“ڕەخنەگر وبینەری زۆر باشمان نییە”
کانی کامەران حەسەن لە دایکبووی ساڵی ٢٠٠٣ یە و خاوەن بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی هەولێر_ بەشی شێوەکاری، ئێستا ڕاهێنەری خولی شێوەکاریە لە قەزای چۆمان.
لەم دیدارە وەڵامی پرسیارەكانی زاری كرمانجی دایەوە.
زۆرجار یەك وێنە دەتوانێت دەرخەری زۆر بابەتی هەستیار بێت و كۆمەڵێك پەیامی لە پشتە پێتوایە ئافرەتی كورد توانیبێتی لە وێنە كێشان بگاتە ئەو ئاستەی گەیاندنی پەیام،
هونەرمەند كانی حەسەن لەمبارەوە گووتی ” بەدڵنیایەوە هونەرمەندی زۆر جوان و باشمان هەیە لەم بابەتەدا سەرکەتوو بووە بەتایبەت لە وڵاتێکی وەک کوردستان کە هەمیشە نەهامەتییەک بۆ کوردبوونمان هەیە، پێم وایە ئەمە ڕێگە بۆ هونەرمەند فراوان دەکات کە تابلۆکانی هەمیشە هەڵگری پەیامی جیاواز بن چ دەربارەی کۆمەڵگا یان ڕۆڵی ئافرەت یا هەرشتێک لەم وڵاتە هەستی هونەرمەند پڕ دەکات و وای لێدەکات بەسەر تابلۆکەیدا هەڵیڕێژێت”.
ئەو کێشانە چین کە بەرەنگاری هونەرمەندان دەبنەوە لە کاتی کردنەوەیان بۆ پێشنگایەکی تایبەت ئەم خانمە هونەرمەندە لە وەڵامدا دەڵێت” زۆر جار هونەرمەند دەیەوێت بوونی خۆی لە شێواز و تەکنیکی جیاوازدا بسەلمێنێت و نمایشی بکات، بەڵام یەکێک لەو گرفتانەی بۆ هونەرمەندان کێشەیە لایەنی مادی و بەسپۆنسەرکردنی پێشانگاکەیە، ئەمە لە ئێستا پەراوێز خراوە نە لایەنی سیاسی نە لایەنی ڕۆشنبیری دەستێکی نییە بۆ گرتنی دەستی هونەرمەندان و کردنەوەی پێشانگا بۆیان هەر ئەوە نا زۆرجار من بە پێویستم زانیوە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەم بابەتە هەڵسن بە کۆکردنەوەی ئەو هونەرمەندە کوردانەی کە کارەکانیان لە ئاستێکی باشدایە، بەڵام کاتێک هاتۆتە سەر وەرگرتنی ڕەزامەندی لەم لایانە پەیوەندی دارانە وەک ئەوە مامەڵەیان کردووە کە نەزانن هونەر چیە! ئەمانە هەموویان هۆکارن کە وا لە هونەرمەند بکەن کپ ببێ و کارەکانی لە گۆشەیەکی بچوک و پارێزراو بهێڵێتەوە.
ئەم هونەرمەندە پیوایە وێنە دەتوانێت مرۆڤ لە خەم و كێشەكانی رۆژانە دوور یا بەتاڵ بكاتەوە و روونیكردەوە ” بەڵێ زۆر جار بەبیرکردنەوە لە کێشانی وێنەیەک یان داهێنانێکی هونەری دەتوانێت ئاسودەیەکی زۆری لێوەدەستبێت بۆ مرۆڤ جا چ بگات بە ئەنجامدانی کارێکی هونەری”.
خاتوو كانی خاوەن بیرۆكەی جوان و دەستێكی رەنگینە لە بواری شێوەكاری، ئەمە دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی منداڵی كە وەك خۆی گووتی ” هەر لە تەمەنی منداڵییەوە خولیای شێوەکاریم هەبووە و پەرەم پێداوە، بەڵام کاتێک گەشتم بۆ پۆلی دوانزە حەز و خولیام بۆ هونەر بەتایبەتیش بواری شێوەکاری زیاتر بوو، ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە کۆلێژی هونەرە جوانەکان هەڵبژێرم و لەوێدا پەرە بە بەهرەکانم بدەم، بەداخەوە هەرچەندە زانکۆ ئەو خەونە گەورەیە نەبوو کە من دەم بینی، بەڵام بەهۆی هەوڵ و ماندووبونی تاکە کەسیم لەماوەی خوێندنی زانکۆ توانیم بەشێوەیەکی باش فێری ئەکادیمیای شێوەکاری ببم و بەسەرکەوتووی ئەم قۆناغە تەواو بکەم”.
