زاری كرمانجی:
بەرهەمە خۆماڵیەكان ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو، نرخیان زۆر دابەزیووە و جوتیارانی سنووری ئیدارەی سۆران داوا دەكەن بەرهەمەكانیان هەناردە بكرێن و بەشێكی زۆری جوتیارانیش نیگەرانن لە نزمی نرخی بەرووبومی بەرهەمی ناوخۆ لە بازاڕدا، لەم ڕاپۆرتەدا چەند جوتیارێك بۆ زاری كرمانجی باس لە بەرووبومی ناوخۆ دەكەن.
جومعە كازم، جوتیارە لە سۆران، دەڵێت، لە سنووری ئیدارەی سۆران بە شێوەیەكی گشتی بەرووبومی هاوینە زیاتر داچێندراوە بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، ئەمەش هۆكارە بەهۆی زۆری بەروبووم لە بازاڕدا وای كردووە نرخ داببەزێت، لەلایەكی دیكەشەوە، هاوردەكردنی ڕێژەیەكی زۆری بەروبووم لە دەروازە سنوورییەكان و لە خوارووی عێراق بۆ ناوخۆی هەرێم هۆكارێكی دیكەیە كە نرخی بەرهەمە كشتووكاڵییەكان لە بازاڕدا نرخ داببەزێت، ئەمەش كاریگەی ڕاستەوخۆی لەسەر جوتیاران دروستكردووە كە نەتوانن وەك پێویست بەرهەمەكانیان لە بازاردا ساغ بكەنەوە.
ئەو جوتیارە، دەشڵێت:” وەكو جووتیارانی هەرێمی كوردستان ئێمە داواكاریمان ئەوەیە كە بەرهەمی ناوخۆ گرینگی پێبدرێت و هەناردەی دەرەوە بكرێت، هەروەها ساردخانە دروست بكرێت بۆ ئەوەی بتوانین سوودی لێوەربگرین بەرهەمەكانمان بەهەدەر نەچن و هەروەها كاتێك بەرهەمی ناوخۆ پێ دەگات بەرووبوومی دەرەوە ڕابگیرێت و داخل نەكرێت.
حەمەدئەمین سورچی، جوتیارێكی نموونەییە دەڤەری بادینان، بۆ زاری كرمانجی، باس لە بەرهەمی كشتوكاڵی ئەمساڵ دەكات و دەڵێت:” بەرهەمە كشتوكاڵیەكان ئەمساڵ زیادی كردوە و زیاد لە پێویستی خواستی بازاڕەكانی ناوخۆیە، جوتیاران توانای ساغكردنەوەی بەرووبومەكانیان نییە لە بازاڕەكان، ئەمەش بە هۆی زۆری بەرهەمەوە و كەمی كڕیاری .
دەشڵێت:” هەر یەك لە بەرهەمەكانی، شووتی و پیاز، تەماتە و خەیار، كاڵەك، ڕۆژانە نرخەكانیان لە گۆڕان و نزمی دایە، بەرهەمە ناوخۆیەكان لەگەڵ پێڕاگەیشتنیان نرخەكانیان بەرامبەر بەو بەرهەمە بیانیانەی كە لە بازاڕن نزمترن، ئەمەش بە هۆی نەبوونی پشتیوانی جوتیارانە لە لایەن وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان لە ساغكردنەوەی بەرهەمە ناوخۆییەكان و هەناردەكردن بۆ بازارە بیانیەكان.
ئەو جوتیارە، ئاشكراشی كرد:” زۆربەی ساڵەكان جوتیاران تووشی زیان دەبن و ناتوانن لەساڵانی داهاتوو بەرهەمەكانیان زیاتر بكەن، لە وڵاتانی جیهان گرینگیەكی زۆر بە كەرتی كشتوكاڵ دەدەن بە هاوكاری كردنی جوتیاران و بە لادانی باج لەسەر ئەو كەلوپەلانەی كە جوتیاران بەكاری دەهێنن و پێدانی قەرز لەلایەن بانكە كشتوكاڵیەكان و سەرپەرشتیكردنی جوتیاران و رێنمای پێدانیان.
