” مامەڵەی عێراقی بە ناو فیدڕاڵ هەمووكات پێشێلكردنی دەستوور و گرتنەبەری ڕێچكەی خراپ بووە بەرامبەر هەرێمی كوردستان “
راپۆرت-زاری كرمانجی
نووسەران چاودێرانی سیاسی لە ڕاپۆرتێكی زاری كرمانجی تیشكدەخەنە سەر نیاز پاكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پابەند نەبوونی حكوومەتی عێراق بەرامبەر بە دەستوور و پێشێلكردنی ماف و شایستە داراییەكانی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان.
هادی باڵەیی، نوسەرو چاودێری سیاسی بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: “مامەڵەی عێراقی بە ناو فیدڕاڵ هەمووكات خراپ بووە لەگەڵ هەرێمی كوردستان، تایبەتتر پەرەسەندنەكانی ئەو دواییەی عێراق بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان جێگەی نیگەرانی و هەڵوێستە لەسەركردنە. بەردەوامی پێشێلكردنی دەستووری عێراق و پابەندنەبوونی بە ڕێككەوتنەكان و كێشە دروست كردن و نەدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، مەترسی ناسەقامگیری و دوبارە سەرهەڵدانەوەی گرژی زیاترو بڕیاری كشانەوەی بەشی گەورەی كورد لە پڕۆسەی سیاسی عێراق و دابەشبوون لەنێوان پێكهاتە سەرەكییەكان ئەنجامەكەی دەبێت”.
ئاماژە بەوەشدەدات: ” لەگەڵ شەڕ و گرژیەكانی نێوان ئیسرائیل و ئێران و ئەو گۆڕانكاریە جیۆپۆلۆتیكیەی كە بۆ ناوچەكە بەڕێوەیە، دەبوایە عێراق شێوازێكی گشتگیر و هەمەلایەنە بۆ بەڕێوەبردنی عێراق و مامەڵەیەكی دروستتر بۆ نیاز پاكییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پیشكەش بكات كە پێوێستیەكی بەپەلەیە بەڵام نەیكرد، ئێستا لەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێویستە بەردەوام سكاڵا بۆ نەتەوەیەكگرتوەكان و ئەنجومەنی ئاسایش بەرزبكاتەوە بەرامبەر بەردەوامی پێشێلكاری دەستوور و بڕینی شایستەداراییەكان و موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە لایەن عێراق.”
دەشڵێت: ” مووچە منەت نییە و شایستەیەكی دەستووری و مرۆییەو بە دەستوور و یاسا بۆ فەرمانبەران زامنكراوە، دواخستنی یان راگرتنی سزایەكی بەكۆمەڵە كە هیچی كەمترنییە لە كۆمەڵكوژی و ئەنفال و كیمیا بارانكردن”.
لەكۆتایدا هێما بۆ ئەوە دەكات: ” لەبەرامبەردا حەق وایە خەڵكی كوردستان بەگشتی ناڕەزایەتی بەرامبەر پێشێلكاریەكانی دەستوور دەرببڕێ و داوای چارەسەری ریشەیی و هەمیشەیی بۆ كێشەی مووچەو شایستەداراییەكانمان لە عێراق بكەین و داواش لە سەرۆك كۆمارو وەزیرە كوردەكان بكرێ لە حكومەتی عێراق، هەڵوێستی روون و راشكاوی خۆیان رابگەیەنن دژی ئەو غەدرەی لەهەمبەر فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و حكومەتەكەمان ئەنجام دەدرێت.
د. سانع شەریف پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە فاكەڵتی یاسا و زانستە سیاسییەكان و بەڕێوەبردن لە زانكۆی سۆران، بەزاری كرمانجی ڕاگەیاند: ”حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی زیاتر لە دەسەڵاتدارانی عێراق جەخت لەسەر پابەندییە دەستوورییەكان، یاسایی و داراییەكان دەكاتەوە، بەواتایەكی تر هەر لەسەرەتای كابینەی نۆیەمدا پەرۆشی خۆی بۆ جێبەجێكردنی دەستوور هەم بە ڕووی دەسەڵاتدارانی عێراق هەم بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ حكوومەتی عێراق، لە ناویشیاندا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، دووپات كردەوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی عێراق هەمیشە (إخلاو التزام بالدستور)یان كردوە و پابەندی نەبوون.
ئاماژەی بەوەشدا: “ئەوەی كە لە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان مەترسیی ترە بەشێك لەو لایەن كوردییانەی لە پەرلەمانی بەغدا سوێندی یاساییشیان خواردووە كە لە ڕووی دەستووری پێی دەوترێت (الیمین الدستوریە)و خەڵك دەنگیان پێداوە، بەڵام ئامادە نین بێنە ناو كۆبوونەوەیەكی نیشتمانی هەرێمی كوردستان تا بەیەكڕێزی و بە هێزەوە لە بەرامبەر پێشێلكردنی دەستوور و ئەو زولمەی لە مووچەخۆران دەكرێت بوەستنەوە. ئەمە لە كاتێكدایە، دۆخی ئێستای عێراق لە هەموو كاتێك بۆ هەرێمی كوردستان گرنگترە و پێویستی بە یەكڕێزی لایەنەكانی كوردە.”
ئەوەش دەخاتەڕوو : “ئەم خۆدزینەوەی بەشێك لەو لایەنانە و پەرلەمانتارە كوردانە كە خۆیان بە بەرگریكار لە مافی خەڵكی هەرێمی كوردستان لە بەغدا دەزانی، لەلایەكی ترەوەش دژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوون پێچەوانەی بنەمای كاركردنیان و نیشتمانی و دوو ڕوویانە لە بەرامبەر مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لێدوان دەدەن. ئەمانە ئەگەر زیاتر هۆكاری نەناردنی مووچەی مووچەخۆران نەبوو بن هیچ كاتێك بەرگریكردن نەبووە لێیان.”
ئەوە مامۆستایەی زانكۆ: “دەشڵێت: “حەقە خەڵكی كوردستان بپرسن ئایا ئەم هەڵسوكەوتەی ئەوان ناچێتە چوارچێوەی پشتكردن لە مافەكانی خەڵكی كوردستان و مووچەخۆران ئایا ئەو ڕەفتارەی ئەوان دوو ڕوویی نییە لە كارەكانیان؟ ئایا ئەوان ڕاستگۆن لە ئاستی كاری پیشەیی پەرلەمانتاری خۆیان یان یاری بە سۆزی مووچەخۆران و خەڵكی كوردستان دەكەن؟
گووتیشی: “پێموایە ناتوانرێت لە بیربكرێت كاتێك هەندێك لەو نوێنەر و لایەنە كوردانە لە بەغدا و هەرێمی كوردستان بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە دابەشكردنی مووچە لە ژێر كۆنترۆڵی بەغدا سەقامگیری مووچەكانیان مسۆگەر دەكات. ئەمڕۆ ئەو ئیدیعایەی ئەوان لە وێرانەدایە. حكوومەتی عێراقیش بەرداوەمە لە ئازاردان و نەناردنی مووچەی مووچەخۆران و پێشێلكردنی دەستوور.

































































