د. ئازا كامەران – زاری كرمانجی:
كە دەڵێین پایتەختی وەرزشی مەبەستمان لەو شارەیە لە بواری وەرزشدا بە شێوەیەكی گشتی ڕۆڵێكی كاریگەر و بەرچاو دەگێڕێت لە وڵاتدا، لە هەمان كاتدا ئەم شارە لە لایەن حكومەت ئامادە دەكرێت بە ژێرخانێكی بەهێز لە یاریگا و هۆڵی وەرزشی بۆ یارییە جیاوازەكان و فەراهەم بوونی لایەنی مرۆیی و دارایی گونجاو بە تایبەتمەندی پێشكەوتوو.
بێگومان ئەوەی باس دەكەین خەون نیە و حكومەتی هەرێم دەتوانێت بیكات بە ڕاستی لە هەرێمی كوردستان، ئەم هەنگاوە گرنگەش لە داهاتوو دەرەنجامی ئەرێنی لێ دەكەوێتەوە بە تایبەت هۆكارێكی بەسوود دەبێت بۆ لاوەكان و پێشكەوتنی سێكتەری وەرزشی.
سنووری ئیدارەی سۆران بە تایبەتمەندییە سروشتی و جوگرافییەكەی، هەروەها بە هەڵكەوتەی ڕۆشەنبیری وەرزشی بەرزی خەڵكەكەی، وەك باشترین و لەبارترین شوێن بۆ بوون بە پایتەختی وەرزشی هەرێمی كوردستان دەبینرێت، بەڵام ئەو كاتەی ئەم شارە بە شێوەیەكی چاك و مۆدێرن ئامادەبكرێت لە هەموو بوار و لایەنەكانی وەرزشییەوە، كە ئەمەش لە زۆربەی وڵاتانی پێشكەوتووی جیهان كاری لەسەر كراوە و “پایتەختی وەرزشی” بنیادنراوە و بوونی هەیە هەر وەك نموونەی شارەكانی لۆس ئەنجلۆس لە ئەمریكا و میلان لە ئیتاڵیا و مانچستەر لە بەریتانیا و دەیان شاری دیكە لە وڵاتانی جیهان كە ئەو شارانە پایتەختی وەرزشین لە وڵاتەكەیان و زۆرترین چالاكی وەرزشی لەم شارانە ئەنجام دەدرێن بۆ زۆربەی یارییەكان.
شاری سۆران بە هەبوونی سنوورێكی جوگرافی بەرفراوان، پێكهاتوو لە سروشتێكی جوان و دڵگیر و كەش و هەوایەكی پاك و بێگەرد بایەخێكی زۆری هەیە، چونكە لەم سەردەمە كە ژینگە بەرەو پیس بوون چووە و لە هەندێ شاری عێڕاق و كوردستان چەندین ڕۆژ لە ساڵێكدا خۆڵبارینە، بۆیە بە هۆی گۆڕانكارییەكانی كەش و هەوا ئەم بابەتە زۆر گرنگە لەبەرچاو بگیرێت و بكەوێتە بواری جێبەجێ كردن.
هەروەها شاخ و چیا بەرزەكانی سنووری ئیدارەی سۆران، ڕووبارە جوانەكان و بەهارێكی سەوز، دەرفەتی بێوێنەی بۆ ئەو یارییە وەرزشییانە ڕەخساندووە كە لە نێو سروشت ئەنجام دەدرێن هەروەك یارییەكانی شاخەوانی، بایسیكڵسواری، مەلەوانی و یارییەكانی بەلەم و سكی و خلیسكانێی سەربەفر، ڕاكردن لە نێو سروشتە دڵفڕێنەكەی.
بۆیە سروشتی ئەو دەڤەرە دەرفەت بۆ بنیادنانی چەندین پڕۆژەی وەرزشی گەورە دەڕەخسێنێت كە پێویستە لەم ناوچە دروستبكرێت، هەروەها لەم سنوورە بەرفراوانە چەندین یانە و دامەزراوەی وەرزشی هەیە كە هەریەكەیان تایبەتمەندی و چالاكی وەرزشی جۆراوجۆر ئەنجام دەدات دەتواندرێت سوودیان لێ وەربگیرێت.
لە لایەكی دیكەوە ئەگەر سەرنج بدەین سنووری ئیدارەی سۆران خاوەنی ژمارەیەكی بەرچاوی یاریزانی لێهاتوو و بەتوانایە لە یارییە جۆراوجۆرەكانی وەرزشدا، ئەم سەروەتە بە بەهایەی وەرزشوانان لە ڕوویی مرۆییەوە بناغە و بنچینەیەكی پتەوە بۆ پەرەپێدان و پێشكەوتنی وەرزش لە ناوچەكەدا.
بێگومان شاری سۆران بە هەبوونی شوێنی شیاو و گونجاو دەتواندرێت دەوڵەمەند بكرێت بە دروستكردنی یاریگای یاری جۆراوجۆر و هۆڵ و مەلەوانگەی ئۆڵمپی و وەرزشی مۆدێرن، جگە لەمەش بنیادنانی ئەكادیمیا بۆ زۆربەی یارییەكان بە پشت بەستن بە كەسانی بەئەزموون و ئەكادیمی و ناوەندی ڕاهێنانی تایبەت بۆ یاریزانەكان و ڕاهێنەران و ناوبژیوانان.
بە دڵنیاییەوە سنووری ئیدارەی سۆران هەموو پێداویستییەكانی هەیە بۆ ئەوەی ببێتە پایتەختی وەرزشی هەرێمی كوردستان، بە ئەنجامدانی ئەو پڕۆژەیە شارەكە لە ڕووی گەشەی ئابووری و كولتووری پێش دەكەوێت.
پایتەخت كردنی شاری سۆران وەك ناوەندێكی وەرزشی كوردستان دەتوانێت بۆ وەرزشوانانی شارەكانی دیكەی هەرێمیش سوودی لێ وەربگیرێت لە چالاكی وەرزشی و پاراستنی تەندروستی كۆمەڵگە بە شێوەیەكی گشتی.
هەروەها لە بواری گەشتیارییەوە، ئەو پڕۆژەیە هۆكارێكی ئەرێنی دەبێت بۆ ڕاكێشانی میوان و گەشتیارانی ناوخۆیی و دەرەكی لە ڕێگای وەرزشەوە خەڵكی زیاتر حەز دەكەن سەردانی بكەن و لە چالاكییە وەرزشییەكاندا بەشداری بكەن.
جگە لە مەش لە لایەنی ئابوورییەوە، ئەم پرۆژەیە دەتوانێت سەرچاوەی داهاتی جۆراوجۆر بێت بۆ لاوەكان و دەرفەتی كار دەڕەخسێنێت، هەروەها بازرگانی خۆماڵی و ناوخۆیی گەشە دەكەن بە شێوەیەكی گشتی.

































































