زاری كرمانجی-سۆران:
سیاسەتمەداری کورد، ئەحمەد تورک باس لەوە دەکات، ئەوەی دوێنێ ڕوویدا هەنگاوێکی زۆر گەورەبوو، هیوادارین پرسی کورد لە تورکیا لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارە بکرێت.
ئەحمەد تورک، سیاسەتمەداری کوردی باکووری کوردستان، ڕاگەیاند: خۆشحاڵین کە دەبینین پرسی کورد لە ڕێگەی ئاشتییەوە بەرەو پێش دەچێت، هیوادارین لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سیاسەتێکی دیموکراسی جێبەجێ بکرێت.
گوتیشی: ئەوەی دوێنێ سەرەتایەکی نوێیە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەکەکە بڕیاریاندا لەڕێگەی سیاسەت و دیالۆگەوە پرسی کورد چارە بکرێت، ئەوەی ڕوویدا هەنگاوێکی زۆر گەورەبوو، ئاشتی بە تەنیا لایەنێک نایەتەدی، بەڵکو پێویستە هەردوولایەن کاری لەسەر بکەن.
هەروەها ئەحمەد تورک باسی لەوە کرد، ئەگەر تورکیا هەنگاوی کردەیی بۆ ئەم پرۆسەیە نەنێت، ئاڵۆزییەکان زیاتردەبن، دەربارەی هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ پرۆسەی ئاشتی، ئەحمەد تورک ئاماژەی بەوە کرد، سەرۆک بارزانی بۆ چارەی پرسی کورد و پرۆسەی ئاشتی خزمەتێکی زۆری کردووە.
ئەحمەد تورک دەڵێت: ئۆجەلان گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی شەڕی چەند ساڵەی نێوان پەکەکە و تورکیا سوودی بۆ هیچ لایەک نەبووە، هیچ مەرجێکی بۆ ئازادکردنی دانەناوە، تەنانەت دەڵێت، من لێرە دەمێنمەوە.
دوای چەندین ساڵ لە شەڕ و پێکدادانی نێوان پەکەکە و تورکیا دوێنێ 30 چەکداری پەکەکە لە گوندی جاسەنەی سلێمانی چەکەکانیان سووتاند.

































































