” دابەزینی ئاستی زانستی قوتابییان بۆ نەبوونی پسپۆری پێویست دەگەڕێتەوە “
مستەفا دۆلەمەری – زاری كرمانجی:
، بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری و سەرپەرشتیكردنی پەروەردەیی گشتی سۆران، لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی باس لە خوێندنی ساڵی ڕابردوو و ئاستی زانستی قوتابییان دەكات، هەروەها تیشكدەخاتە سەر كەموكوڕییەكانی پڕۆسەی خوێندن لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و دەڵێت: زۆری قوتابییان لە پۆلێك گەورەترین كێشەی كەرتی پەروەردەیە لە سنوورەكە.
لە دەستپێكی قسەكانیدا، بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری و سەرپەرشتیكردنی پەروەردەیی گشتی سۆران، گوتی: بەبۆنەی كۆتایی هاتنی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٤- ٢٠٢٥ ، دەستخۆشی لە تەواوی كارگێڕی قوتابخانەكان دەكەم، سوپاسی بەڕێوەبەری گشتی و ستافی بەڕێوەبەرایەتی گشتی و بەتایبەتی سوپاسی سەرپەرشتیارەكان دەكەم، كە توانییان بە درێژایی ساڵی خوێندن بەدواداچوون بۆ پرۆسەی خوێندن بكەن، وەكو هاوڕێی ڕەخنەگر و هەروەها هەڵسەنگاندنی دەرەكی بۆ سەرجەم قوتابخانەكان و باخچە و ناوەندەكان، بە حكومی و ناحكومی، پەیمانگەكان بكەن، ئەمەش جێگەی دڵخۆشی بوو و ژمارەی باخچە و ناوەندەكانی خوێندن بە حكومی و ناحكومی و پەیمانگەكانەوە ٦٨٩ ناوەند دەبن، هەموو ئەوانە هەڵسەنگاندنی دەرەكیان بۆ كرا.
مامۆستا حیكمەت سەلمان، بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری و سەرپەرشتیكردنی پەروەردەیی گشتی سۆران، گوتی: پڕۆسەی پەروەردە لە هەر چوار پەروەردەی سەر بە بەڕێوەبەڕایەتی گشتی، وەكو ساڵانی ڕابردوو بە سەركەوتووی بەڕێوەچوو، لەڕووی دەوام كردن گرفت نەبوو، میلاكات تا ڕادەیەك كێشەی نەبوو بەتایبەت لە سەنتەری شارەكان، بەڵام كەموكوڕی پرۆسەی خوێندن زۆرە ساڵانە بە ڕاپۆرت بەرز دەكرێتەوە، بەڵام وەكو پێویست نەتواندراوە ئەو كەموكوڕیانە چارەسەر بكرێن، لەوانە زۆری ژمارەی قوتابییان بە تایبەت لە سەنتەری شار و كەمی باڵەخانە، لە ساڵی ٢٠١٣- ٢٠١٤ تاوەكو ئێستا نەتواندراوە هیچ باڵەخانەیەك دروست بكرێت بۆ قوتابخانە، بۆیە زۆری قوتابییان لە پۆڵێكدا هۆكارە بۆ دابەزینی ئاستی زانستی قوتابییان، هەروەها نەبوونی پسپۆری پێویست ئەویش هۆكارێكی ترە بۆ دابەزینی ئاستی زانستی قوتابییان، ژمارەیەكی بەرچاو لە دەرچووان مامۆستایەتی دەكەن مامۆستاش نینە، بەڵكو دەرچووی پەیمانگەكانی كارگێری و كۆمپیوتەری دوو ساڵەنە، نەبوونی ڕاهێنان بە مامۆستایان و نەبوونی ڕۆڵی سەرپەرشتیار لە ڕێكخستنی میلاكات هۆكارن بۆ دابەزینی ئاستی زانستی قوتابییان.
مامۆستا حیكمەت سەلمان، ئاشكراشی كرد: پرۆسەی پەروەردە لە هەرێمی كوردستان بە تایبەت لە ئیدارەی سۆران، بەرەو باشتر دەچێت، ئەگەر ئەو كەموكوریانەی كە ئاماژەم پێكردن نەمێنن و پلانیان بۆ دابنرێت، وەكو دروستكردنی باڵاخانە و گرینگی دان بە پسپۆریی، نەك بە ژمارەی مامۆستا لە قوتابخانە، هەروەها ڕۆڵی سەرپەرشتیاری پسپۆری بگەرێتەوە و سەرپەرشتیار ڕۆڵی هەبێت لەڕێكخستنی میلاكات.
بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری و سەرپەرشتیكردنی پەروەردەیی گشتی سۆران، ئاماژەی بەوەدا: وەكو سەرپەرشتیاری پەروەردەیی ساڵانە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەكان پلان دادەنێین لیژنەكان بەپێی پێویست بەشداری دەكەن لە دابەشكردنی مامۆستایان بەسەر قوتابخانەكاندا.
مامۆستا حیكمەت سەلمان، بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری و سەرپەرشتیكردنی پەروەردەیی گشتی سۆران، دەشڵێ: گرفتی سەرپەرشتیارییمان هەیە و ژمارەی سەرپەرشتیاران بە بەراورد لەگەڵ ناوەندەكان وەكو پێویست نییە و پێویستیمان بە 54 سەرپەرشتیار هەیە، هەروەها كارمەندی خزمەتگوزاری لە یەكەكان نییە، پێنج شەممەی ڕابردوو كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە كرا و تەوەرەكانی ئەم كۆبوونەوەیە بریتی بوون لە ڕێكخستنی میلاكات و وەرگرتنی قوتابییان بۆ ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠٢٥- ٢٠٢٦.


































































