وا بڕیارە لەم هەفتەیەدا دەست بە ئەنجامدانی تیروپشك بکرێت بۆ شوقەی کرێنشینان و لە هەنگاوی یەکەمدا زیاتر لە نۆ هەزار شوقە دابەش دەكرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 14ی تەمووزی 2025، گۆران رەحیم جێگری بەرپرسی كۆمەڵەی كرێچییان، رایگەیاند، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە ئامادەكاری كردووە بۆ دابەشكردنی شوقە بەسەر کرێنشینان.
گوتی، لەم هەفتەیە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، تیروپشك بۆ دابەشكردنی نۆ هەزار و 401 یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كرێنشینان لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدات. لەو رێژەیەش، سێ هەزار و 620 یەكەیان دەكەوێتە سنووری سلێمانی، كە بەشێكیان تەواو بوون و تەنیا پڕۆژەی خزمەتگوزارییان ماوە، ئەویش لە ماوەیەكی كورتدا دەكرێت.
روونی كردەوە، شوقەكان كەوتوونەتە شوێنەكانی وەك زڕگوێز، سیتەك، قەرەداغ، پیرەمەگروون، هەڵەبجە، هەڵەبجەی تازە، سەیدسادق، چەمچەماڵ، سەنگاو، كەلار، كفری و خانەقین.
لە چەند ساڵی رابردوودا بە هەزاران هاووڵاتی فۆرمی یەكەی نیشتەجێبوونیان بۆ وەرگرتن وەك كرێچی پڕ كردەوە، ئێستە چاوەڕوانن سوودمەند بن.


































































