” ژیانمان لە بێ رێزی دەستی پێكرد بە جیابوونەوە كۆتایی هات”
داوامان لە ژمارەیەک هاوسەر کرد کە ئامۆژگارییەکانیان بۆ هاوسەرگیرییەکی تەندروست باس بکەن. لێمان پرسین حەزتان دەكرد پێش هاوسەرگیری چیتان بکردایە بۆ ئەوەی زیاتر ئامادەبن بۆ دەستپێکردنی ژیانی پێکەوەیی، هەر یەكەوە بۆچوونێكی هەبوو. لێرە هەندێك لە بۆچوونەكانیان دەخەینەڕوو، بۆ ئەو گەنجانەی دەیانەوێت هاوسەرگیری بكەن.
رەخشان رەسول، ئافرەتێكی تەمەن 26 ساڵەیە و خاوەن 3 منداڵە، لە تەمەنی 19 ساڵی هاوسەرگیری كردووە، وەك خۆی باسی كرد بەر لە هاوسەرگیری باوكی منداڵەكانی بە باشی نەدەناسی، بۆیە تا یەكترمان بە باشی ناسی كاتی ویست.
ئەو خاتوونە لەمبارەیەوە دەڵێت ” پەیوەندیکردن ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە ژیانی هاوسەرگیریدا و لە ساتەوەختی یەکترناسینەوە دەست پێدەکات. بەو پێیەی دەتەوێت لە ئایندەیەکی نزیکدا خێزانێک پێکبهێنیت، بۆیە پێویستە كچ و كوڕ لەسەر هەموو شتێک بە ڕوونی و شەفافانە لەگەڵ یەکتردا قسە بکەن، ئەمەش كاتێك زەمینەی باشتری بۆ دەرەخسێت كە پیشتر بە باشی یەكتر بناسن و شەرم نەبێتە هۆكاری سنووردار كردنی هیوا و مەبەستەكان، بۆیە واباشترە بەر لە هاوسەرگیری ئاشانایەتی قوڵتریان هەبێت جیاواز لەگەڵ كەسانی دیكە”.
هەندێك لەو كەسانەی چەند ساڵە هاوسەرگیریان كردووە، بەهۆی پەروەردە، هەڵسووكەوت، ئادات و ژمارەیەك یاسایی خێزانی ئەوی دیكە تووشی شۆك هەندێكجاریش تووشی كێشە دەبن، راهاتن لەگەڵ ئەو بابەتانە كاتی دەوێت.
خەلیل موخلیس كە چەند ساڵە هاوسەرگیری كردووە، لەمبارەوە دەڵێت ” دوو خێزان كە لە دونیا بینین و ڕەفتار جیاوازیان هەیە، منداڵەكانیان لە ماوەی 20 ساڵ بەشێوەیەك خۆیان لاپەسەند بووە پەروەردە و ئامادە كردووە، كاتێ دچێتە ناو بنەماڵەیەكی دیكەی زۆر جیاواز تووشی شۆك دەبێت و ئەگەر زەمینە سازی بۆ ئاسایی بوونی ئەو بابەتە نەكرێت دەشێ ببێتە كێشە، بۆ نموونە كچ یا كوڕێكی لەسەر بنەمایی تووندی ئایینی پەروەردە نەكرابێت، بچێتە نێو خێزانێكی زۆر پابەندەوە، هەر لە جل وبەرگ پۆشینەوە تا شێوازی دەربڕین، هاتن و چوونیشی دەبێتە جێگەی سەرنج، ئەگەر پێشوەختە یەكتر ناسینی خێزانی هەبێت بێ گومان ئەم جۆرە لێكتێنەگەیشتنانە ناهێنە پێش، زووتر چارەسەر دەكرێت، ئەمەش بە ناسینی پێشینەی كچ و كوڕەكە دەبێت”.
زۆرینەی ئەو ژن و پیاوانەی پرسیارمان لێكردن، یەكتر ناسینی پێشوەختەیان بە هۆكارێكی سەرەكی سەركەوتنی ژیانی هاوسەری دانا.
سۆران حەسەن، دوای 2 ساڵ هاوسەرگیری تەنها بە هۆی ناو لێنانی یەكەم منداڵیانەوە تووشی كێشە دەبێت، ئەو بە زاری كرمانجی گووت ” بنەماڵەكەمان زۆر پابەندی بابەتە ئاینییەكانن كاتێ یەكەم منداڵمان هاتە دونیا، كەسوكاری من گوشاریان دەكرد ناوێكی ئاینی بۆ بدۆزینەوە، هاوسەریشم رازی نەبوو، دەیگووت ناوێكی سەردەمیانەی بۆ دادەنێین، ئەمەش بووە كێشە، ئەگەر زووتر ئەم بابەتانەمان لەگەڵ یەكتر باس كردبایە و رێككەوتباین، ئەم كێشەیە هێندە مەزن نەدەبوو، تا بگاتە ئەو ئەندازەیەی ماڵی ئێمە بڵێن ناوی ئاینی لە منداڵەكەتان نەنێن هاتووچۆمان نەكەن و نابێ قسەی ژنەكەت بەسەر ویستی ئێمە زاڵ بێت”.
