کیێڤ، پایتەختی ئۆکرانیا، لە نیوەی شەوی چوارشەممە و بەرەبەیانی پێنجشەممە، ٩ و ١٠ی تەمموز، جارێکی دیکە بووە ئامانجی شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسیا.
بە گوتەی بەرپرسانی حکوومەتی ئۆکرانیا، لە کاتی ئەم هێرشانەدا لانیکەم دوو کەس لە پایتەختی ئەو وڵاتە کوژراون.
لە هەمان کاتدا ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس بڵاویکردەوە، ئەمریکا دەستیکردووەتەوە بە ناردنی چەک بۆ ئۆکرانیا، ئەمەش نزیکەی ١٠ ڕۆژ دوای وەستانی چەک. نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر، سەرچاوە هەواڵییەکان بڕیاری ئیدارەی دۆناڵد ترەمپیان بڵاوکردەوە بۆ ڕاگرتنی ناردنی چەک بۆ ئۆکرانیا بۆ ماوەیەکی کاتی بە مەبەستی پێداچوونەوە بە کۆگاکانی تەقەمەنی سوپای ئەمریکا.
دوو ڕۆژ لەمەوبەر سەرۆکی ئەمریکا بە توندی ڕەخنەی لە ڤلادیمێر پوتین گرت و ڕایگەیاند کە چەکی بەرگری زیاتر هەناردەی ئۆکرانیا دەکات.
بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەوڵەکان بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی دەستپێبکاتەوە و مارکۆ ڕوبیۆ لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و ڕووسیا لە مالیزیا کۆدەبێتەوە.






























































