ئیسماعیل ئیبراهیم
حكومەتی هەرێمی كوردستان لەنێو بەرداشی ئۆپۆزسیۆنی بێ مۆڕاڵ و عێراقی شۆفێنیزم، بەردەوامە لە هەوڵەكانی بۆ دەستەبەر كردنی مافە دەستووری و یاساییەكانی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بە هەموو پێكهاتە و چین و توێژەكانەوە، ئەمەش كارێكی ئاسان نییە.
كابینەیەك لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بە دروستكردنی دەیان قەیران و كۆسپ بۆی هاتە مەیدان، هەر لە كۆرۆناوە بگرە تا ئەو گەمارۆیەی لە لایەن حكومەتی ناوەندی خرایە سەری بەتایبەتی لە بارەی بودجە، مووچە و مافەكانەوە بگرە تا دژایەتی كردنی هەندێك گرووپ و لایەنی سیاسیی ناوخۆ بۆ رێگری كردن لە بە سیستماتیك كردنی دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمەش بۆ بەردەوام بوونیان لە گەندەڵی و نادادپەروەری، بەفێرۆدانی داهاتی ئەم وڵاتە.
هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە ئەم كابینەیە كەوتەبەر تیر و ڕمی دژایەتیكردنەوە، سەرۆكی كابینەش كە خاوەن رۆئیای بنیادنانی ژێرخانێكی بەهێزی ئابووری، سیاسی و پەیوەندی نێودەوڵەتیی قوڵ لە پێناو داهاتوویەكی گەش بۆ كوردستانێكی بەهێز بوو، هەر زوو بە پیلانی دەستی دەرەكی و دەیان ئاریشەی بۆ داتاشرا و لە پەلامارێكی هەڕەوەزی ناحەزان دەیان كەناڵی راگەیاندن و سۆشیاڵمیدیای نابەرپرسی بەكڕێ گیراو لە دژی خرانە كار و تا ئێستاش بەردەوامی هەیە.
بەڵام كابینەی نۆیەم و مەسرور بارزانی چییان دەویست كە بەم شێوەیە دژایەتی كران، جگە لە یەك حكومەت، یەك پەرلەمان، یەك هێزی پیشمەرگە، نەهێشتنی رۆتینیات.
كارنامەی مەسرور بارزانی جگە لە هەوڵدان لە پێناو شكۆمەندی تاكی كوردستان چی دیكەی تیدا بوو، كە شایەنی ئەم دژایەتی كردنە بێت؟.
هەنگاوەكانی لە رووی دابینكردنی ژینگەیەكی تەندروست، ئاوەدانكردنەوەی كوردستان، گەشە پێدانی بواری گەشتیاری، بەهێزتر و زیاتر كردنی سەرچاوەكانی داهات كە كاریگەرییەكانی وردە وردە بەدیار دەكەون، جگە لە سوود چ زیانێكی هەبووە بۆ كوردستان؟.
پێگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتی هەم لە رووی دیپلۆماسییەوە هەمیش متمانەی كۆمپانیاكانی وەبەرهێنان لە ئاستێكدایە كە لە مێژووی كوردستان وێنەی نەبووە، ئەی دژایەتی كردنی لە پێناو چی ؟
نیاز پاكی لە خواستی پێكەوە ژیان لە عێراقێكی فیدراڵ و دابینكردنی هەموو مافەكانی هەرێمی كوردستان تا رادەیی پابەند بوون بە هەموو بڕگەكانی دەستوور، دانبەخۆداگرتنی لە تەواوی ئەو پێشیلكارییانەی لە دەستوور دەكرێت كە ماف بە كوردستانیان دەدات. چی دیكە بكات؟.
پڕۆژەكانی روناكی، هەژمار من و دەیان بابەتی دیكە جگە لە بەهێز كردنی كوردستان و دابینكردنی خوشگوزەرانی چی دیكەی لێ چاوەڕێ دەكرێت؟
ئەی ئەو دژایەتیی كردنە لە پای چی؟
یەك وەڵامی سادە و ساكار هەیە كە هەموو كەسێكی ژیر دەتوانێت پەی پێ ببات، ئەویش ئەم رستەیەیە( ئێمە ناچەمەین، مردن هەڵدەبژێرین سەر شۆڕ ناكەین)، رستەیەك كە قووڵاییەكەی لە كەلتووری شێخ عەبدوڵسەلام بارزانییەوە چەكەرەی كردووە و تا ئێستا و بۆ داهاتووش بەردەوام دەبێت.

































































