنەلۆجیا دوو لایەنی هەیە، ئەگەر بەباشی ئاراستە بكرێت، كاریگەری دەبێت، بەڵام پێچەوانەكەی كاریگەری خراپی دەبێت، لەم ڕاپۆرتەدا تیشكمان خستووەتەسەر لایەنە باشەكەی ئەویش كاریگەری لەسەر بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن لە ناوەندەكانی خوێندن دەبێت.
گوڵناز خەلیفە، دەرچووی كۆلێژی تەكنیكی سۆران، بۆ زاری كرمانجی گوتی: تەكنەلۆژیا ئاسانكاری زۆری بۆ قوتابییان كردووە من دەرچووی بەشی ژمێریاریم خوێندووە ئەو كاتەی ئەركی ڕۆژانەمان هەبوو هەر لە وێبسایتەكان سێرچێكم دەكرد بۆ ئەو بابەتەی كە دەمویست زانیاری لەسەری كۆبكەمەوە و هەژماری گۆگڵم بەكاردەهێنا تا زانیاریم دەست بكەوێت یان كە ڕاپۆرتێكم ئامادە دەكرد دەربارەی هەر بابەتێك لە ماڵپەری گۆگڵ وەردەگرت، بۆیە دەتوانم بڵێم زۆر سوودم لە تەكنەلۆجیا وەرگرتووە و بووەتە هۆی پێشكەوتنی من لە بواری خوێندن، كاتێك كە قوتابی بووم زۆر یارمەتیدەرم بوو و وەك مامۆستایەكی بێ بەرامبەر وابوو بۆ من، هەروەها سوودێكی تری تەكنەلۆجیا ئەوەیە كە قوتابی دەتوانێت دەستی بە ناوەڕۆكی نوێ بگات، بۆ نموونە ئێستا قوتابی ئاسانتر دەستی بە كتێبەئەلكترۆنییەكان دەگات، تەكنەلۆژیا بەردەوامە لە گۆڕینی سەرجەم كایەكانی ژیان.
ئاشكراشی كرد: تەكنەلۆژیا توانیویەتی كۆمەڵگە بگۆڕێت، ئەوەش ئەوەمان بۆ دەردەخات كە تەكنەلۆژیا زیانی نییە و ئەو خراپیانەشی كە هەیەتی دەرئەنجامی خراپ بەكارهێنانیەتی، هەروەها كاریگەری و گۆڕانی زۆری بەسەر سەرجەم بوارەكاندا هێناوە بە تایبەت بواری پەروەردە، هەروەها زۆر لە قوتابخانەكان وازیان لە ڕێگە تەقلیدیەكەی وانەوتنەوە هێناوە و بە ئامێری پێشكەوتوو وانەكان دەڵێنەوە، كە بەم ڕێگایە دەستخستنی زانیاری ئاسانتر و زۆر زیاتر و هەمەچەشنتر دەكات، بە قسەی چەندین مامۆستا كە سمارت بۆرد بەكاردێنن بۆ وانەوتنەوە، گەیاندنی زانیاریەكان بە قوتابییەكان زۆر ئاسانتر بووە، لە هەمان كاتدا كاتێكی زۆریان بۆ گەراوەتەوە، شێوازە كۆنەكە ماندووبونی زیاتر و كاتی زۆرتری دەویست بۆ ڕوونكردنەوەی بابەتەكان جیا لەمە ئێستا دەتوانین لەگەڵ باسكردنی بابەتەكان وێنە و ڤیدیۆ بەكاربێنین، ئەوەش وا دەكات قوتابی باشتر تێ بگات و زووتر وەربگرێت.
ئومێد گەیلانی، ڕاهێنەری نێودەوڵەتی لەبارەی كاریگەری تەكنەلۆجیا لەسەر بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی پەروەردە، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند، تەكنەلۆژیا شۆڕشێكی گەورەی لە پرۆسەی پەروەردە و فێركردن كردووە، دەرفەتی بێ وێنەی بۆ قوتابییان و مامۆستایان پێشكەش كردووە، یەكێك لە كاریگەرییە هەرە گرنگەكان دەست ڕاگەیشتنە بە زانیارییەكان، ئینتەرنێت دەست ڕاگەیشتنێكی خێرایە بە كۆگاكانی زانیاری، ئەمەش ڕێگە بە قوتابییان دەدات كە بە قوڵی لێكۆڵینەوە لە بابەتەكان بكەن، لە دیدگە جۆراوجۆرەكان بكۆڵنەوە و لە ڕووداوەكانی ئێستا ئاگادار بن، هەروەها كتێبخانە ئۆنلاینەكان و ماڵپەڕە پەروەردەیی و سەرچاوە دیجیتاڵییەكان پڕۆسەی فێربوونیان خێراتر كردووە، جگە لەوەش تەكنەلۆژیا گۆڕانكاری بەسەر شێوازی گەیاندن و بەكارهێنانی زانیاریدا هێناوە، ئامرازە كارلێكارەكانی ماڵتیمیدیا، وەك ڤیدیۆ، وێنە و نووسین و بەشەكانی تر وای لە قوتابی كردووە واقیعیانەتر لە شتەكان تێ بگەن، فێربوون زیاتر سەرنجڕاكێش دەكات و بە قوڵی لە قوتابی دەگەیەنێت بۆ نموونە لە هاوكێشەیەكی ئاڵۆزدا ڤیدیۆیەك هاوكار دەبێت بۆ تێگەیشتنی قوتابییەكە، ئەم ئامرازانە ڕەچاوی شێوازە جیاوازەكانی فێربوون دەكەن، ئەمەش ڕێگە بە قوتابییان دەدات بە ئاسانی چەمكە ئاڵۆزەكان تێ بگەن، مامۆستایان دەتوانن وانەی دینامیكی دروست بكەن، جگە لەوەش مامۆستایان دەبێت ڕاهێنراو بن بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی كاریگەر تەكنەلۆژیا لە وانەوتنەوەدا بەكاربهێنن، بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی فێربوون نەك تەنها شێوازە تەقلیدییەكان بەكاربێنن.
كاژین عەبدولواحید، مامۆستا لە قوتابخانەی كوڕەكی ناحكومی، بۆ زاری كرمانجی دەڵێت: لەم سەردەمەدا ناتوانین كاریگەرییەكانی بەرەوپێشچوونی تەكنەلۆژیا لەسەر پرۆسەی پەروەردە و فێركردن پشتگوێ بخەین، چەمكی پەروەردە و فێركردن دوو لایەنی گرنگن و ڕۆڵێكی گەورە دەبینن لە دنیای مۆدێرن و پیشەسازی، تەكنەلۆژیا یەكێكە لەڕێگە نوێیەكان بۆ پرۆسەی پەروەردە و فێركردن، ئەمەش بەهۆی پێشكەوتنی ئامێرەكانی تەكنەلۆژیا وەك بەكارهێنانی داتاشۆ، كۆمپیوتەر، ئامێرەكانی دەنگ و ڕەنگ، هەروەها تەكنەلۆژیا ئاسانكاری زۆر بۆ قوتابییانی كردووە كە بتوانن دەستیان بە ناوەرۆكی نوێی بابەتەكان بگات.

































