ئەم خانمە هونەرمەندە لە بارەی ئاستی هونەری وێنەكان بۆچوونی تایبەتی خۆی هەیە و دەڵێت ” هونەری وێنەکێشان بەداخەوە کە دەڵێین هونەری وێنەکێشان، چونکە ئەم دەستەواژەیە سنووردارمان دەکات و تەنها لەچەند سەردەمێک زیاتر نیە! بەڵام کاتێک دەڵێن هونەر و هونەری شێوەکاری ئینجا تێدەگەین کە هونەری شێوەکاری لە جیهاندا هەیە و هونەری وێنەکێشان لە کوردستان! من گەر ڕاشکاو بم دەربارەی ئەم پرسیارە دەڵێم هونەری وێنەکێشان لە کوردستان لە ئاستێکی زۆر باش دایە، بەڵام گەر لێم بپرسن شێوەکاری بەگشتی لەچ ئاستێکدایە؟ لەوڵامدا دەڵێم لە ئاستێکی خراپ دایە!چونکە هونەری شێوەکاری کاتێک دەبێتە گشتی هەموو سەردەمەکان دەگرێتەوە بە هاوچەرخیشەوە، هەرچەندە ئێمە لە کوردستان لەگەڵ سەردەمی هاوچەرخدا زۆر خراپین پێمان وایە هونەر تا ئەم سەردەمەش هەر تابلۆ و ڕەنگە، بەڵام نەخێر هونەری ئەم سەردەمە شتێکی جیاکەرەوە نییە بەڵکو بیرکردنەوە و کۆنسێپ و داهێنانە، بەڵام هونەری وێنەکێشان تەنها تابلۆ و ڕەنگ و فڵچە دەگرێتەوە کە ئەمە لە کوردستاندا زۆر باشە و هاوچەرخ و نوێ گەریەکانیش لە جیهاندا باشن”.
لە بارەی ڕۆڵی راگەیاندن بۆ ناساندن و بەرەو پێش بردنی هونەری شێوەكاری و وێنەكێشان، كانی كامەران حەسەن دەڵێت” ڕەنگە هونەرمەند و کاری هونەری زۆر باشمان هەبێت، بەڵام ڕەخنەگر وبینەری زۆر باشمان نیە، ئەمەش دەگەرێنمەوە بۆ ڕاگەیاند چونکە ڕاگەیاندنی کوردی تا ئێستا نەیتوانیوە بەهایەکی زۆر بدات بە کارێکی هونەری و بەرز بی نرخێنێت، بەڵێ ڕۆژانە چاو پێکەوتن دەبین لە ڕۆژنامەکان یاخود لە تیڤییەکان، بەڵام ئەمە لایەنێکی ترە میدیا لە ئێستادا زۆر لێهاتوانە دەتوانێ هەواڵێکی زۆر سادەیی سیاسی و گەورە بکات و بیخاتە بەرچاوی بینەر، بەڵام لە تا ئێستا نەیتوانیوە کارێکی هونەری بەهەمان شێوە نیشان بدات، لەکاتێکدا کاری هونەری زۆر باشمان هەیە و کارەکە دەبێت ئەم مافە لە میدیا وەربگرێت”.
ئەم هونەرمەندە پییوایە هونەری وێنە کێشان وەک پیشە بۆ خۆ ژیاندن نەگەیشتۆتە ئاستێکی باش و دەڵێت ” نەخێر، بەتایبەت بۆ کەسێک کە چەند ساڵێک بە شێوەیەکی ئەکادیمی بوارەکە دەخوێنێت و ئەزموونی دەکات لە ئاستێکی خراپ دایە، چونکە میلەت کەمتر لە هەر شتێک گرنگی بە لایانی هونەر و خوێندنەوەی هونەر دەدات ئەمەش بۆتە هۆکارێک کە کەمتر بێنە نێو دنیای هونەر و لەرووی مادیەوە گرنگی بە تابلۆ بدەن”.
پێتوایە هونەر کاریگەری هەبێت کە تاک لە کۆمەڵگا جیابکاتەوە یان جیاواز دەریبخات؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە هونەرمەند كانی دەست رەنگین دەڵێت” هونەر پەیوەندی دەکات بەدوو لایەنی تاک بۆ کۆمەڵگا! یەکێکیان ئەوەیە کە چیتر ناتوانیت وەک کەسێکی ئاسایی بڕوانی و بیربکەیتەوە، لەم لایەنەدا جیاتدەکاتەوە لەوانی تر، بەڵام دووەمیان ئەوەیە جیاوازت دەکات کاتێک دەتەوێت دەڕبرنێکی هونەری بکەیت هونەر دەتخاتە نێو خەمی گەورەی ئەو کۆمەڵگا و میلەتەی کە هی خۆتن و دەبێت لەخزمەت ئەمەدا هونەر بکەی.

































































