وەزارەتی بازرگانی ئامادەکاری دەکات بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی پرۆسێسکردنی بەشەخۆراکی ئەلیکترۆنی لە 10 پارێزگا لە مانگی ئابی داهاتووەوە، هاوکات وەزارەتی بازرگانی لابردنی یەک ملیۆن و 85 هەزار ناوی لە کارتی بەشەخۆراکی مانگانە ڕاگەیاند بەهۆی دووبارەبوونەوە، مردن، یان گەشتکردنەوە.
تالیب حەسەن نەهمە، بەڕێوەبەری گشتیی بەشی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانی عێراق بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاند: “پرۆسەی گۆڕین لە کاغەزەوە بۆ ناسنامەی ئەلیکترۆنی تا ئێستا بووەتە هۆی لابردنی ناوی ساختە و دووبارە، هەروەها هاووڵاتی مردوو یان گەشتیار لە 10 پارێزگادا لابراون”.
ئاماژەی بەوەشکرد: “ژمارەی ئەو هاووڵاتیانەی داتاکانیان نوێکردوەتەوە گەیشتووەتە 34.5 ملیۆن لە کۆی 42 ملیۆن کەس کە لەژێر سیستمی بەشەخۆراکدا تۆمارکراون، هاوکات پێشبینی دەکرێت کارتی یەکگرتوو بۆ ئەو هاووڵاتیانەی ماون دەربکرێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ”.
نیما ڕوونیشیکردەوە، وەزارەت لە مانگی ئابدا بەشێوەی ئەلیکترۆنی پشکنین لە بەغدا، میسان، دیوانیە، واست، سەڵاح الدین، ئەنبار، دیالە، موتەنە، بابل، و کەرکوک دەست پێدەکات و پێنج پارێزگاری دیکەش دواتر زیاددەکرێن لە چوارچێوەی پلانی فراوانکردنەکەدا.
ئەو بەرپرسە دووپاتی کردەوە کە ئامانجی وەزارەتەکەیەتی، کەلە ماوەی چارەکی کۆتایی ئەمساڵدا نوێکردنەوەی کارتی بەشەخۆراکی ئەلیکترۆنی تەواو بکات، ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێژەی پێشکەوتنی ئێستا گەیشتووەتە 85%.
دەشڵێت، سیستەمی ئەلیکترۆنی دەبێتە هۆی ئەوەی خێزانەکان بەشەخۆراکەکانیان وەربگرن بەبێ ئەوەی سەردانی ناوەندەکانی دابینکردنی خۆراک بکەن، هاوکات ڕۆڵی بریکارەکان لە دابەشکردنی ئەلیکترۆنی ڕاستەوخۆدا چالاک دەکات.
باسی لەوەشکرد، کە وەزارەتەکەی بە هاوکاری وەزارەتی ناوخۆ، دووبارە بە بەڵگە و کاغەزەکان دەکۆڵێتەوە بۆ دڵنیابوون لە شایستەیی سودمەندان، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڕێژەی دەرکردنی کارتی یەکگرتوو گەیشتووەتە نزیکەی لەسەدا 97.

































































