غەمگین بۆڵی
شەوەکان هەر چەند درێژتر ببنەوە
بەشی خەمەکانی من ناکەن
ڕۆژەکان ھەرچییەکیان لەگەڵ خۆیان هەڵگرت بێت
ئێوارە دەستی سێبەری مرۆڤەکان دەگرێت
هەر بە پێش تەمەنمان خێرا تێدەپەڕن
برینەکانم هێندە زۆر بن سەریان لە هەوریش سپی بێت
هێشتا لە سنگی کەس ئەشکی حەسرەت نابارێنم
بەردە موونەرمەکان لە پیاوەتی هیچ ژنێک بار ناکەم
ئازارەکان چەکەرەیان گرتووە
ساڵەهای ساڵە لەسەرم دەژین
پرچم بەر لە پەڵەی بەهار
بەفرێکی تووڕەی بەسەر داباری
ئەوانەی پێم گوتی
لە گوێتدا تەقەتت نەکردن
ئەوانەی نەمگوتوون
پێویستییان بە دەنگی بەرزە
تۆ کە دڵت ژانی گرت
زمان وەک فیشەک دەنگی دێت
دەنگی من، شیعری منە
شیعری من، ژیانی منە
ژیانی من، بەکەڵکی ئەوە نایەت
وەک ترومبێلێکی بارهەڵگر خۆتان پێوەی هەڵبواسن.
ئەوە شیعری منە
ئەوە ژیانی منە.
ئەو نهێنییە تەقەت ناکرێ
ئەو هاوارە لە دڵی کەسدا ناشاردرێتەوە
ئەو چیڕۆکە پڕ چیڕۆکە
ئەوەتە بەسەر هەموو نوقتەکان باز دەدات
ناهێڵێت کۆتایی خۆی بخواتەوە
ئەو کەسێکە عاشق بە فۆنتی قەڵەوی ئەلی دڵدار
ئەگەر هەڵەم بەنووسین نەکرد بێت
ئەو ڕەشییە سپی مەکەوە
ئەو ناھێڵێت خوێنی ڕەشی ئەو
بڕژێتە دەماری ساڵەکانی بێ بارانەوە
گۆشتی دەستی خۆی دەخوات
ناهێڵت چیڕۆکی ئەو ئەڤینە خواروخێچە
بە دڵی ناکەسبەچەکان تەواو ببێت.
تۆ کێی دەتەوێت ئەوەندە بمشکێنی
پارچەکانم نەناسمەوە؟
من کێم دەمەوێت ئەوەندە عاشقت بم
لەسەر تۆ خۆم سەرزەنشت بکەم؟
لە ژێر سایەی ئەو عەشقەدا
خوێنی خۆم وەک شەڕابی دەستی سەرخۆشان دەخۆمەوە
هەر ناهێڵم کوژرانم بەبێ دۆڕانت ببینیت
لە پێشم بخەیت
ھەنگاوم کوێر بکەیت
بەهێمای لەپی دەستەکانم
بە زایەڵەی مەراقگرتووی دەنگم
دەمناسنەوە
دەتناسمەوە
ھەڵدەستمەوە.
بزانە چیڕۆکی تۆ درێژەی هەتا کام خەتە
چۆن ڕووداوەکان سەرەوگێڕ
گێژ دەخۆنەوە
گێژ گێژ سەرهاتەکان قڵپ دەکاتەوە
بزانە ئەو سەرەتایە، سەرەتای هیچ نوقتەیەک دەخوازێت
بزانە چۆن کۆتایی خۆی دەخواتەوە
پەیڤەکان کۆتا پەیمان بوون
وشەکانت مۆرانەن، خۆیان دەخۆنەوە
پیتەکان دەلەرزن.
پەنجەکانم دەلەرزن
دڵم ئەوەندە خراپ لێ دەدات،
هەر دەڵێی ناگەمە کۆتایی ئەو شیعرە
دووبارەی دەکەمەوە
پەنجەکانم دەلەرزن
لەناو ئازاری ڕەشی ئەو شەوانەدا
خەونەکان گینگڵ دەدەن
ئەوەتە دەستەکانی تۆیش نالەرزن
دەیانەوێت ئیمزای سیاپۆشی هەتاهەتایی ڕۆژی یەکتربینین بکەن
بینینەکان غم بن
بینینەکان بکەونە پاش ڕستەی بەتاڵی فاریزە
بینینەکان بکەونە پاش تروسکایی چاو
بینینەکان بکەونە پاش ترپەی دڵ
دواجار بینینەکان نابینرێنەوە
دواجار ئەو ئێوارە تاریک و نەفرەتییە هات
بۆت بنووسم:
دڵت بۆنی کێی لێ دێت؟
(2)
وەک کیسەڵێکی غەمبار دەچمەوە ناو خۆم
بە هێواشی لەناو شیعر دەژیم
من لە دەرەوەی خۆم
شاعیرێکی دەستوپێ سپیم
تەنیا دەتوانم لەناو پەیڤەکانمدا بەڕاستی بژیم
لە ناشوێنیش بۆ زەوییە پیسەکان ناگەڕێم
لە ناکەسیش لە ناکەسبەچەکان ناگەڕێم
تاڵیی ژین
قاچەکانم مەست دەکا
هەنگینێش دەتوانم بەناو تاریکیی شەو
شەوی ناسۆری خۆم
هەنگاو بنێم و
بەسەر ڕووناکیی ڕۆژەکانی هیچ کەسێکدا بەرنەبمەوە.
ئێستانەکینێ ڕێگەکانم کورتتر کردوونەوە
تەمەنم بەشی کاتە بەتاڵەکانی کەس ناکات
بەدوای پارچەکانی خۆم دەگەڕێم
دەرەوەی شاعیرە ……. کان
زۆر
لە ناوەوەی سیاسییەکان هەنارێکی بۆگەنترە
زۆر.
ئەم ڕۆژانە دەرەوە بۆن بۆگەنی لێ دێت
ئەم ڕۆژانە بۆ ئەوە باشن
بۆ پرسەی خۆمان گۆرانی بڵێین و
بۆ ئەو ژیانە باقوبریق و ماسکدارە
جڕت لێدەین.

































































