ەڕێوەبەری گشتی كاروباری مینی هەولێر: بەهۆی سەختی شوێنەكە كاری پاكسازی بۆ تیمەكانمان ئاستەمە
راپۆرت-زاری كرمانجی
لوتكە چیای بەردەبووك، دەكەوێتە دەڤەری باڵەكایەتی لە سنووری ناحیەی گەڵاڵە سەربە قەزای چۆمان، شوێنێكی كوێستان و سەرەنج ڕاكێشەو ساڵانە خەڵكێكی زۆر بۆ گەشتی شاخەوانی و هێنانی گژ و گیایی بەهاری و ڕەوەند و كۆچەری ڕووی تێدەكەن، بەڵام بەهۆی بوونی مین و تەقەمەنی لە ناوچەكە مەترسی لەسەر هاووڵاتییان دروست كردووە.
زیرەك زرار چالاكوانی شاخەوانی لە سنووری قەزای چۆمان بە زاری كرمانجی سۆران گووت: “لوتكەی بەردەبووك یەكێكە لە چیا كوێستانی و سەركەشەكانی كوردستان و ناوچەی باڵەكایەتی. بەرزیەكەی دەگاتە “2812”مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا. لە دامێنی ئەو چیایە زۆر ئاوایی هەڵكەوتوون، لە ڕۆژهەڵاتی قەزای چۆمان و لە باشووری ناحیەی گەڵاڵە، سەرچاوەی كانی و ئاوی سازگاری زۆر لەو چیایە هەڵدەقوڵێن و دیمەنێكی جوان و نەوازەی بەخشیووە، ئەمەش وایكردووە كە خەڵكانێك بە پێشەیی جیا جیا ڕووی تێبكەن، واتە بۆ وەرزشی شاخەوانی، بۆ هێنانی گژ و گیای بەهاری، هەروەها بۆ كاری كۆچەری و ئاژەڵداری”.
دەشڵێت : “چیای بەردەبووك لە ڕووی خاك و پێكهاتەی جیولۆجی و هەڵكەوتەوەو دۆڵ و شاخ و سەرچاوەی تاڤگە و كانیاوی سازگارن، بۆ هەموو وەرزشە شاخەوانی و كوێستانیەكان وەك ( شاخڕەوی، بەردەوانی، پایسكل سواری، خلیسكانەی سەر بەفر، پەڕەگلایدینگ و پەڕەشوتەوانی) لەبار گونجاوە. بۆ ئەو مەبەستە ڕێڕەوەكانی لەهەرچوار لاوە لەبارن و دەكرێت بۆ ئەو مەبەستە سوودی لێوەربگیرێت”.
ئاماژە بەوەش دەدات : “بە داخەوە بەهۆی هەبوونی مینێكی زۆر لە چیایی بەردەبووك كە دانانەوەیان بۆ سەردەمی شەڕی عێڕاق و ئێران دەگەڕێتەوە، جێی مەترسیە و كەمترین ئەو چاڵاكیە وەرزشیانەی باسكران دەتوانرێ ئەنجام بدرێن. ئەم چیایە بەهۆی ئاوهەوا كوێستانیەكەی لەوەڕگایەكی گرنگە بۆ ڕەوەند و ئاژەڵدارانی كوێستان و گەرمیان دەكەن، هەروەها سەرچاوەی زۆر گیا بەهاریەكانە بەڵام دیسان بەهۆی مینی زۆر كەم كەس دەتوانێ سەردانی بكات و سوودمەندبێت و بەداخەوە قوربانی لێدەكەوێتەوە، كە تائێستا لەشوێنێكی بەهۆی مین چەندین كەس بوونەتە قوربانی، بەهۆیەوە گیانیان لە دەستداوەو كەمئەندام بوونە”.
ئەو چالاكوانەی شاخەوانی داواكارە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مینی هەولێر، كار لەسەر پاككردنەوەی لوتكە و شوێنە سەرنجڕاكێشەكانی ئەو چیایە بكەن و وەك خەڵاتێك پێشكەش بە چالاگوانانی وەرزشی شاخەوانی و سەرجەم ئاژەڵداران و دۆستانی شاخ و سروشت بكەن، ئەمەش دەبێتە هەلێكی باش كە خەڵكەكە بەبێ مەترسی ڕوو بكەنە ئەو چیایەو بە ئارامی لەناو سروشتە جوانەكەی كات بەڕێ بكەن.
لای خۆیەوە عەلی عەبدوڵڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی كاروباری مینی هەولێر، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: “بەپێی ئەوەی سنووری ئیدارەی سۆران ناوچەیەكی شاخاوییەو سەر سنوورە، زۆربەی شوێنەكان لە شەڕی نێوان عێراق و ئێران مینڕێژكراون، سەرەڕایی ئەوەی لەدوای ڕاپەڕینەوە تا ئێستا چەندین ڕێكخراو و دازگای تایبەت بە نەهێشتنی مین و تەقەمەنی كاری پاكسازی مین و تەقەمەنیان ئەنجامداوە، كەچی تائێستا نەتوانراوە ئەو ناوچانە بەتەواوی پاكبكرێنەوە، لە ئێستاشدا تیمەكانی سەربە بەڕێوەبەرایەتیمان بەردەوامن لە كار كردن و لە چەند شوێنێكی سنوورەكە كاری پاكسازی ئەنجام دەدەن”.
دەربارەی پاككردنەوەی چیایی بەردەبووك لە مین و تەقەمەنییەكان، بەڕێوەبەری گشتی كاروباری مینی هەولێر، ئاماژەی بەوەدا: “هەرچەندە تیمێكمان لە كێڵگەیەكی بناری چیایی بەردەبووك كاری پاكسازی مین ئەنجام دەدەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی چیایەكە ڕووبەرێكی بەرفرەوانی هەیەو ناوچەیەكی شاخاوی و سەختە، بۆیە ئاستەمە تیمەكانمان بگەنە هەموو شوێنێك، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا قۆناغ بە قۆناغ بەپێی بەرنامەو پلان و ئەو ئیمكانیاتەی لەبەردەستماندایە، كاری پاكسازی مین لە سەرجەم ئەو شوێنانە بەردەوام دەبێت، كە لە سنوورەكەمان مین و تەقەمەنی تیادا چێندراوە.
































































