ئەمساڵ زۆرێك لە قوتابییان لەبەر قورسی پرسیارەكان شەتیان كردووە
مستەفا دۆلەمەری – زاری كرمانجی:
تاقیكردنەوەی پۆلی 12 یەكێكە لە گرنگترین تاقیكردنەوەكان لە ژیانی قوتابییاندا و چارەنووسی ئەو قوتابییانە دیاری دەكات كە بەشداری لە تاقیكردنەوەكان دەكەن، هەروەها دوای ئەو قۆناغە قوتابییان قۆناغێكی نوێ هەڵدەبژێرن. هەندێك لە قوتابییان پێیان باشە، پرسیارەكان هەر هەڵبژاردن بن، هەندێكی دیكەشیان دەڵێن، نیوە هەڵبژاردن و نیوە وەڵام و پرسیار بێت، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن، پرسیارەكانی ئەمساڵ تا ڕادەیەك قورس بوون بەتایبەتی زمانەكان.
ڕەیان كازم، قوتابی پۆلی دوانزدەیە، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند، پرسیارەكانی زۆربەی بابەتەكان ئاسان بوون، بەڵام ئەو بابەتانەی كە زمانن وەكو ئینگلیزی و عەرەبی، پرسیارەكانیان زۆربەیان لە دەرەوەی مەنهەج هاتبوونەوە ئەوەش زۆر قورسە بۆ قوتابی و زمانی ئینگلیزی پرسیارەكان لەسەر مانای ڕستەكە دەمێنێتەوە و قوتابیش مانای ڕستەكە وەكو پێویست نازانێت، ئەو بابەتانەی كە ئەدەبین ئەوانە دەبوایە لەبەر بكەی، بۆیە پرسیارەكان كەمێك ئاسانتر بوون.
ڕەیان، ئاماژەی بەوەشدا: سیستەمی هەڵبژاردن بۆ قوتابییان ئاسانترە، لە هەمان كاتدا قوتابییان دووردەكەونەوە لە غەشكردن، واتە سەرجەم بابەتەكان هەڵبژاردن بن، سیستەمی نووسین سیستەمێكی هەڵەیە، چونكە قوتابی كە تاقیكردنەوەی بابەتێك دەكات نمرەی وەكو خۆی نەگەڕێتەوە وا هەست دەكات ستەمی لێ كراوە، بەڵام سیسستەمی هەڵبژاردن وا نییە و قوتابی چەند هەڵبژاردن بزانێت دوو ئەوەندە نمرەی بۆ دێتەوە، لە هەمات كاتدا بۆ وەزارەتی پەروەردە پرسیارەكان هەڵبژاردن بن گونجاوترە.
نیگار ئەحمەد، دەربارەی تاقیكردنەوەی وەزاری پۆلی دوانزدە، بۆ زاری كرمانجی دەڵێت: هیوادارم بتوانم ئەمساڵ نمرەیەكی باش بەدەست بهێنم، بۆ ئەو مەبەستە هەوڵێكی زۆرم داوە، بەڵام كە دەستمان بە تاقیكردنەوەكان كرد هەندێك لە بابەتەكان پرسیارەكانیان زۆر قورس بوون من خۆم بابەتی عەرەبی وەڵام نەداوە، چونكە پرسیارەكان زۆر زەحمەت بوون، هۆكارەكەش ئەوە بوو كە هەندێك پرسیار لە دەرەوەی مەنهەج هاتبوونەوە واتە ئەو پرسیارانە نەبوون كە مامۆستا لە قوتابخانە و لەناو پەرتووك پیشانی ئێمەی دا بوو.
چۆپی عالی، قوتابی لە سنووری پەروەردەی مێرگەسۆر، بۆ زاری كرمانجی ئاشكرای كرد: تاقیكردنەوەكان تا ڕٍادەیەك باش بوون، بەڵام ئەمساڵ بابەتی كوردی و عەرەبی ئاسان نەبوون و پرسیارەكان زۆر زەحمەت بوون و لە ئاست توانای ئێمە نەهاتبوونەوە، بە ڕای من ئەگەر شێوازی پرسیارەكان هەموو هەڵبژاردن نەبێت، بەڵكو نووسینیشی لەگەڵ بێت باشترە، چونكە ئەگەر لە هەڵبژاردن وەڵامێك دیاری بكەین، هەڵەبێت تەواوی نمرەكەمان لێ دەچێت، بەڵام ئەگەر نووسین بێت هەرنەبێت كەمێك شتێكمان بیردێتەوە و دەینووسین، بەوەش نیوەی نمرەكە وەردەگرین، بۆیە بەرای من پێویستە شێوازی تاقیكردنەوەكان گۆڕانكاریان بەسەردا بێت و دەستكاریان بكرێت.