سۆران هۆكاری گەورە بوونی ئەم بابەتی بۆ ئەوە گێرایەوە كە پێش هاوسەرگیری بە باشی یەكترمان نەناسی و گفتووگۆمان لەسەر داهاتووی ژیانمان نەكرد، بۆیە ئێستا رووبەڕووی ئەمجۆرە بابەتانە دەبینەوە و دەبێ رێگە چارەیەك بۆ ئەم لێكتێنەگەیشتنە بدۆزمەوە”.
“هەبوونی هاوسەرگیرییەکی تەندروست دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە سەرەتاوە چەندە وەبەرهێنانی تێدا دەکەیت، بۆ ئەمەش ڕاوێژكردن بە كەسانی پسپۆڕ دەتوانێت یارمەتی دەربێت بۆ گەشەکردن، فێربوون و باشترکردنی پەیوەندییەکان هەر لە قۆناغە سەرەتاییەکان تا كۆتایی” ئەمە قسەی (شوان تارق)ی كۆمەڵناسە كە بۆمان دوا و پێشنیاری كرد كچان و كوڕان بەر لە هاوسەرگیری بیر لە راوێژ بكەنەوە لەگەڵ كەسانی شارەزا. ئەم كۆمەڵناسە زیاتر دواو گووتی ” ڕاوێژکاری تەنها بۆ هاوسەرە کێشەدارەکان نییە، بەڵکو بەشداریکردن لەم جۆرە دانیشتنانە دەبێتە هۆی بەهێزبوون و باشترکردنی ژیانی هاوسەرگیریت، زۆر گرینگە بەر لەوەی گیرۆدەی كێشەی خێزانی یا كۆمەڵایەتی بی لە چەندین كۆبوونەوە و دانیشتنی ئەم بوارە بەشداری بكەیت، یا لایەنی كەم چەندین كتێب لەسەر ئەم بابەتە بخوێنییەوە”.
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گرفت و دەمەقاڵی و دواجار لێكجیابوونەوە ڕەگ و ڕیشەی لە بوددجەی داراییەوە هەیە، بۆیە زۆر گرینگە بەر لە پڕۆسەی هاوسەرگیری ئەم بابەتە بە باشی لێكدانەوەی بۆ بكرێت لەلایەن هەردوو لاوە، بەڵام زیاتر لە لایەن كوڕەكەوە لەبەر ئەوەی لە كۆمەڵگەی كوردستانی دواجار پیاو ئەركی بەڕێوەبەردن و بەخێوكردنی لە ئەستۆیە.
شێروان ئیبراهیم، یەكێكە لەو گەنجانەی بەهۆی خراپی باری داراییەوە دوای 4 ساڵ لە دایكی تاقە منداڵەكەی جیابۆتەوە، ئەو لەمبارەوە زیاتر دوا و گووتی ” بەهۆی ئەوەی بەر لە هاوسەرگیری زۆر بە وردی هاوسەر و بنەماڵەكەیانم نەناسی، و تەنها لە پەیوەندی ئاسایی قسەمان لەگەڵ یەكتر كردبوو، بڕیاری هاوسەرگیرماندا، دواتر بۆم ئاشكرا بوو كە ئەوان لە رووی داراییەوە زۆرجیاوازن لەگەڵ ئێمە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی نەتوانم بە پێی ویستی و حەزەكانی هاوسەرم پارە پەیدا بكەم و خەرج بكەم، خزمانی ئەو دەهاتنە سەردانمان و زۆرجار تانەی ناخۆشیان لێدەدا، ئەمەش بووە سەرەتایەك بۆ درووستبوونی ناكۆكی لە نێوانمان و دواجار لە بێ رێزی دەستی پێكرد و بە جیا بوونەوە كۆتایی هات، ئەمەش دوای لەدایك بوونی تاقە منداڵەكەمان”.
كۆمەڵناس شوان تارق، دەڵێت” لە کاتی ئامادەکاری پێش هاوسەرگیری بۆ کوڕان و کچان، پێویستە مرۆڤ گرینگی بە پێوەرەکانی هاوسەرگیری سەرکەوتوو بدات، کە بریتین لە: ئاستی زانیاریتان تاڕادەیەک وەک یەک بێت، بتوانن بە ئاسانی دیالۆگ بکەن، کۆدەنگییەییان هەبێت لەسەر چۆنییەتی پەیداکردن و خەرجکردنی پارە، بابەتی دارایی بە جددی وەربگرێت. لە ژیاندا ئەولەویەتێکی هاوشێوەیان هەبێت، هەردووکیان ڕاستگو بن. لێکچوونیان لە پرۆسەی بڕیاردان هەبێت. ڕابردووی یەکتر بناسن (گشتییەکان نەک وردەکارییەکان). یەکڕیزی بیروڕا سەبارەت بە منداڵ (ژمارەی منداڵ و چۆنییەتی پەروەردەکردنیان). کۆدەنگی لەسەر ئەوەی لە کوێ بژین، چۆنییەتی پەیوەندی لەگەڵ هاوڕێ و خێزان”.

































