ئیبراهیم لوقمان، جۆتیارێكی دەڤەری باڵەكایەتیە، بۆ زاری كرمانجی گووتی:” كێشەیەك كە جوتیاران ڕووبەروی بونەتەوە، فرۆشتنی بەرهەمەكانیانە، ئەو بەرهەمەی كە كردوویانە ترسی فرۆشتنیان لێ هەیە چونكە لە بەرامبەردا نرخێكی زۆر كەم وەردەگرن ئەمەش بەهۆی هاوردەكردنی بەرهەمی وڵاتانی دەورووبەرە بە نرخێكی كەمتر، كە كاریگەری نەرێنی لەسەر نرخی بەرهەمی ناوخۆی دروست دەكات، بۆیە داوا لە حكوومەت و وەزارەتی كشتوكاڵ دەكەین كە بازاڕێكی گونجاو فەراهەم بكەن بۆ جوتیاران كە بەرهەمەكانیان تێدا بفرۆشن.
ئیبراهیم لوقمان، گووتیشی:” جوتیاران پێییان وایە كە پێویستە حكوومەت هەنگاوی گرنگ بنێت بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆی و پاڵپشتی جوتیار بكات لەم كاتە قورسەدا، بۆیە داواكارین كە پشتگیری لە جوتیاران بكرێت بۆ ئەوەی تووشی زەرەری زیاتر نەبن تا بتوانن بەردەوام بن لە كارەكانیان،.
حاجی محەممەد، موختاری گوندی بێواس لە قەزای سیدەكان و ساڵانێكە كاری كشتوكاڵی دەكات، بە زاری كرمانجی، گووت:” ئەگەر لەكاتی پێگەیشتنی بەرهەم و بەروبوومی ناوخۆ، هاوردەكردنی بەرهەمی وڵاتی دیكە قەدەغەبكرێت، دەبێتە پاڵنەرێكی باش بۆئەوەی جوتیاران بەرهەمەكانییان بە ئاسانی و بە شێوەیەكی باش بەرز بێتەوە و ساغیبكەنەوە.
موختاری گوندی بێواس، گووتیشی:” پێویستە حكوومەت هاوكار و هاندەری جوتیاران بێت، ئەمەش دەبێتە بناغەی بنیاتنانی وڵات، بۆیە گەر بۆ پێشخستنی وڵات حكوومەت هەوڵی بۆ بدات دەبێت لە گرنگیدان بە كەرتی كشتوكاڵی و جوتیارانەوە دەست پێبكات، بۆ ئەوەی ببێتە وەرچەرخانێكی باش لە گرینگی بەرهەمی ناوخۆیدا”.
گووتیشی:” وەكو جوتیار ئێمە پێویستیمان بە ساردخانەیە تا بتوانین بەرهەمەكانمان بۆ وەرزەكانی دیكەش هەڵبگرین و لە بازاڕدا ساغیبكەینەوە، بەهۆی نەبوونی ساردخانە ناچارین هەموو بەرهەمەكانمان بەیەكجاری بفرۆشین و هیچی هەڵنەگرین.
لای خۆیەوە، تەها عەوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی گومرگی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” بەرهەمە خۆماڵیەكان زۆر دابەزیوون و وەك تەماتە و شوتی، بیبەر، بانجان و چەندین بەرهەمی تر، هۆكارەكەشی ئەوەیە كە هەناردە ناكرێت بۆ بازارەكانی دەرەوەی هەرێم، تاماتە سندووقی بە دوو هەزارە كەواتە هیچ بۆ جوتیار نامێنێتەوە، لە كاتێكدا وەرزەكانی دیكە نرخی تەماتە دووقات و سێ قات گرانترە .
زیاتر گووتی:” تاكو ئێستا بەرهەمەكانی دەرەوەی هەرێم ماون لە بازاڕەكان و ئەگەر ئەو بەرهەمانە كەم ببنەوە ئەوا بەرهەمی ناوخۆ نرخەكانی بەرز دەبنەوە، كەواتە دەتوانین بڵێین، هۆكاری سەرەكی نزمی نرخی بەرهەمە خۆمـاڵیەكان ئەوەیە كەهاوردە ناكرێت و لەناوخۆ زۆرە”.

































































