كرمانجی-سۆران:
كێشەی كوردستان لەگەڵ بەغدا ئەوەیە هەر ڕێككەوتنێكیان لەگەڵ دەكەن، ئەوان پابەندی دەستوور و ئەو ڕێككەوتننانە نابن و وەك خۆی جێبەجێ ناكەن و بە ئاشكرا ستەم لە مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەكەن. حكوومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، بە بەشداریی هێزە شیعەكان و كورد و سوننە پێكهات، لە كارنامەی حكوومەتی سوودانیدا بەڵێنی جێبەجێكردنی ئەو بڕگانە درا كە تایبەت بوون بە پرسی كورد لە عێراقدا، كە بۆ چارەسەری ڕیشەیی كێشەكان دانرابوون، بەڵام تا ئێستا ئەو بڕگانەی پەیوەندیان بە پرسی كورد و مافەكانیەوە هەیە، جێبەجێ نەكراون. هاشم كەریم، چاودێری سیاسی، بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی ئاشكرای كرد: كاتێك شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەچێتە بەغدا و لەگەڵ حكوومەتی عێراق كۆدەبنەوە، ڕێكدەكەون و بەغدا بەڵێن دەدا، بەڵام دواتر ڕێككەوتنەكان جێبەجێ ناكات و مووچە بۆ هەرێمی كوردستان نانێرێت. ئەو چاودێرە، دەشڵێ: بەغدا بۆ ماوەی سێ مانگە مووچەی فەرمانبەرانی ڕەوانە نەكردووە و بە ئاشكرا ستەم لە مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەكات. زكری محەممەد، چالاكوانی سیاسی، بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی گوتی: لە بەغداوە هەوڵی پەراوێزخستنی كورد دراوە، كار كراوە بۆ ئەوەی كورد وەك پێكهاتەی دووەم سەیری بكرێت كە پێشووتر “سەددام”ـیش هەمان سیاسەتی هەبوو، لەگەڵ ئەوەی لە بەغداوە هەمیشە بانگەشەی دەستوور دەكرێت، كەچی خۆیان بە دەستوورەوە پابەند نابن، چونكە لە دیباجەی دەستووردا هاتووە كە پابەندبوون بە دەستوور، زامنی مانەوەی عێراقە، بەڵام بەغدا پێیمان بڵێت بە كامە بڕگە و خاڵی دەستوورەوە پابەند بووە. ئەو چالاكوانە، ئەوەشی گوت: بەغدا پابەندی ڕێككەوتنەكان نابێت و مووچە نانێرێت و بابەتەكە بە سیاسی كراوە، لە هەمان كاتدا هەرێمی كوردستان هەموو داواكاریەكانی بەغدای جێبەجێكردووە، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، مووچەی فەرمانبەرانی لە پێشینەی كارەكانی داناوە. سەرهەنگ شەریف، مامۆستای زانكۆ: بە هەفتەنامەی زاری كرمانجی ڕاگەیاند: هەندێك دەستی دەرەكی هەنە دەیانەوێت هەرێم سازش بۆ بەغدا بكات، مەبەستیشیان لاوازكردنی هەرێمی كوردستانە، بەڵام نە پارتی و نە هەرێمی كوردستان ئەوە قبوڵ ناكەن، هەرچەندە ئەو فاكتەرە دەرەكیانە بەردەوامییان هەیە لەگەڵ ئەوەیش هەرێمی كوردستان نیەتێكی ڕاستگۆیانەی هەیە بۆ چارەكردنی كێشەكان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی، هەرێمی كوردستان سەتا سەت پابەندە بەو بەڵێن و ڕێككەوتنانەی لەنێوان هەردوولادا كراون، هەبوونی كێشە چەند زیانی بۆ هەرێمی كوردستان هەیە ئەوەندەش بۆ عێراق، مەبەستی ئەو دەستە دەرەكیانە هەرچەند لێدان بێت لە هەرێمی كوردستان زیاتر لەوە بۆ ئەوەیە عێراق وەك وڵاتێكی لاواز بمێنێتەوە، هەرێمی كوردستان هەموو بەرپرسیاریەتی خۆی لەبەرامبەر بەغدا جێبەجێی كردووە، بەڵام بەغدا بەدوای بیانوودا دەگەڕێ و پابەندی یاسای بودجە و ڕێككەوتنەكان نییە.































































