زاری كرمانجی – سۆران:
فێرگەی وەرزشی ئافرەتان لە یارییە جیاوازەكان و بە تایبەت لە یاری تۆپی پێ لە قەزای ڕواندز گرنگییەكی زۆری هەیە لە گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی و كلتووری یاریزانەكانی ناوچەكە، ئەم فێرگەیە نەك تەنها وەك ناوەندێك بۆ فێربوونی وەرزش كار دەكەن، بەڵكو هۆكارێكن بۆ بەرەوپێشچوونی ئافرەتان لە كۆمەڵگادا.
یەكێك لە گرنگترین لایەنەكانی فێرگەی وەرزشی بریتییە لە بەدەرخستنی توانای ئافرەتان بۆ بەشداریكردن لە چالاكییە وەرزشییەكان لە هەرێمی كوردستان، بە دڵنیاییەوە ئەم فێرگە و ئەكادیمیا وەرزشییانە دەرفەت و هەلی گونجاو دەڕەخسێنن لەبەردەم ئافرەتان تا بتوانن پەرە بە توانای خۆیان بدەن و بەهرەكانی خۆیان پیشان بدەن، جگە لەمەش ئەم ئەكادیمیا وەرزشییانە كاریگەرییەكی ئەرێنی لەسەر تەندروستی جەستەیی و دەروونی ئافرەتان بە شێوەیەكی بەرچاو دروست دەكەن.
لە ئێستادا فێرگەی تۆپی پێی كچانی یانەی وەرزشی ڕواندز دەستی بە ڕاهێنان كردووە كە چەند ڕۆژێك بۆ مەشقەكانیان دەڕۆنە یاریگای یانەكەیان لە بانەزێوك بە سەرپەرشتی ڕاهێنەرانی خاوەن ئەزموون وەرزش دەكەن، ژمارەی یاریزانەكانیان نزیكەی ٢٥ یاریزان و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ یاریزانی زیاتر ڕوو لەم وەرزشە دەكات كە ئەمەش ئامەژەیەكی ئەرێنییە بۆ پێشكەوتنی بواری وەرزش لە قەزای ڕواندز بە تایبەت بۆ ئافرەتان، هەروەها لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە، فێرگەی كچانی یانەی وەرزشی ڕواندز لە یاری تۆپی پێ وەك ناوەندێك بۆ كۆبوونەوەی ئافرەتان كار دەكات و دەرفەت بۆ دروستكردنی پەیوەندی نوێ و بەهێزكردنی پەیوەندی نێوان ئافرەتان دەڕەخسێنێت.


































































