كارەبای نیشتمانی بۆ زیاتر لە 90 هەزار شوێن و موڵكی بازرگانی دابین كراوە و رۆژانە ئەو ژمارەیە لە زیادبوون دایە.
بەپێی پلانی پڕۆژەی روناكی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە چڕی كاری لەسەر دەكات و مەبەست لێی دابینكردنی كارەبای 24 كاژمێرییە لە هەموو كوردستان، بە شێوەیەك تەواوی جومگەكان دەگرێتەوە، تا ئێستا 90 هەزار موڵك و شوینی بازرگانی كارەبای 24 كاتژمێریان بۆ دابین كراوە و ئەم ژمارەیە رۆژانە لە بەرز بوونەوەدایە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە زیاتر لە 150 گەڕەك كە ژمارەی دانیشتووانی 2 ملیۆن كەس زیاتر دەبێت لەم پڕۆژەیە سوودمەند بوونە.
هەروەها 2107 موەلیدەی پیدانی كارەبا بە هاووڵاتییان كوژاونەتەوە، ئەمەش هۆكارێكە بۆ پاراستنی ژینگە و هەوای كوردستان.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دواین لێدوانی لەسەر پڕۆژەی رووناكی رایگەیاند ” تا كۆتایی ساڵی 2026 كارەبای 24 كاتژمێری بۆ هەرێمی كوردستان دابین دەكرێت” بە نرخی كەمتر لە پێشوو”.


































































