نووسەر و چالاكوانێك: جگەلە چارەسەر كردنی گرفتی كەمی كارەبا كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر پاكڕاگرتنی ژینگە
راپۆرت-زاری كرمانجی
چالاكوانان و چاودێرانی سیاسی، پڕۆژەی ڕوناكی بە گرنگ ناو دەبەن و دەشڵێن: “كەسانێك بە مەرامێكی سیاسی لەبارەی پڕۆژەی ڕوناكی پڕوپاگندەی وا بڵاودەكەنەوە، گوایە لە سوودی هاووڵاتییانەوە نییە، كەچی بە پێچەوانەوە باشترین و گرینگترین پڕۆژەیە بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان.
ئومێد گەیلانی، مامۆستا و نووسەر، بە زاری كرمانجی گووت: “لە كابینەی نۆیەم بە دەستپێشخەری سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی، چەند پڕۆژەیەكی گرنگ جێبەجێكراون، یەكێك لەو پڕۆژانەش كە كاری لەسەر دەكرێت پڕۆژەی ڕووناكییە، گرینگیەكی زۆری هەیە بۆ كارەبای بەردەوام، هەروەها بە كوژانەوەی هەزاران مۆلیدەی شوێن و گەڕەكەكان، دەرئەنجامەكەی كەش و هەوای شار پاك دەبێتەوەو ڕێژەی نەخۆشی هەناسە تەنگی و شێرپەنجە و زۆرێك لە نەخۆشیەكان كەم دەبێتەوە”.
ئەوەش دەخاتەڕوو: “بە دابینكردنی پڕۆژەی ڕووناكی لە ڕووی ئابوریشەوە جۆرێك لە دادپەروەری دروست دەبێت بەوەی كە ئەوەی دەوڵەمەندو ساماندارە كارەبای زۆر بەكار دەبات و ئەوەی كە هەژارە كارەبای كەم بەكار دەبات ئەوا هەركەس بەڕێژەی خۆی پسولەی كارەبای بۆ دێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە وەزارەتی كارەبا ڕۆشنبیری بەكار هێنانی كارەبا فێری خەڵك بكات و ئاخۆ چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو پڕۆژە نوێیە بكەن.”
هێمای بۆ ئەوەش كرد: ” سەبارەت بە ئەو لایەن و بەناو نوێنەرانی كورد لە بەغدا كە دژی پەڕۆژەكە دەوەستنەوە، ڕووداوێكی سەردەمی كۆماری مەهابادیان بیر هێنامەوە كە باوكم بۆی باس كردم، كاتی خۆی هەندێ لە پیاو ماقول و سەرۆك هۆز خیانەتیان لە قازی محەمەد كردبوو! دواتر قازی بانگی ئەدیب و نووسەرانی كرد ناوێك بۆ ئەو خیانەت كارانە دابنێن كە شایستەی ئەوان بێت، ئەوانیش دوای ڕاویژ لەگەڵ یەكدا ناویاننان (جاشولە) خۆی دیارە حكوومەتی عێراق دژایەتی كیان و خەڵكی كوردستان دەكات، بەڵام ئەوەی زۆر مایەی شەرمەزاری و تێڕامانە بەشێك لەوانەی بەناو ئۆپۆزسیۆنی كوردستان كە لە بەغدا نوێنەرایەتی دەكەن، بوونەتە وتەبێژی حكوومەتی ناوەند و دژ بە هەرێمەكەیان دەوەستنەوە.
دلاوەر محەمەد یوسف، چاودێری سیاسی، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: “پڕۆژەی ڕوناكی یەكێكە لە پڕۆژە گرینگەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە چەندین ڕووەوە سوودو قەزانجی هەیەو لەبەرژەوەندی گشتی هاووڵاتییانەوەیە، بۆنموونە لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری 1991ی خەڵكی كوردستان، كارەبای هەرێمی كوردستان وەك پێویست نەبوو، بەڵام قۆناغ بە قۆناغ و كابینە دوای كابینە گرنگی بە كارەبا درا، بەتایبەتیش لە كابینەی نۆیەم بەسەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، بایەخی زیاتر پە پڕۆژەی ڕووناكی دراوە، بە نۆژەنكردنەوەو دابین كردنی پێداویستی و دانانی وێستگەو گەیاندنی تۆڕەكانی كارەبا بۆ ئەو گوندو شوێنەی تائێستا لێی بێبەش بوونە”.
ئاماژەی بەوەشدا: “لەهەمووی گرینگتر كە ئێستا كاری لەسەر دەكرێت، پرۆسەی ڕوناكی دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێرییە بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان، كە تائێستا قۆناغێكی باشی بڕیوەو بەردەوامیشە، هیوادارین لە ئایندەیەكی نزیك تەواوی شارو شارۆچكەو گوندەكانی هەرێمی كوردستان بگرێتەوەو لە ئیدارەی سۆرانیش جێبەجێ بكرێت”.
ئەو چاودێرەی سیاسی دەشڵێت: “لەبری دەستخۆشی كردن لە حكوومەت، كەسانێك بە مەرامێكی سیاسی لەبارەی پڕۆژەكە لێدوان و پڕوپاگندەی وا بڵاودەكەنەوە، گوایە ئەم پڕۆژەیە لە سوودی هاووڵاتییانەوە نییە، كەچی بە پێچەوانەوە باشترین پڕۆژەیە، بەڵگەش ئەوەیە دەتوانن بچن ڕووی پرسیار ئاراستەی ئەو كەسانە بكەنەوە كە پڕۆژەی ڕوناكیان بۆ جێبەجێكراوە، ئەوەكات تێدەگەن لە پێشكەوتنەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
ڕەمەزان زەكەریا، نوسەرو چالاكوانی كۆمەڵی مەدەنی، بۆ زاری كرمانجی ئەوەدەخاتەڕوو: “كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ماوەی دەستبەكاربوونی تا ئێستا دووچاری چەندین كوسپ بەربەست بووەتەوە، بەڵام كۆڵنەدەر و خۆڕاگربووە، بەمەش توانراوە چەندین پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی كاریان لەسەر بكرێت، یەكێك لەوانەش پڕۆژەی ڕوناكییە”.
هێمای بۆ ئەوەش كرد: “پڕۆژەی ڕوناكی هاوشێوەی گشت پڕۆژەكانی تری حكوومەتی هەرێم دەست بە جێبەجێ كردنی كراوە، كە یەكێكە لە ڕێزبەندی باشترین پڕۆژەكان، بۆ دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری بۆ هاووڵاتییان، لە چەندین ڕووەوە سوودو قازانجی هەیە جگەلەوەی گرفتی كارەبای هاووڵاتییان چارەسەر دەبێت، لە هەمانكاتیشدا دەنگ و دوكەڵی مۆلیدەكان نامێنێت و ژینگەیەكی تەندروست بۆ هاووڵاتییان فەراهەم دەكرێت.
































































