جەلال سەعید – سۆران:
پلان و تەكتیكی یاری تۆپی پێ بەتەنها یاریكردن بەتۆپ نییە، بەڵكو دەبێ یاریكردن بە تۆپ و بەبێ تۆپ بێت، بۆیە پێویستە یاریزانان یاری و جوڵەكانیان بە تۆپ و بەبێ تۆپ ئەنجام بدەن و دەبێ لە گۆرەپانی یاریكردندا بە چاكی ئاگاداری یاری بن و وەستانیان نەبێت، هەروەها بەردەوام لە جوڵەكردن و جێگۆركێ و گۆڕینی جێگایان بن كاتێك تۆپ لە لایان نیە، چونكە ئەو دەمەی تۆپ لە لای یاریزانی هاوڕێیەتی پێویستە یاریزان بۆشایی لە یاریگا بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی هاوكاری یاریزانەكانی تیمەكەی بكات، و ئەگەر تۆپ لە لای یاریزانانی تیمی ڕكابەرە گرنگە یاریزان بەردەوام لە جوڵە دابێت و بە ژیری هەڵسوكەوت بكات تا تۆپەكە وەربگرێتەوە و بەرگری لە گۆڵی تیپەكەی بكات و هەوڵ بدات بەردەوام بە بێ وەستان فشار لەسەر یاریزانەكانی بەرامبەر دروست بكات و هیچ بۆشایی و پانتاییەك نەهێڵێتەوە بۆ تیپی بەرامبەر و نابێ ڕێگا بە یاریزانانی ڕكابەر بدەن بۆ قۆستنەوەی هیچ دەرفەتێك بێگومان ئەمانە دەبنە جێبەجێ كردنی پلان و تەكتیكی سەركەوتوو.
گرنگە پلانی سەركەوتوو بۆ گەیشتن بە ویست و خواستی تیپەكەت بۆ بەدیهێنانی ئامانجە سەرەكییەكان پەیڕەو بكەی، بە پێی پێویست پلان دابرێژرێ و یاری ئەنجام بدەی، و بزانی چۆن هەڵسوكەوت لەگەڵ یارییەكە و ركابەرەكانت دەكەی و چۆن دەتوانی شكست دەرخواردی بەرامبەرت بدەی، چونكە گرنگە لە بەرگریكردندا سوود لەهێرشی پێچەوانە و هەڵگەراوە وەربگریت، كۆنترۆڵكردنی تۆپ لە كاتی یاری دروست بكەیت و فشار و پاڵەپەستۆی بەردەوامت لە سەر ڕكابەران هەبێت كە ئەمانەش دەبن بە هۆكاری سەركەوتن.
بێگومان كاتێك سەركەوتن تۆمار دەكەی، هەموو خاڵە لاوازەكان دەشاردرێنەوە و كاتێك دووچاری شكست بوویت لە یاری، هەموو یاریكردنێكی جوان و لێهاتوو بزر دەكات، بە دڵنیاییەوە ئەو ڕاهێنەرە سەركەوتووە كاتێك زیاتر لە تەكتیكێك لە یارییدا پەیڕەو دەكات، هەڵسوكەوتی تەندروست لەگەڵ بارو دۆخی یارییەكە دەكات و بەپێی پێویست تەكتیكی خۆی لە كاتی بەرێوەچوونی یاری گۆڕانكاری لێ دەكات، ناكرێت بەپلان و تەكتیك یاری بكات هیچ سوودێك لەشێواز و ستایلی یارییەكە وەرنەگری.
دەبێ دانانی نەخشەی یاری و دابەشكردنی گۆڕەپانی یاری بۆ سێ بەشی هاوشێوە دابڕێژرێت و داڕشتنی پلان و بەرنامەی جیاواز لە هەر بەشێكی یاریگادا ئامادەكاری بۆ كرابێت، شارەزایی و خوێندنەوەی ئاست و توانای یاریزانەكانت بەردەست بێت بۆ جێبەجێكردنی پلان و تەكتیك بەبیرو هزری پێشكەوتوو لەهەر سێ بەشی یاریگادا و لە نەخشەی مەیدانی یاری لە هەر بەشێك بەپێی ئەو پلان و سیستەمەی بۆی دانراوە رێنماییەكان بە یاریزانان بدرێت، ئەبێ یاریزانان لەوە حاڵی بكەی و ڕاهاتبن چۆن دەتوانن تەكتیكی جیاواز بەگۆڕانكاری لە هەڵسوكەوت و جوڵەكردن لەگەڵ ڕكابەر و تۆپ بەكار بێنی، ڕاهێنەرە پێشكەوتووەكانی یانە ئەوروپییەكان زۆر جار هەڵەی كوشندە دەكەن و ماندووبونی ساڵێك و چەند یارییەكی ڕابردوویان بەهەدەر داوە لە كاتێكدا خاوەن كۆمەڵێك یاریزانی لێزان و ئەستێرەن لە جێبەجێكردنی هەر پلان و تەكتیكێكی جیاواز، ئەوەی خۆم بەدیم كردبێت ڕاهێنەر “لویس ئینریكی” بووە زیاتر لە تەكتیكێك لە یەك یارییدا بەكاری هێناوە و هیچ یارییەكی بەهێزو چارەنووسسازی بە یەك سیستەم بەڕێ نەكردوە، نموونەشمان لە سەر پلان و تەكتیكی یارییەكانی هەیە كە یەكێك لە باشترین ڕاهێنەرەكانە لە چاو نەترسی و دروستكردنی فشاری دەروونی بۆ ڕاهێنەرو یاریزانانی ڕكابەر لە پێش یاری و لەكاتی یاریكردن بەو مانایەش نایەت ئەویش هەڵەی نەبێت، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ ڕاهێنەرەكانی دیكەی یانە گەورەكانی جیهان بە باشتر و تەندروستتر خۆی دەرخستووە، هەڵسوكەوت و تێڕامان بەشێوەیەكی جوانتر دەكات بۆ پلان و تەكتیكی یاری بەرامبەر.
ئەوەی باسم كردووە بەچەند ڕستەیەك دەكرێ بۆ كاركردنی ڕاهێنەران و یاریزانان لە یاری تۆپی پێ زۆر بەسوود بێت، دەتواندرێت لە ماوەی دوو ساڵ پلان بەرنامەی لەسەر دابڕێژرێ و پەیڕەوی بكەی كاتێك توانیت 60٪ زیاتر جێبەجێی بكەی، یاریزانان لەو پلان و تەكتیكە ڕابینی دڵنیام هیچ یانەیەك و ڕاهێنەرێك ناتوانێ بەرامبەرت بوەستێتەوە.
































































