مرۆڤ بۆ ئەوەی بە ئاسوودەیی و بەختەوەری بژی پێویستە ڕق و قینە لە دڵی و ناخی دەربكات
بەكر كەریم حەسەن
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە و ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی
ئیجای كرسیتی، نووسەر و ڕۆماننووسی ئینگلیزی دەڵێ”مرۆڤی بێهێز ڕەنگە ببێتە گیاندارێكی كێوی و دڕندە ئەگەر هەڵی بۆ ڕەخسا و لە كاتێك هەست بە ڕق و قینە بكات بەرامبەر ژیان و كۆمەڵگە”.
بێگومان ڕق و قینە لەو ڕەفتار و هەڵسوكەوتە ناپەسند و ناخۆشەویستانەیە كە متمانە و دڵنیایی لە ناودەبات، ئەوەی من دەمەوێ لەم وتارە باسی بكەم ڕۆڵی پەروەردە و فێركردنە لە نەهێشتن و كەمكردنەوەی ڕق و قینە لە ناخی كەسەكان كە نەخۆشییەكی كوشندە و مەترسیدارە و مرۆڤ بۆ ئەوەی بە ئاسوودەیی و بەختەوەری بژی پێویستە ڕق و قینە لە دڵی و ناخی دەربكات، چونكە ڕق و قینە پێش ئەوەی زیان بە كەسە نزیكەكانی بگەیەنێ و خاوەنەكەی دەكوژێ.
لێرەدا ڕۆڵی پەروەردە و فێركردن كە بەردی بناغەی بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی بەرز و ڕۆشنبیر و لێبوردە و بە تاڵ لە ڕق و قینەیە دەتوانێ كاریگەری زیندوو سەرەكی و گرنگی هەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوە و نەهێشتنی ئەو جۆرە ڕەفتار و هەڵسوكەوتە نا بەجێیانە و دوور لە ڕەوشت و بەهاو مرۆڤایەتی، ئەویش لە ئەنجامی پتەوكردن و مكومكردنی زیاتری بەهاو بنەماكانی بەخشندەیی و لێبوردەیی و ڕێز و ستایش كردن و تا دوایی.
لێرەدا گرنگە پەروەردە و فێركردن لە ڕێگای پڕۆگرامەكانی خوێندن لە بابەتە پەیوەندیدارەكانی كۆمەڵایەتی و كارامەیی و بەهاكان و پەروەردە و ئایندا، بنەماكانی خۆشەویستی و یەكتر قبوڵ كردن و لێبوردەیی و ڕێزگرتن و پێكەوژیانی ئاشتییانە لە ناخی نەوەكان و قوتابییاندا بڕوێنێ و نەشونما بكات تا بتوانرێ لە داهاتوودا ببێتە پاڵپشت بۆ بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی بەهێز و بە یەكتربەستراو و لكاو و یەكگرتوو، ئەوەش بە پلەی یەكەم لە قۆناغی خوێندنی بنەڕەتی پێویستە جەختی لێ بكرێتەوە. بەهەمان شێوە ناكرێ ڕۆڵی پێشەنگانی زیندوو و كاریگەر لە بواری پەروەردە و فێركردن پەروەردەكاران و مامۆستایان لە یاد بكرێ كە هەمیشە نموونەی پێشەنگی هەرە زیندوو و باشن لە ئاراستەكردنی قوتابییانی خۆشەویست و ئامۆژگاری كردنی بەردەوامیان، بە وتار و كۆڕ و كۆبوونەوە و چالاكییەكان هەمیشە جەخت لەسەر بنەماكانی پێكەوە ژیان و خۆشەویستی و لێبوردەیی بكەنەوە و ڕەفتارە پۆخڵ و قێزەوەنەكانی ڕق و قینە شەرمەزار و ڕیسوا بكەن و هانی قوتابییان بدەن لەم ڕەفتارە قێزەوەنانە دووربكەونەوە و یەكتریان خۆش بوێ و ڕێزی یەكتر بگرن و خاك و نیشتمانیان خۆش بوێ و هەڵسوكەوت و ڕەفتاریان لەگەڵ یەكتر خۆشەویستانە ڕێزگرانە بێت، هەمیشە مامۆستاكان خۆیان نموونەی بەرز و زیندوو بن لە دادپەروەری و بە چاوێكی گشتگیر سەیری هەموو قوتابییان بكەن و جیاوازی لە نێوانیان نەكەن، هەموویان لە زیرەكی و نمرەدانان و بەشداری پێكردنیان لە چالاكییەكانی تری وەرزشی و هونەری و ژینگەیی و قوتابخانەیی بە هەموو جۆرەكانیەوە هەموویان بەشداربن، ژینگەیەكی لە بار و گونجاو و پارێزراویان بۆ فەراهەم و دەستەبەر بكەن، ئەوانەش دەبنە مایەی كەمبوونەوە و نەهێشتنی ڕق و قینە لە ناخی قوتابییان و بڵاوكردنەوەی لێبوردەیی و ئاشتی و خۆشەویستی لە نێوانیان و پەرەپێدانی بەردەوامی كارامەییەكانی كۆمەڵایەتی لە نێوان قوتابییەكان كە ئەوەش ئەرك و داواكاری پەروەردە و فێركردنە.


































































