مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزارەتی بەرگریی سووریا لە ڕاگەیێندراوێكدا ژمارەی كوژراوانی شەڕەكەی پارێزگای سوەیدای وڵاتەكە ئاشكرا كرد و دەڵێ “زیاتر لە 30 كەس كوژراون و 100 كەسی دیكەش بریندار بوون،”
وەزارەتی بەرگریی سووریا، ئەمڕۆ دووشەممە 14ی تەممووزی 2025، ڕاگەیاند “لە شەڕی دوو ڕۆژی پارێزگای سوەیدا، زیاتر لە 30 كەس كوژران و نزیكەی 100 دیكەش بریندار بوون،”
ماوەی دوو ڕۆژە، پێكدادانی قورس لە نێوان گرووپە چەكدارییەكانی سەر بە درۆزییەكان و هۆزە عەرەبەكانی سەر بە حكومەتی كاتی سووریا لە پارێزگای سویدا لە باشووری سووریا هەیە و بە پێی سەرچاوە خۆجێیییەكانی ناوچەكە ئاڵۆزییەكان لەو كاتەوە دەستی پێ كرد كە گەنجێكی درۆزی لە نێوان ڕێگای دیمەشق-سوەیدا لەلایەن كەسانێكی نەناسراو كوژرا .
لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی ئەسەد لە دیمەشق، چەندین جار شەڕ لە نێوان چەكدارانی دروز و چەكدارانی هۆزەكان یان حكومەتی سووریادا دروست بووە و بە دەییان كەس بوونەتە قوربانی .

































