ئەنەس عومەر، قوتابی پۆلی 12ی ئامادەیی لە سۆران، بۆ زاری كرمانجی باس لە تاقیكردنەوەكان دەكات و گوتی: تا ڕادەیەكی باش تاقیكردنەوەكان باش بوون، بەڵام لەڕووی دەروونییەوە كەمێك قەڵەق بووم، چونكە بیر دەكەمەوە ئەگەر لەو تاقیكردنەوەیە نمرەیەكی باش نەهێنم ئەوا هەموو ڕەنج و ماندووبوونم بەفیڕۆ دەچێت، لەگەڵ ئەوەش پێویست ناكات بۆ دیاریكردنی ئاستی ئێمە تەنیا پشت بە تاقیكردنەوەیەك ببەسترێت واتە دوا ڕۆژمان پەیوەست بێت بە تاقیكردنەوەیەك، ڕەنجی دوانزدە ساڵ بە یەك تاقیكردنەوە دیاری بكرێت، ئەوەش شتێكی باش نییە.
قوتابی محەممەد حسێن، دەڵێت: من دوو ساڵە لە پۆلی دوانزدەم، ئەوەش تەنیا بۆ ئەوەی نمرەیەكی باش بە دەستبهێنم، هەر لەبەر ئەوەش خۆم هێشتەوە، ئەمساڵ زۆر بە باشی خۆم ئامادەكردووە بۆ تاقیكردنەوەكان بابەتەكان بۆ من دووبارە بوون، چونكە ساڵی ڕابردووش هەر ئەو بابەتانەم خوێندبوو، بەڵام ئەمساڵ كاتێك دەستمان بە تاقیكردنەوەكان كرد پرسیارەكان زۆر باش بوون تا ئاستێك بە دڵی ئێمەی قوتابی بوون، تەنیا دوو بابەتی زمان نەبێت كوردی و عەرەبی، ئەمساڵ پرسیارەكان زەحمەتر بوون، هۆكارەكەش ئەوە بوو پرسیارەكان ورتر بوون، هەموومان دەزانین كە تاقیكردنەوەكان ئاسان نین، بەتایبەتی كە فشارێكی زۆرمان لەسەرە.
عەبدولڕەحمان خالید، قوتابییەكی تری پۆلی 12ـەیە، ئاشكرای دەكات: ڕاستە قۆناغی 12 بۆ ئێمەی قوتابی زۆر گرنگە، بەڵام پێش هەموو شتێك پشتگیری خێزانەكەمان بە تایبەتی دایك و باوك بۆ ئێمە زۆر گرنگە، چونكە ئێمە بە خۆمان سترێسمان هەیە لە بەر ئەوەی تاقیكردنەوەیەك ڕەنجی 12 ساڵەمان بەدەردەخات، بۆیە پێش هەموو شتێك بەڕای من پشتگیری دایك و باوك زۆر گرنگە، بەرای من ئەوە دادپەروەری نییە، چونكە ڕەنجی ئەو هەموو ساڵە بە دوو كاتژمێر دیاری بكرێت ئایا ئەمە ڕەوایە، شێوازی پرسیارەكان هەڵبژاردنن، ئەگەر یەك پرسیار هەڵە بكەی ئەوا هیج نمرەیەك لەو پرسیارە بەدەست ناهێنی، بەڵام ئەگەر پرسیارەكان بەشێوەی هەڵبژاردن و نووسین بێت ئەوا زیاتر لە بەرژەوەندی قوتابی دەبێت، ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە تاقیكردنەوەكان بەشێوەیەكی دادپەروەرانە بەڕێوەدەچن بەبێ جیاوازی بۆ هەمووان وەكو یەكە، لەگەڵ ئەوەش پێم باشە چاكسازی لە سیستەمی تاقیكردنەوەكان بكرێت بە شێوەیەكی باشتر.































































